هەورامان نیوز
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەم، سزای لە سێدارەدانی محێدین عەبدوڵاهی و حوسێن پاڵانی لە گرتووخانەی قەزڵحەساری كەرەج جێبەجێ كرا.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەو دوو هاووڵاتییە خەڵكی سەرپێڵی زەهاو بوون، بە تۆمەتی “بەغی” لە سێدارە دراون كە مەبەست لێی پەنابردنە بەر هێزی چەكدارییە دژ بە دەسەڵات.
بەگوتەی سەرچاوەكانی هەنگاو، ئەم دوو بەندكراوە نۆ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزەكانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر كرابوون، لەو كاتەوە لە گرتووخانەكانی ڕەجایی شار و قەزڵحەساری كەرەج بەند كرابوون.
میدیاكانی سەربە دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەی ئەوە دەكەن، ئەم دوو هاووڵاتییە ئەندامی شانەكانی سەربە ڕێكخراوی “داعش” بوون لە ناوچە سنوورییەكاندا كە لە كاتی پێكدادان و گەمارۆدانی سەربازی، لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.
س: wishe.net







