هەورامان نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا چوار مانگی تر لێخۆشبوونی بۆ عێراق درێژ كردووەتەوە تا قەرزەكانی بە ئێران بداتەوە.
فیدانت باتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: واشنتن لە حەوتی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە، بۆ ماوەی 120 ڕۆژی تر ڕێگەی بە عێراق داوە پارەی هاوردەكردنی وزە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بە ئێران بدات.
عێراق كارەبا و غاز لە ئێران دەكڕێت، بەمەش پارەیەكی زۆری دەچێتە ئەو وڵاتەوە و ئەمەریكاش لەمە نیگەرانە و پێی وایە، ئەوە سەرچاوەیەكی سەرەكیی ئابوورییە بۆ ئێران، بەمە ئێران پارەیەكی زۆری دەست دەكەوێت و سزاكانی ئەمەریكا كاریگەرییان كەم دەبێتەوە.
سەرەتا ئەمەریكا دژی ئەم مامەڵەی عێراق لەگەڵ ئێران بوو، بەڵام بە هەوڵی بەرپرسانی عێراق، ئەمەریكا لە ساڵی 2018ـەوە مۆڵەتی بەعێراق داوە كارەبا و غاز لە ئێران بكڕێت.
بەگوێرەی ڕێگەپێدانەكەی واشنتن، ئەو پارەیەی ئێران لە فرۆشتنی وزە بە عێراق دەستی دەكەوێت، ڕێگەی پێ نادرێت ڕاستەوخۆ بیباتەوە بۆ وڵاتەكەی، بەڵكو لە هەژمارێكدا پارێزراوە و دەتوانرێت تەنیا لە كڕینی مادەی خۆراكی، دەرمان، ئامێری پزیشكی و كشتوكاڵی بەكار بهێنرێت، جگە لەو پێداویستییانەی كە سزاكانی ئەمەریكا نایانگرێتەوە.
س: wishe.net