هەورامان نیوز
لە سەرەتای ئەم مانگە هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا لە ئۆپراسیۆنێكی كتوپڕی سەربازیدا، نیكۆڵاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلایان لە كاراكاسی پایەتەختی ڤەنزوێلا گرت، ئەویان بەرەو ئەمەریكا برد بۆ دادگاییكردنی بە تۆمەتی بازرگانی مادەی هۆشبەر و رەوانەكردنی بۆ ئەمەریكا، ئەو رووداوەی دنیای هەژاند، شارەزایان بەدووری نازانن هەمان شت بۆ سەركردە نەیارەكانی واشنتن دووبارە ببێتەوە لەوانەش ئێران.
ئەمڕۆ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمەریكای بەوە تۆمەتبار كرد كە بەنیاز بووە هەمان پلانی ڤەنزوێلا لە عێراق ئەنجام بدات، بەڵام بەئامانجەكەی نەگەیشتووە، ئەوان لە میانەی شەڕە 12 رۆژییەكەی حوزەیرانی رابردوو پلانیان بۆ ئەو كارە هەبوو، وایان زانی لە ماوەی سێ رۆژ تاران ناچاری خۆرادەستكردن دەكەن، بەڵام شكستیان هێنا.
شارەزایان دەڵێن كە مامەڵەكردنی ئەمەریكا لەگەڵ پرسەكانی دنیا لە رووی تەكتیكەوە گۆڕاوە، بۆ لەمەودوا هەر شتێك ببێتە مایەی نیگەرانیی ئەو وڵاتە بەهێزە مامەڵەی لەگەڵ دەكات، بۆیە هیچ وڵات و ناوچەیەك دوور نابێت لە ئۆپراسیۆنە كتوپڕە راستەوخۆ و ناراستەوخۆكانی، گرتنی مادۆرۆش پەیامێك بوو بۆ هەموو وڵاتان، بەوەی هەر نەیارییەك بۆ بەرژەوەندییەكانی واشنتن رەنگە هەمان چارەنووسی هەبێت.
لە رێگەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی ڤەنزوێلا، ترەمپ و ئیدارەكەی دەریان خست كە دەتوانن نەتەوە یەكگرتووەكان و یاسا نێودەوڵەتییەكان پشتگوێ بخەن و هەر رژێمێك بە رێگەی سەربازی برووخێنن، دوای ئۆپراسیۆنەكە ترەمپ گوتی، ئەمەریكا لە نزیكەوە چاودێریی ناڕەزایەتییەكانی ئێران دەكات و ئەگەر حكوومەتی ئێران خۆپێشاندەران بكوژێت، وەڵامێكی زۆر توندی لە لایەن ئەمەریكاوە دەبێت، بە وردی چاودێریی دۆخەكە دەكەین.
چاودێران بۆ دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیان وایە پەیامی ترەمپ بۆ ئێران روونە، ئێستە سەركردایەتیی سیاسیی ئێران دەزانن كە رەنگە ئەوانیش ببنە ئامانجێكی سەربازییەكانی ئەمەریكا، ئۆپراسیۆنەكەی ڤەنزوێلا گۆڕانە لە رەوتی كاری ترەمپ، كە لە هێرشەكانی حوزەیرانی رابردوو خۆی لە كردنەئامانجی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران و ژمارەیەك لە فەرماندە سەربازییەكانی ئێران بەدوور گرت.
لە ماوەی چەند رۆژێكی كەم سیایەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە ئاماژەكردن بە بەكارهێنانی هێز بۆ بەكارهێنانی بە شێوەیەكی نائاسایی گۆڕا، ئێستە تەواوی دنیا بە نیگەرانییەوە چاودێریی رووداوەكانی ڤەنزوێلا دەكات، وەك رووداوێكی دابڕاو لە ئەمەریكای لاتینی نا، بەڵكو وەك یەكەم نموونە بۆ ئەوەی ئیدارەی ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە نیازە لە ناوچەی تر دووبارەی بكاتەوە، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو دەستەواژەی ترەمپ و تیمەكەی بەكاری دێنن، واتە دنیا لە گۆڕاندایە، دەركەوت تەنیا دروشم نییە، بەڵكو راگەیاندنی كۆتایی رژێمی دوای جەنگی جیهانی دووەمە، ئەوەش بە جوانی لە بڕیاری دوایی بە كشانەوە لە 66 رێكخراوی نێودەوڵەتی بە پاساوی نەیاری بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بەرجەستە دەبێت.
لەوكاتەی پایەتەختە گەورەكانی دنیا لە دیدی دەستگرتنی ئەمەریكا بەسەر نەوتی ڤەنزوێلا سەیری رووداوەكانی ئەو وڵاتە دەكەن، چاوەكان راستەوخۆ دەچنە سەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ئێران، تۆماس واریك توێژەر پێی وایە كە دۆسیەی ئەو دوو وڵاتە، واتە ڤەنزوێلا و ئێران، لە لایەن دوو تیمی جیاواز لە ئەمەریكا بەڕێوە دەچن، بەڵام ئەو جیاوازییە مانای وا نییە ئێران لە ئەماندایە، چونكە ترەمپ دەسەڵاتێكی رەهای بەسەر سوپادا هەیە و رەنگە بۆ ئێران، ئەگەر خۆپێشاندەران رووبەڕووی سەركوتكاری ببنەوە، پەنا بۆ گەمارۆی دەریایی وەك ڤەنزوێلا نەبات و بژارەی توندتری لەگەڵ پێڕەو بكات.
واریك دەڵێت، یەكێك لەو بژارانە، مووشەكبارانكردنی بنكە سەربازییەكانی سوپای پاسدارانی ئێرانە بە مووشەكی تۆماهۆك كرووز، ئەگەرچی تا ئێستە فڕۆكەهەڵگری لە كەنداو نییە بۆ ئەو كارە، بەڵام هێزی دەریاوانیی ئەمەریكا چەندان كەشتی هەیە دەتوانن ئەو كارە ئەندجام بدەن، واریك ئاماژە بۆ سیناریۆی كوشتنی قاسم سلێمانی، فەرمادەی پێشووی فەیلەقی قودس لە 2020 دەكات، ئەو پێی وایە كە ترەمپ بە بەردەوام پەنا بۆ بژارەیەكی پێشبینی نەكراو لە لیستی ئامانجەكانی وەزارەتی جەنگ دەبات، كە رەنگە ئێستە لە ئێران دووبارەی بكاتەوە.
پاتریك كڵاوسن توێژەرێكی تر پێی وایە كە چەتری یاسایی بۆ لێدانی ئێران هەیە، چونكە ئێران چەند كەشتییەك بەكار دێنێت كە هەڵگری ئاڵای ساختەن و بەوەش پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكات، بەوەش دەبێتە ئامانجێكی شەرعی ئەگەر ترەمپ بڕیار بدات، ئەو پێی وایە وا لەبەر چاوی دنیا پوتین ئۆكراینا داگیر دەكات، هاوكات ئێران خەریكە ساڵانێكە یاسا نێودەوڵەتییەكان پێشێل دەكات، بۆیە ترەمپ نابێتە یەكەم سەرۆك كە یاسا نێودەوڵەتییەكان پێشێل بكات، كە خۆیان ناروونن و شكاندنیان ئاسانە.
س: wishe.net




