هەورامان نیوز
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال بەبۆنەی نۆهەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شەنگال لە دەستی داعش، لە گۆڕستانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان ڕاگەیاندراوی خوێندەوە، بەشی زۆری دامەزراوە و ڕێکخراوەکان ئامادەبوون، مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان دەستی پێ کرد.
لەسەر ناوی بنەماڵەی شەهیدان پاکیزە جەلال بەخێرهاتنی میوانانی کرد، تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و ڕایگەیاند وەک دایکانی شەهید هەرگیز پاشەکشە ناکەن، ساڵیادەکەی لە شەڕڤانان و بنەماڵەی شەهیدان و گەلانی ئازادیخواز پیرۆز کرد.
“باشترین وەڵام گەڕانەوەیە بۆ شەنگال”
لەسەر ناوی مەخەدەشە نایف شەمۆ سوپاسی شەڕڤانانی کرد کە لە چیاکانەوە گەیشتنە هاواری شەنگال، گوتی: “لێرەوە پەیامی گەلەکەمان دەدەینە دوژمنان، با کەس خۆی فریو نەدات و خۆی لە شەنگال دوور نەخاتەوە. گەر ئەمڕۆ نەگەڕێینەوە سەر خاکەکەمان، سبەی ئەم دەرفەتەمان لەدەست دەچێت، گەر لەسەر خاکی خۆمان و لەنێو گەلی خۆمان نەبین، دەبینە کۆیلە و بەندە”.
“کۆمەڵگەی ئێزدی خۆی باش دەناسێت”
شەمۆ گوتی: “وەک ڕێبەر ئاپۆ دەیگوت، ئێمە خۆمان ناسی. گەر خۆمان نەناسیایە. ئەمڕۆ نەماندەتوانی نۆهەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شارەکەمان پیرۆز بکەین. ئەمە پەیامی هەرە گرنگە بیدەینە دوژمن، ئەگەر بمانەوێت باشتر دوژمن بشکێنین و دڵیان خۆش نەکەین، دەبێت یەکێتی و یەکگرتنمان بەهێزتر بکەین. بێگومان ئەمەش لەسایەی فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و گەنجانی وڵاتپارێزەوە دێتەدی”.
“ڕزگارکردنی شەنگال لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین”
شەمۆ لەکۆتاییدا گوتی: “دیسانەوە ڕزگارکردنی شەنگال لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین، بەو هیوایەی ئەم یادە ببێتە مایەی ئازادی ڕێبەرمان، دەڵێین: شەهید نامرن!”.
وتەبێژی تاژێ ڕیهام حەجۆ ڕایگەیاند کاتێک داعش لە شەنگال لەناوبرا، زۆر لایەن و دەوڵەت لەنێویاندا دەوڵەتی تورک و دۆستەکانی شکستیان هێنا، بۆیە تا ئێستە قوربانی دەدەین و دەوڵەتی تورک هێرش دەکات و ڕۆڵەکانمان دەکاتە ئامانج.
“تۆوی ژیانێکی نوێ لە شەنگال چێنرا”
ڕیهام حەجۆ ڕایگەیاند بە ڕزگارکردنی شەنگال تۆوی ژیانێکی نوێ چێنرا، ڕزگاری شەنگال بە قارەمانەکانی وەک مام زەکی و عەگید جڤیان ڕاگەیاندرا، ئێمەش تا کۆتایی شوێنکەوتەیان دەبین.
“گەڕانەوە بۆ سەر خاکی شەنگال، لەناوبردنی خەونی دەوڵەتی تورکە”
هەروەها گوتی: “دوژمن بۆ دوورخستنەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی لە خاکەکەی هەموو جۆرە ڕێ و ڕێبازێکی قێزەون دەگرێتەبەر، بە تانک و تۆپ و فڕۆکە هێرش دەکاتە سەر گەلەکەمان و گەنجەکانمان دەکوژێت. بەڵام خاوەنداری لە شەنگال و گەڕانەوە بۆ سەر خاکی شەنگال خەون و خەیاڵەکانی دوژمن و دەوڵەتی تورک لەناودەبات”.
هەروەها لە وەڵامی بەرپرسانی پەدەکە کە دەڵێن هێزی پەدەکە شەنگالی ڕزگار کردووە، گوتی: “پەدەکە چی بۆ ئێزدییەکان کردووە؟ ئەوەی پەدەکە بەرامبەر ئێزدییەکانی کردووە ڕوونە، شەنگالی فرۆشت و ڕادەستی چەتەکانی داعشی کرد. کچ و دایکەکانمان لە بازاڕەکان فرۆشران و تا ئێستەش بەم ئازارەوە دەژین”.
ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی “شەهید نامرن” و “ژن ژیان ئازادی” کۆتایی هات.