• هەواڵی بەپەلە

ئیسرائیل دەیەوێ بنكەیەكی سەربازیی هەمیشەیی لە غەزە دابمەزرێنێت

هەورامان نیوز

بەپێی راپۆرتێك كە رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز” بڵاوی كردووەتەوە، ئیسرائیل خەریكی دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازیی هەمیشەییە لە كەرتی غەزەی فەلەستینی و لە ئێستەوە كاری بۆ دەكات، لە بەرانبەردا ئەمەریكا بەوە رازی نییە و لەگەڵ بەرنامەكانی خۆیدا ناگونجێت.
پێگەی “ئەهرام”ی میسری ئەمڕۆ چوارشەم چواری كانوونی یەكەم، بەپێی راپۆرتەكەی “نیویۆرك تایمز” بڵاوی كردووەتەوە، ئێستە ئیسرائیل خەریكی دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازیی هەمیشەییە لە كەرتی غەزە، بۆ ئەوەیش راپۆرتەكە پشتی بە مانگە دەستكردەكان بەستووە كە بە روونی پێشان دەدەن كە ئیسرائیل كار بۆ دامەزراندنی ئەو بنكەیە لە ناوەندی غەزە دەكات، بۆ ئەوەیش ئەمەریكا بۆ هەنگاوەی ئیسرائیل رازی نییە.
لەبارەی راپۆرتەكەوە فیدانت پاتیل یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند، تا ئێستە ئەمەریكا بە روونی ئەو زانیارییەی نییە، بەڵام ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە سەرەتای جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە، لەگەڵ ئەوەدا نەبووە كە ئیسرائیل بە هەمیشەیی لە غەزە بمێنێـتەوە، بۆیە ئەگەر ئەو زانیارییانە راست بن، بێگومان پێچەوانەی ئەو پرەنسیپانەیە كە بلینكن لەو جەنگەدا دەستنیشانی كردوون.
ئەوەشی گوت كە بەلای ئەمەریكاوە نابێ لەوە زیاتر خاكی غەزە كەمتر بكرێتەوە، هاوكات رێگە بەوەش نادرێ فەلەستینییەكان بە زۆرەملێ دەربكرێن و ماڵەكانیان جێبێڵن.
لەلایەكی تریشەوە جەنەراڵ بات رایدەر گوتەبێژ بەناوی بنتاگۆن رای گەیاند، هەڵوێستی ئەمەریكا روونە كە نابێ ئیسرائیل لە داگیركردنی غەزە بەردەوام بێت، ئەویش دوای ئەوەی مەترسییەكانی حەماس نەمان و ئاگربەست هاتە راگەیاندن.
زیاتر گوتی، لەمبارەیەوە لەگەڵ هاوبەشە ئیسرائیلییەكانمان لە گفتوگۆی بەردەوام دەبین، بەڵام ئەوەی ئێستە گرنگە، ئاگربەست و ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلییەكان و كۆتاهێنان بەو جەنگەیە.
لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكۆستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.
لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی نزیكەی 43 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش بریندار بوون.
لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.

س: wishe.net

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here

بەناوبانگترین