هەورامان نیوز
لە هەفتەی رابردووەوە دۆخی سووریا بەتەواوەتی تێك چووە، كاتێك چەند گرووپێكی چەكدار لە باكوری رۆژئاوای ئەو وڵاتە هێرشیان كردە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی سووریا و رووبەرێكی فرەوانیان كۆنتڕۆڵ كرد، تا ئێستەش دۆخی ئەو وڵاتە ناجێگیرە، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لەگەڵ پشێوییەكانی سووریا نییە.
ئەمڕۆ ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق لە میانی دیدارێكی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق باسی دۆخی ناوچەكە و سووریایان كرد، باڵوێزی ئەمەریكا رای گەیاند كە وڵاتەكەی ئەو پشێویە رەت دەكاتەوە كە گرووپە چەكدارەكان لەو وڵاتە دروستیان كردووە.
ئەعرەجی هەڵوێستی عێراقی دووپات كردەوە بەوەی دژی ئەوەن كە لە سووریا روو دەدات، واتە هێرشی گرووپە چەكدارەكان، رۆمانۆوسكیش دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا لەگەڵ ئەو پشێویەدا نییە كە لە سووریا دروست بووە، چونكە ئەو كارانە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە و دنیا دەكەن.
شایەنی باسە لە چوارشەمی رابردووەوە ژمارەیەك گرووپی چەكدار دەستیان بە هێرشێكی فرەوان بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی سووریا لە پارێزگاكانی ئیدلب و حەلەب و حەما كردووە، ئەوان توانیویانە كۆنترۆڵی تەواوەتیی پارێزگای ئیدلب بكەن، تەواوی شاری حەلەبیشیان گرتووە و چەند ناوچەیەكیشیان لە پارێزگای حەما كۆنترۆڵ كردووە، بەو هۆیەشەوە زیاتر لە 500 كەس لە هەردوولا و هاووڵاتییان كوژراون.
س: wishe.net