هەورامان نیوز
گونده دڵگیرهكانی دۆڵی جافایهتی بهوه جیادهكرێنهوه، هەمیشە و له چوار وهرزی ساڵدا وهك تابلۆیهك رازاوهن، له نێویاندا گوندی سەرگەڵو، کە گوندێکی سهرسهوز و فێنكه بە دووری 50 كیلۆمهتر دهكهوێتە باكووری خۆرههڵاتی شاری سلێمانییهوه. سەرگەڵو لە رووی کوشتوکاڵییەوە زۆر بەپیت و گرنگە و تیایدا بایەخی زۆر بە بەرهەمی خۆماڵی دەدرێت، لەوانەش مێوژ.
مێوژ، ترێی وشککراوەیە و ساڵانە لە مانگی مشتاخاندا کە مانگی رەزبەریشی پێدەوترێت و دەکەوێتە نێوان مانگی ئەیلول و تشرینی یەکەمەوە، بە شێوەی هەرەوەزی دەست دەکرێت بە ترێ رنیین و لە مشتاخ دەدرێت، یان بە شێوەی مشتاخ دەنرێتەوە و لەبەر هەتاو هەڵدەخرێت، تا وشک دەبێتەوە و دەبێتە مێوژ، بەشێک لەو مێوژە رەوانەی بازاڕ دەکرێت و بە شێوەی شەوچەرە دەخورێت، بەشێکیشی دەکرێت بە شەربەت و دەخرێتە بازاڕەوە.
ساڵانە دەیان تۆن ترێ بەرهەم دەهێنرێت و نیوەی رەوانەی بازاڕی سەوزە و میوە (عەلوە)ی سلێمانی دەکرێت و بڕێکی تری ترێکە وشک دەکرێتەوە و دەکرێت بە مێوژ، مێوژەکەش بەشی زۆری دەکرێت بە شەربەت
سوودەکانی مێوژ
مێوژ، کە ترێی وشککراوەیە و بە شێوەی شەوچەرە، یان شەربەت دەخورێت، جگە لە تامە خۆشەکەی لە رووی تەندروستییەوە چەندین سوودی گرنگی هەیە.
د. کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستیی خۆراك ئاماژەی بە گرنگترین سوودەکانی خواردنی مێوژ کردووە کە دیارترینیان ئەمانەن:
-1 بەسوودە بۆ خۆپاراستن لە کەمیی ئاسن و چارەسەرکردنی کەمخوێنی، چونکە نیو کوپ مێۆژ %7 بۆ %12ی پێویستیی رۆژانەی جەستەی مرۆڤ لە ماددەی ئاسن دابین دەکات.
-2 دەوڵەمەندە بە ماددە ریشاڵییەکان، لەبەر ئەوە رۆڵی هەیە لە چالاککردنی کۆئەندامی هەرس و نەهێشتنی قەبزی، هەروەها گرنگە بۆ دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵی خراپ لە جۆری (LDL).
-3 بەسوودە بۆ زیادکردنی کێش و چارەسەری لاوازیی، بۆ ئەو کەسانەی کێشەی کەمیی کێشیان هەیە، بە تایبەتی لە کاتی نەبوون یا کەمیی ئارەزووی خواردندا، چونکە نیو کوپ مێوژ نزیکەی 216 کالۆری تێدایە.
-4 بەسوودە بۆ خۆپاراستن لە کەمیی کالیسیۆم و نەرمبوونەوەی ئێسک و چارەسەری ئێسکەنەرمە، چونکە هەموو کوپێک مێوژ نزیکەی %10ی پێویستیی رۆژانەی مرۆڤی لە کالسێوم تێدایە.
-5 دەوڵەمەندە بە ماددە دژە ئۆکسانەکانی وەک فینۆڵ و پۆلی فینۆڵ، کە رۆڵیان هەیە لە خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە.
-6 بەسوودە بۆ پاراستنی تەندروستی ناودەم و ددانەکان، بە هۆی بوونی هەندێک ماددەی دژە بەکتریاوە، هەروەها بژاردەیەکی باشە لە بری شیرینی دروستکراو و شەکری سپی.
جۆرەکانی ترێ
جۆرەکانی ترێ لە کوردەواریدا زۆرن و بە گوێرەی ناوچەکانیش ناوی جیاجیایان هەیە، بەڵام بەشیوەیەکی گشتی لە سەرگەڵو جۆرەکانی ترێ رەشکە، ترێ سوورە، سەرقوڵە، سادانی یان سایانی، ئەنگوتکە، مازوو هەیە.
ئەمانە بەناوبانگترین جۆری ئەو ترێیانەن کە لە گوندی سەرگەڵو بەرهەم دێن، بەڵام هەموو جۆرە ترێیەک ناکرێت بە مێوژ و سەرەکیترین جۆری ترێ بۆ مێوژ لەم گوندە ترێ رەشەکەیە، کە ساڵانە بڕێکی زۆری لێدەکرێت بە مێوژ و زیاتر لە 10 تۆن مێوژ دەکرێت بە شەربەت و لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا دەفرۆشرێت.
دروستکردنی شەربەتی مێوژ
سەرەتا مێوژەکە دەشۆرێتەوە، پاشان دەجنرێت، یان دەهاڕدریت و دەکرێتە ئاوەوە، لەناو ئاوەکەدا بۆ ماوەیەک دەمێنێتەوە تا جوان دەخوسێ و تاماو دەداتەوە دواتر دەپاڵێورێ و ئامادە دەبێت بۆ فرۆشتن، پرۆسەکەش نزیکەی سێ سەعاتی پێدەچێت، هەموو جۆرە مێوژێکیش ناکرێت بە شەربەت، دەبێت مێوژی شەربەت جوان و رەش بێت، مێوژی سوور بەکار ناهێنرێت.
بەرهەمی مێوژ بە شێوەیەکی گشتی بۆتە داهاتێک بۆ خەڵکی گوندی سەرگەڵو، کە ساڵانە دەیان تۆن ترێ بەرهەم دەهێنرێت و لە کاتی پێگەیشتنیدا نیوەی رەوانەی (عەلوە) دەکرێت و بڕێکی دەکرێت بە مێوژ و پاشان لە کارگەکانی تایبەت بە دروستکردنی شەربەتدا و دەکرێت بە شەربەت، تا ئێستاش شەربەتی سەرگەڵو لە ناو بازاڕدا ناوبانگێکی باشی پەیدا کردوە و خواستی زۆری لەسەرە.
س: www.knwe.org