هەورمان نیوز
چاودێرانی سیاسی كورد رای دەگەیەنن، ئۆجەلان لە پەیامەكانی ئەمدواییەیدا بەهیچ شێوەیەك ناوی “كورد” ناهێنێت.
ماوەیەكە ئۆجەلان لە رێگەی شاندی دەم پارتی كە بە شاندی ئیمراڵی ناسراوە، پەیام بۆ رای گشتی توركیا دەدات، ئەوەی جێگەی سەرنجە جگە لەوەی لەڕووی فكرییەوە ئەو پێشنیارانەی دەیانكات مەترسین بۆ كورد وەك نەتەوە، ئێستە لە پەیامەكانیدا ئەوەندەی باسی پاراستنی كۆماری توركیا دەكات، ئەوەندە باسی مافەكانی كورد لەو كۆمارەدا ناكات.
كورد بۆ مافەكانی لە توركیا 100 ساڵە خەبات دەكات، تەنانەت بەبڕوای چاودێرێكی وەك سەمیرە عەبدوڵا لە مێژووی نوێدا بۆ مافی كورد، هێزەكەی ئۆجەلان بێشومار كچ و كوڕی كوردی تێدا شەهید بوون كە ئامانجیان بەدەستهێنانی مافی سیاسی بۆ كورد و ئازادكردنی زمان و كولتووری كورد بووە.
بەڵام ئۆجەلان لە دوای گیرانی، دەسبەرداری ئەو پاشخانە شۆڕگێڕی و نەتەوەیە بووە و ئێستە زیاتر لە خەمی كۆمارێكی بەهێزی توركیادایە كە ناوی ناوە كۆماری دیموكراتیك، بەڵام ئایا ئەوە بەدەست دێت؟
لەمبارەیەوە سەمیرە عەبدوڵا كە پسپۆری فەلسەفەی سیاسییە، گوتی، ئەوە زیاتر لە خەون دەچێت نەك راستی، چونكە كورد توانای بەدیموكراتكردنی دەوڵەتێكی گەورەی وەك توركیای نییە، ئەگەریش هێزی تریش لەمبارەیەوە یارمەتی بیرۆكەكەی ئۆجەلان بدەن، هێشتا گەرەنتی نییە كەی بەدەست دێت.
بۆیە بەبڕوای سەمیرە، كورد دەبێت بەدیاریكراوی داوای مافە سیاسی و نەتەوەیی و كولتوورییەكانی بكات، كورد دەبێت بەروونی داوای پاراستنی خۆی لە ناو توركیادا بكات، چونكە ئامانجی توركیا ئەوەیە كورد وەك توركێك لە وڵاتەكەدا بتوێنێتەوە و بۆ ئەمەش بەناوی دیموكراتیك ئایسیمیلەی دەكات.
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی كە دوێنێ بۆ ماوەی سێ سەعات لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەكەكەی هەڵوەشاوە كۆبووەوە، ئەم ڕاگەیەنراوەی بڵاو كردووەتەوە.:
عەبدوڵَا ئۆجەلان لەبارەی یاسای چوارچێوە دەڵێت: لە رێگەی پڕۆژەیاسایەكەوە هەنگاو بۆ چارەسەركردنی پرسێكی مێژوویی دەنێین. ئێمە لە سەرەتای پرۆسەیەكی دیموكراسیكردنداین كە كەمتر نییە لە گرنگیی دامەزراندنی كۆمار. رێگەی هەزار كیلۆمەتری بە هەنگاوێك دەست پێ دەكات”.
“هەروەك چۆن لە كاتی دامەزراندنی كۆماردا رەنج و قوربانیدانێكی گەورە درا، ئێستەش بۆ كۆماری دیموكراسی پێویستە بە هەمان رژدییەوە كار بكرێت”.
بەبڕوای سەمیرە عەبدوڵا، هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی “”پرۆسەی ئاشتی”یەوە كە دەوڵەتی تورك بە “پرۆسەی توركیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات و لە ئەسڵی خۆیدا “پرۆسەی فریودانی گەلی كوردە”، هیچ شتێكی بۆ نەتەوەی كورد تێدا نییە و ئەمڕۆ ئۆجەلان وەك رابەرێكی كورد دەرناكەوێت، بەڵكو وەك خەمخۆرێكی كۆماری توركیا دەردەكەوێت و هیچ باسی كورد لە پەیامەكانیدا نەماوە.
ئەو چاودێرە ئەوەشی گوت، ئەم قسانەی ئۆجەلان بەو واتایە دێن كە دەبێ هەموو كەس پێڤاژۆی ساختە و یاسای چوارچێوە قبووڵ بكات، سەرەڕای ئەوەی كە هیچ دەسكەوت و گەرەنتییەكی بۆ كورد و كوردستان تێدا نییە. ئۆجەلان بە ئاشكرا دەڵێ، ئێمە هێشتا هیچ شتێكمان نەكردووە و بۆ كۆماری دیموكراتیك هێشتا لە یەكەم هەنگاوی ڕێگەیەكین.
س: wishe.net







