هەورامان نیوز
ماڵپەڕی هەواڵیی «ئاکسیۆس» هەواڵی پێشکەشکردنی یەکەمین پێشنیاری نووسراوی حکوومەتی ترامپی بە ئێران داوە، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی، لە چوارەمین گەڕی دانوستانەکانی نێوان هەردوو لادا.
بەگوێرەی «ئاکسیۆس»، سەرچاوە ئاگادارەکان بەم ماڵپەڕەیان ڕاگەیاندووە، لەمیانی دانوستانەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا، ستیڤ ویتکاف، نوێنەری ترامپ لەم دانوستانانەدا، بۆ یەکەمین جار پێشنیارێکی نووسراوی بە لایەنی ئێرانی پێشکەش کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەم پێشنیارەی بۆ تاوتوێکردن پێشکەشی عەلی خامنەیی، مەسعوود پزیشکیان و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئێران کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە ترامپ لە ڕیاز گوتی، «لقە زەیتوون» پێشنیاری ئێران کراوە، بەڵام هۆشداریی دا ئەم پێشنیارە بۆ هەمیشە لەسەر مێز نامێنێتەوە. ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە لە دۆحەش جارێکی دیکە جەختی کردەوە، زۆر لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران نزیک بووینەتەوە و ئێران «بەجۆرێک» پێی ڕازی بووە.
بە نووسینی «ئاکسیۆس»، لە گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی ئێران و ئامریکادا، عێراقچی پێشنیارەکانی ئێرانی پێشکەشی ویتکاف کردبوو. بەڵام ئەو بەهۆی زووبوونی کات و پێویستیی متمانەسازی، وەڵامی نەدابوونەوە. پاشان عێراقچی لە گەڕی سێیەمی دانوستانەکاندا، وەشانی نوێکراوەی پێشنیارەکانی خۆی پێشکەش کرد؛ ئامریکا ئەوانی تاوتوێ کرد. پاشان شارەزایانی تەکنیکیی ئامریکایی تێبینی و پرسیارەکانی خۆیان خستەڕوو، شاندی ئێرانی وەڵامی دانەوە و لە بەرانبەردا پرسیاریان ئاراستە کرا.
لە کۆتاییدا شاندی ئامریکایی، پێشنیارەکانی خۆی بە نووسراوەیی تەواو کرد و ڕۆژی یەکشەممە لە عومان لەلایەن ویتکافەوە ڕادەستی عەباس عێراقچی کرا. بە نووسینی «ئاکسیۆس»، ئەم پێشنیارانە سەرنجیان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ناسەربازیی ئێران و پێداویستییەکانی چاودێرییە. ویتکاف ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیارەکانی ئامریکای بە باش و بەرفراوان وەسف کرد.
هاوکات عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری خامنەیی، بە «ئێن بی سی»ی گوتووە، ئێران ئامادەی ڕێککەوتنە لەگەڵ ئامریکا، بەو مەرجەی ڕێگەی پێبدرێت بۆ مەبەستی ناسەربازی پیتاندن بکات و لە بەرانبەردا هەموو سزاکان هەڵبوەشێنرێنەوە.
لەکاتێکدا ترامپ لە قەتەر باسی لە خواستی خۆی کردووە بۆ تێوەنەگلان لە شەڕ لەگەڵ ئێران، دیپلۆماتکارانی ئێرانی و سێ وڵاتە ئەورووپاییەکەی ئەندامی «بەرجام» ڕۆژی هەینی لە ئەستەنبووڵ پاش دوو مانگ لەگەڵ یەکتر کۆدەبنەوە. ئەوان پێشتر هۆشدارییان دابوو، لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ، «میکانیزمی پەلەپیتکە» تا مانگی گەلاوێژ کارا دەکەن.
س: zagrosn.com