• هەواڵی بەپەلە

ئایا ئەدەبی کوردی بەرھەمی داھێنەرانەی نییە؟!

هەورامان نیوز

سەدیق سەعید ڕواندزی
پرسی سەرسامبوون تا ڕادەی خۆ بچووککردنەوە و شەرمکردن لە ئەدەبی نەتەوەیی خۆت، دیاردەیەکە و لە نێوەندی ئەدەبی کوردیدا ھەیە و دەشبێت. ئەمە دوو دیوی ھەیە، دیوێکی بەراوردکردنانەی ئەدەبییە، کە نییە یان دەگمەنە و دەبێ بابەتییانە و بەراوردکاریانە شڕۆڤە بکرێت، دیوێکیشی سایکۆلۆژییە کە ڕەنگدانەوەی ئەو داگیرکارییە فەرھەنگی و کەسی و کولتووریەیە، کە دوژمنانی کورد بە درێژایی مێژوو، پەنایان وەبەر بردووە و ھەوڵی ئەوەیان داوە، ڕەگی بچووکی و خۆ بە کەمزانی، لە ئاست ئەویتری نەیاردا، لە ناخ و ھزری مرۆڤی کورد بچەقێنن. سەرنج بدەن، خانی دوو سەد ساڵ بەر لە ئەوروپییەکان، باسی ناسیونالیزم و بناغەی نەتەوە لە مەم و زیندا دەکات (خوێنەر دەتوانێ بگەڕێتەوە سەر کتێبە گرنگ و نایابەکەی نووسەر و ئەکادیمی دیاری کورد، فەرھاد شاکەلی بە ناوی ناسیۆنالیزمی کوردی لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا) کە ھێشتا ناسیۆنالیزم وەک فیکر ھەر بوونیشی نەبووە. نالی زۆر بەر سەرھەڵدانی ڕۆشنگەری لە ئەوروپا، ڕوانگەیەکی رشۆنگەرانەی لە شیعردا ھەبووە، کە خوێنەران لەوەشدا بابگەڕێنەوە سەر کتیچبە نایاب و سەنگینەکەی مامۆستا ڕێبوار سیوەیلی. فەرھەنگ و ئەدەبیاتی کوردی، نەک ھیچی لە ئەدەبیاتی جیھانی کەمتر نییە، بەڵکو ھونەریتر و پڕ ماناتریشە. خوێنەران دەتوانن بچن بەرھەمی ئەو نووسەرانە بخوێننەوە، کە نۆبڵی ئەدەبییان وەرگرتووە. گرفتەکە ئەمە نییە، گرفتەکە خۆ بە کەمزانی و بچووکی ھەندێک لە بەناو سیاسی و نووسەرانی کوردە لە ئاست دوژمناندا .

لە نێوەندی ئەدەبی کوردیدا، چونکە بزاوتێکی پێچەوانە نییە کە بەرھەمە کوردییەکان وەربگێڕێتە سەر زمانە بیانییەکان،ھەروەھا خوێنەری کوردیش تەنھا زمانی کوردی دەزانێت و ناتوانێت بەزمانەکانی دیکە، بەرھەمەکانی نووسەرانی دنیا بخوێنێتەوە، ئیدی ئەو بۆشایە دروست بووە. سەرنج بدەن سەدان کتێبی بیانی وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی، بەڵام لە بەرانبەر ئەمەدا تازە ھەندێک بەرھەمی نووسەرانی کورد دەکرێنە فارسی و نووسەرانیش شاگەشکە دەبن، وەک ئەوەی ئەمە گەورەترین داھێنان بێت، لە کاتێکدا زمانی فارسی ھەم زمانێکی زۆر سادە و ئاساییە، ھەمیش لە ئاست زمانێکی وەکو ئینگلیزی و ئەڵمانی و ئیسپانی، وەک نەبوو وایە. ئێمە نەمانتوانیوە وێنەی ڕاستەقینەی ئەدەبیاتی خۆمان بە دنیا بناسێنین. ئەگەر وەرگێڕە زۆر و زەبەندەکانی کورد، زۆرینەی ھەرە زۆریان، کەمێک لە دەرەوەی ڕوانگەی بەرژەوەندی کەسی و تایبەتی خۆیانەوە، ئەدەبی کوردی و بەرھەمی نووسەرانی کوردییان وەربگێڕایەتە سەر زمانەکانی دیکەی دنیا، ئیدی ئێمە دەمانتوانی وێنەی ڕاستەقینەی ئەدەبی کوردی وەک ئەوەی کە ھەیە نەک وەک ئەوەی نەیارانمان دەیبینین، بە ھەموو دنیا بناسێنین. بەرھەمی نووسەرانی کورد لە ڕووی ڕۆمان، شیعر ، چیڕۆک و ژانڕەکانی دیکەش، نەک ھیچی کەمتر نییە، لە نووسەرانی دنیا بەڵکو زیاتریشە. باسکردن لەوەی ئەدەبی کوردی و ڕۆمانی کوردی وا نییە، ڕووی ئەوەی ھەبێت وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی دیکەی جیھانی، لە ڕاستیدا بێ ئاگایی و خۆ بە کەمزانییەکی گەورەیە لە ئاستی نەتەوەکانی سەردەست، کە ئەرکی ڕۆشنبیری کوردە، شەڕی ئەو کولتوورە و گرێ سایکۆلۆژییە بکات نەک نەزانانە و ترسنۆکانە و بوودەڵانە گەورەتری بکات! تۆ بَڵێی لەو ھەموو شیعر و چیڕۆک و ڕۆمانەدا، بەرھەمێکی شایستەمان نەبێت؟ سەرنج بدەن، چ بزاوتێکی گەورەی وەرگێڕان لە زمانەکانی دیکەی بیانی بۆ سەر زمانی کوردی ھەیە! بەڵام بە پێچەوانەوە، زۆر بە دەگمەن بەرھەمی نووسەرانی کورد وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی دیکەی دنیا، ئیدی چۆن نووسەرەکانمان و شاکارەکانیشیان، لە سەر ئاستی دنیا دەناسرێن؟ ڕۆمانی کوردی، ھیچی کەمتر نییە لە ڕۆمانە جیھانییەکان و دەکرێ بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بۆچوونەی من، خوێنەران بگەڕێنەوە سەر ئەو ڕۆمانە بیانییانەی کراونەتە کوردی، ئەو کات دەردەکەوێت کە ڕایەکەی ئێمە لۆژیکییە یاخود نا؟ بڕۆن بەراوردی شیعرە لیریکییەکانی ( نزار قەببانی ) و بە شیعرەکانی (فریدون بەرزنجی ) و ( ئەحمەد محمەد ) و (ئیسماعیل خورماڵی ) بکەن . بەراوردی شیعرەکانی (محمود دەروێش ) و (شێرکۆ بێکەس ) بکەن، بەراوردی شیعرەکانی ژنانی جیھانی بە شیعرەکانی ژنە شاعیرانی کورد بکەن. بڕۆن بەراوردی ڕۆمانەکانی (بەختیارعەلی) بە ڕۆمانی نووسەرە فارس و عەرەب و بیانییەکان لە ڕووی تێما، ڕووداو، گێڕانەوە بکەن. بڕۆن شیعری ئەو شاعیرانە بخوێننەوە کە براوەی خەڵاتی نۆبلن و دواتر شیعری شاعیرە کوردەکانیش بخوێننەوە، ئەو کات بۆتان دەردەکەوێت کە شیعری کوردی لە شیعری شاعیرەکانی براوەی خەڵاتی نۆبل زۆر جوانترو بە چێژترە؟! ئەو نووسەرەی دەڵێت کورد داھێنانی نییە و نووسەر و ئەدیبی گەورە و داھێنەری لێ ھەڵنەکەوتووە، لە ڕاستیدا نووسەرێکە گیرۆدەی ئەو گرێ خۆ بە کەمزانیەیە کە دەیان ساڵە دوژمنان ھەوڵی داکوتانی لە ناخ و بیرو کولتووری ئێمە دەدەن.

ئەدەبی کوردی نەک ھەر داھێنەر و داھێنان، ڕۆمانی وای تێدایە شیاوی ئەوە بێت وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی دیکەی دنیا، بەڵکو لە ڕووی بیر و ھزرەوە لە ئەدەبی جیھانیش ھزردارترە. لە سەرەتاکانی سەدەی بیست ، بێکەس و شێخ نووری ، دژی ئەقڵی کۆنەخوازی و پیاوسالارین، قانح ھەوڵی یەکسانی و نەمانی جیاوازی چینایەتی دەدات، کامەران موکری و زێوەر و ئەحمەد موحتارجاف باس لە نیشتمان پەروەری و گرنگی پەروەردە و خوێندەواری دەکەن. برایم ئەحمەد باس لە ڕاپەڕین و ئازادی و سەربەستی مرۆڤەکان لە ژانی گەل دەکات. ئێمە باجی بێ دەوڵەتی و سەربەخۆیی دەدەین، کە نیشتمانێکیش ھەمیشە ژێر دەستە و چەوساوە بێت، بێگومان زمان وکولتوور و فەرھەنگیشی ژێر دەستە دەبێت. لێرەوەش ئەرکی ڕاستەقینە و نیشتمانییانەی نووسەران و ڕۆشنبیران دەست پێ دەکات، کە ئەدەب و فەرھەنگی نەتەوەکەیان بە دنیا بناسێنن، نەک بڕوایان وابێت ئەدەبی کوردی و بەرھەمی نووسەرانی کورد بێ داھێنەر و ڕووی ئەوەیان نییە بە دنیا بناسێنرێن، چونکە ئەوە ئاوکردنە ئاشی دوژمنانە، کە ئەوانیش ھەر ئەوەیان دەوێت .

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ھەولێر ژمارە (٤٢٤٦) لە ٩/٢/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.

س: chra.tv

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here

بەناوبانگترین