هەورامان نیوز
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری ریال مەدرید، بەتەواوی پشتیوانیی خۆی بۆ ڤینیسیۆس جونیۆر راگەیاندووە و بووەتە قەڵخانێک بۆ پاراستنی، هەم لەبەردەم میدیاکان و هەم لە پەیوەندییەکی تایبەتدا متمانەی کوێرانەی خۆی بە ئەستێرە بەرازیلییەکە داوە.
رۆژنامەی مارکا بڵاوی کردووەتەوە، مۆرینیۆ بڕیاری داوە بەتەواوی بچێتە پاڵ ڤینیسیۆس و بەرگری لێ بکات، نەک تەنیا لەبەردەم کامێراکاندا بەرگری لێ کردووە، بەڵکوو لەدوای یارییەکەی ئیسپانیۆڵ، بەتایبەتیش قسەی لەگەڵ کردووە بۆ ئەوەی پێی بڵێت کە هەمیشە لە پشتییەتی و پشتگیری دەکات، سەرەڕای ئاستی یاریزانەکە لە یاریی رابردوودا.

ئەستێرە بەرازیلییەکە کە بەم دواییە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید نوێ کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی تازە دەستی بە کارکردن لەگەڵ مۆرینیۆ کردووە، بەڵام ئێستا دەزانێت کە راهێنەرەکەی وەکوو قەڵخانێکی پۆڵاین لە پشتییەتی. یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیۆل ئەو بۆچوونەی نەگۆڕی، هەرچەندە ڤینیسیۆس باشترین شەوەکانی نەبوو و کارتی زەردی وەرگرت، بەڵام ئاستێکی کەمتر لە چاوەڕوانییەکان تێڕوانینی مۆرینیۆ ناگۆڕێت بەتایبەتی تەنیا دوای یەک یاری. راهێنەرە پۆرتوگالییەکە تێدەگات کە ڤینیسیۆس پێویستی بە پشتگیرییە لە کاتێکدا جارێکی دیکە کەوتووەتە ناوەندی سەرنجەکان بەهۆی ئەو فیکە و قسە نەشیاوانەی لە یارییەکەی ئیسپانیۆل رووبەڕووی بووەوە.
مۆرینیۆ بەڕشکاوی گوتی کە ڤینیسیۆس فریشتە نییە، بەڵام ئەوەی بەرامبەری دەکرێت ناهەقییە و بەشێوەیەکی رێکخراو رکابەرەکان ئەم کارە بەرامبەر یاریزانە دەکەن و یاریزانانی بەرامبەر بە نۆرە لێی دەدەن، کاتێک یەکێکیان کارتی زەرد وەردەگرێت، یاریزانێکی دیکە دێتە پێشەوە بۆ ئەوەی لێی بدات بێ ئەوەی کارت وەربگرێت، ئەمەش بێهیوایی بۆ یاریزانەکە دروست دەکات. مۆرینیۆ ئەمەی بە جۆرێک لە قسەپێگوتن و زۆرداری وەسف کرد لە سەردەمێکدا کە هەمووان دژی ئەو کارەن.
هەرچەندە مۆرینیۆ دەیەوێت ڤینیسیۆس کۆنترۆڵی هەستەکانی بکات، بەڵام دوای رەخنەکانی یاریی یەکەمی خولەکە، بەتایبەتی قسەی لەگەڵ کرد بۆ ئەوەی ئارامی و متمانەی پێ ببەخشێت. بۆ مۆرینیۆ، ئەستێرە بەرازیلییەکە پارچەیەکی سەرەکییە لەو تیمەی دروستی دەکات، چونکە توانای شکاندنی هێڵی بەرگری هەیە و جووڵەکانی بۆشایی بۆ کیلیان ئێمباپێ و جود بێڵینگهام و هێرشبەرەکانی دیکە دروست دەکات.
س: yariga.net







