• هەواڵی بەپەلە

ئومێد خۆشناو: بازاڕی لەنگە رێكدەخەینەوە

هەورامان نیوز

 بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، كۆبوونەوەی ئەندامانی لیژنەی بەدواداچوون و ڕێكخستنەوەی بازاڕەكان بەڕێوەچوو، بەمەبەستی داڕشتنەوەی میكانیزمێكی نوێ بۆ ڕێكخستنەوە و پەرەپێدانی بازاڕی لەنگەی هەولێر.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی كۆبوونەوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا دوای هەڵسەنگاندنی وردی ئەو ڕێكار و ڕێوشوێنانەی كە لە ماوەی ڕابردوودا بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گیانی و ماڵی كاسبكاران، بازرگانان و هاووڵاتییان گیرابوونەبەر، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی كرد و دووپاتی لە خێراكردنی تەواوی قۆناغەكان كردەوە، لە نزیكترین كاتدا دەست بكرێت بە پرۆسەی جێبەجێكردنی ڕیكخستنەوەی بازاڕی لەنگە بەشێوازێكی سەردەمییانە و مۆدێرن بەپێی ئەو پلانەی داڕێژراوە، بە جۆرێك كە هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بژێوی و بەرژەوەندیی كاسبكاران و هێشتنەوەی سیمای جوانی هەولێری پایتەختدا دروست بكات.
روونیشی كردووەتەوە كە پاراستنی ژیان، كار، گوزەران و كەسابەتی كاسبكاران لە سەرووی هەموو شتێك و لە پێشینەی سەرەكیی كارەكانی حكوومەتدایە، تەواوی ئەو هەوڵانە لە پێناو ئەوەیە كە هەولێری پایتەخت وەك شارێكی سەردەمییانە و مۆدێرن، بازاڕ و ناوەندە بازرگانییەكانی و شوێنە گشتییەكانی بە شێوازێكی شارستانی  و سەردەمییانە ڕێكبخرێنەوە.
بازاڕی لەنگەی هەولێر یەكێكە لە ناسراوترین و گەورەترین بازاڕە میلییەكانی شاری هەولێر، كە تایبەتە بە فرۆشتنی كاڵا و شتومەكی دەستی دوو (باڵە) و نوێ، ئەم بازاڕە بە سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ كڕینی جلوبەرگ، پێڵاو، كەلوپەلی ناوماڵ، ئامێری كارەبایی دەژمێردرێت و بە سەتان كاسبكار و دوكانداری تێیدا كار دەكەن.

س: wishe.net

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here

بەناوبانگترین