هەورامان نیوز
مێژووی ململانێی توندوتیژی یەک لەو هۆکارانەیە کە وایکردووە دراوسێکانی ناوچەکە دژی دابینکردنی پەناگەیەک بن بۆ خەڵکی غەزە. ترەمپ چەندان جار ڕای گەیاندووە کە دەیەوێت فەلەستینیەکان لە غەزە لەو ناوچەیە وێرانبووە دەربچن و بچنە ناو میسری دراوسێ و ئوردنی نزیک. جیهانی عەرەبی بە ڕواڵەت دژی ئەمەیە لەبەر ئەوەی هەوڵەکانی دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی لەبار دەبات.
بەڵام سەرکردە عەرەبییەکان هۆکارێکی دیکەیان هەیە بۆ دژایەتیکردنی دابینکردنی پەناگەیەکی ئارام بۆ خەڵکی غەزە کە بە زۆر لە ماڵەکانیان دەرچوون، ئەویش ئەزموونی ڕابردووە. پەنابەرانی فەلەستینی لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ەوە سەرئێشە بوون بۆ دەوڵەتە عەرەبییەکان .
بزووتنەوەی توندوتیژی ناسیۆنالیستی فەلەستینی کە دواتر سەریهەڵدا، بۆ وڵاتانی دیکەش پەڕییەوە، کاتێک ئەو وڵاتانە پەنابەرانی شەڕی عەرەبی و ئیسرائیل لە ساڵی 1948 و شەڕی شەش ڕۆژە لە ساڵی 1967 یان وەرگرت، بووە هۆی ناکۆکی لەگەڵ ئیسرائیل کە تا ئەمڕۆش رەنگدانەوەی هەیە.
لە دەیەکانی دواتردا، ئەو بزووتنەوەیە بوو بە هەڕەشەیەکی سیاسی و ڕاستەقینە بۆ حکوومەتەکانی ئەو دەوڵەتە عەرەبییانەی کە میوانداریی فەلەستینییەکانیان دەکرد، چونکە شەڕکەرەکانیان لەوێوە هێرشیان دەکردە سەر ئیسرائیل. باجەکەی ئەوە بوو دەوڵەتە عەرەبییەکان تووشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل دەبوون بەهۆی ئەو جۆرە هێرشانە، زۆر جار لەسەر حیسابی دانیشتووانی ڕەسەنی خۆیان.
تا ناوەڕاستی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 800 هەزار فەلەستینی لە ژێر ئەرکی دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین پۆلێن کراون وەک پەنابەر. زۆربەیان نەوەی ئەو کەسانەن کە دەیان ساڵ لەمەوبەر بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوون. بەشێکی زۆریان لە کەمپەکانی پەنابەران دەژین.
لە هەندێک وڵاتی عەرەبی، پەنابەرانی فەلەستینی گلەیی ئەوە دەکەن کە وەک هاووڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، کە تا ڕادەیەکی زۆر لە کەمپەکانی پەنابەران قەتیس کراون و دەرفەتی کارکردنیان سنووردارە. ئەم دۆخەی ئێستە پاساوی خۆیەتی چونکە گۆڕینی ددانپێدانانێکی بێدەنگ دەبێت بەوەی کە پەنابەرەکان هەرگیز ناگەڕێنەوە بۆ زێدی خێزانەکانیان لەو وڵاتەی کە ئێستە دەوڵەتی ئیسرائیلە.
شەڕی ناوخۆ لە ئوردن و لوبنان
لە ساڵی 1951دا چەکدارە فەلەستینییەکان شا عەبدوڵای ئوردنیان تیرۆرکرد، ئەمەش مێژووی پڕ لە گێژاوی نێوان شانشینی ئوردن و فەلەستینییەکانی دروست کرد. لە سەرەتای 70کانی سەدەی ڕابردوودا، ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین لەلایەن یاسر عەرەفاتەوە لە ئوردن دەرکرا، دوای ئەوەی گرووپەکە هەوڵی دا دەسەڵات لە شا حوسێن بسەنێت بەڵام لەلایەن سوپای دەوڵەتەوە لە شەڕێکی ناوخۆیی دڕندانەدا بەزێنران. هەزاران فەلەستینی یان لە شەڕەکەدا کوژران یان لە دوای ئەوە دەرکران و زۆرێکیان چوونە لبنان.
لەوێ شەڕکەرانی فەلەستینی خۆیان کۆ کردەوە. ئیسرائیل لە ساڵی 1978 هێرشی کردە سەر لبنان، دوای ئەوەی چەکدارە فەلەستینییەکان لە ڕێگەی دەریاوە دزەیان کردە ناو ئیسرائیل و هێرشیان کردە سەر پاسێک و بەهۆیەوە 38 سەرنشین کوژران کە 13یان منداڵ بوون.
هەروەها شەڕکەرانی فەلەستینی لە شەڕی ناوخۆدا لە گەڵ بزووتنەوەی نیشتمانی لبنان لە دژی مارۆنیەکان جەنگان. ئەوانیش لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتیوانییان لێ کرا. هێرشەکانی فەڵەستینەکان بۆ سەر ئیسرائیل لەو شەڕەدا بووە هۆی داگیرکاریی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان و لە ساڵی 1982، ڕێکخراوی فەلەستین بە فەرمی دەرکرا.
میلیشیای لبنانیی حزبوڵا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری ئیسرائیل پێکهێنرا، ئیلهام و چەک و بودجەی لە هاومسوڵمانە شیعەکانی ئێران وەرگرت کە لە ساڵی 1979دا شای ستەمکاری ئێرانییان ڕووخاندبوو، هەرچەندە ئەم حزبە بە پلەی یەکەم لە شیعەی لبنانی پێکهێنرابوو، بەڵام حزبوڵا دەهۆڵی بۆ دۆزی فەلەستینی دەکوتی و هەڵوێستی دوژمانەی بەرانبەر ئیسرائیل گرتە بەر و لە لە ساڵی 2006دا و ساڵی ڕابردوو چووە شەڕەوە
تا ئێستە فەلەستینییەکان لە لبنان وەک پرسێکی هەستەوەر ماونەتەوە، بەنزیکەیی تەنیا لەو ناوچانەدا دەژین کە لە لایەن ئونرواوە پارێزگارییان لێ دەکرێت و لە کەمپەکانی پەنابەرانەوە گەشەیان کردووە. پێدانی ماف و هاووڵاتیبوونی زیاتریان، هاوسەنگی فشەڵی تائیفی لە نێوان سوننە، شیعە، مەسیحی، دروز و ئەوانی دیکەی لوبنان تێکدەدات.
هێشتا ئوردن زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی فەلەستینی هەیە کە پێگەی پەنابەرییان هەیە و دوو ملیۆن و 400 هەزار کەسە. زۆربەیان ڕەگەزنامەی ئوردنیان هەیە، ئەمەش ئاڵنگارییەکە بۆ حکوومەتی عەممان کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت وئوردنیش لە دوای ڕێککەوتنی ئاشتی ساڵی 1994ەوە دانی بە ئیسرائیلدا ناوە.
حاکمی وڵاتەکە، شا عەبدوڵڵای دووەم، وەرگرتنی پەنابەرانی فەلەستینی بە کۆمەڵ ڕەت کردەوە، بە ئاماژەدان بە “پێویستیی هێشتنەوەی فەلەستینییەکان لەسەر خاکی خۆیان و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانیان، بەپێی چارەسەری دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین.”
میسر و کەرتی غەززە
دوای جەنگی ساڵی 1948، میسر بەشێکی کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستی فیلادلفیای بەڕێوەبرد کە بە کەرتی غەززە ناسرا. ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەتا هەوڵیان دا خەڵکی غەزە لە میسر و لیبیا و وڵاتانی تری عەرەبی نیشتەجێ بکەنەوە، بەڵام جەمال عەبدولناسر سەرۆک کۆماری میسر لە ساڵی 1955دا دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان ئەو هەوڵانەی ڕاگرت.
هەڵوێستی ناسر یارمەتیدەر بوو بۆ گۆڕینی خەباتی فەلەستین بۆ دەوڵەت و ئەمش دەنگی دایەوە لە سەرانسەری جیهانی عەرەبیدا و بووە هۆی وەستاندنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نیشتەجێکردنیان لە شوێنەکانی تر.
ئیسرائیل دوای شەڕی 1967 غەزەی داگیر کرد، میسریش لە ساڵی 1979 لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتە ڕێککەوتنی ئاشتی، حەماس لە ساڵی 2006 دەستی بەسەر غەزەدا گرت، میسریش هاوشانی ئیسرائیل گەمارۆی خستە سەر ئەو کەرتە.
بەرپرسانی میسر دەڵێن، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە غەززەوە لە نێوان 110 بۆ 115 هەزار کەس لە غەزەوە پەڕیونەتەوە بۆ خاکەکەی، بەڵام هەموویان لەو وڵاتە نەماونەتەوە.
حکومەت کە ئازادی قسەکردن و مافی گردبوونەوە سنووردار دەکات بەڵام ڕێگەی بە میسرییەکان داوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر شەقامەکان دژی داواکانی گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە.
عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر داوای گواستنەوەی ترەمپی بە “نادادپەروەر” ناوبرد.
سیسی ڕۆژی چوارشەم لە وتارێکدا گوتی من دەبێ ڕای گشتی لەبەرچاو بگرم، نەک ڕای عەرەب یان میسری، بەڵکو بۆچوونی جەماوەرێکی گشتی کە پێی وایە ئەوەی لە ماوەی 70 ساڵی ڕابردوودا بەسەر گەلی فەلەستین هاتووە بە نادادپەروەرییەکی مێژووییە. گوتیشی “پێموانییە ئاوارەبوون دووبارە ڕوو بداتەوە.”
بەڵام لە ئۆکتۆبەری 2023دا ڕای گەیاندبوو کە گواستنەوەی فەلەستینییەکان بۆ نیمچە دوورگەی سینا لە میسر دەشێت ناوچەکە بکاتە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و ئەمەش هەڕەشەیە بۆ ئاشتی نێوان هەر دوو وڵات.
عێراق
هەزاران فەلەستینی لە دوای جەنگی 1948 ڕوویان لە عێراق کرد، کاتێک سوپای عێراق لە دەوروبەری شاری حەیفا شەڕی هێزەکانی ئیسرائیلی کرد.
حکوومەتی عێراق ئەو کات و دواتر لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەدام حوسێندا خانوو و خوێندنی بەخۆڕایی بە ئاوارەکان دا. سەدام گرووپێکی نیمچە سەربازی دروست کرد بە ئامانجی داگیرکردنی ئیسرائیل و بە سەربازگرتنی مسوڵمانە هەژارەکانی شیعە. ئەمش پەستیی جەماوەری دژی فەلستینییەکان دروست کرد
فەلەستینییەکان لە عێراق ڕووبەڕووی کاردانەوە بوونەوە دوای ئەوەی لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی 2003 حکوومەتی سەدامی ڕووخاند، لەوانە “هەراسانکردنی توند، هێرشی توندوتیژ و دەرکردنی زۆرەملێ لە ماڵەکانیان”، بەپێی ڕاپۆرتێکی هیومان ڕایتس وۆچ. زۆربەی دانیشتووانی پێش ساڵی 2003 کە 34 هەزار کەس بوون، بەرەو ئوردن هەڵاتن.
سووریا
لانی کەم 80 هەزار فەلەستینی لە کاتی شەڕی 1948 بەرەو سووریا هەڵهاتن و دواجار لە سەرانسەری وڵاتدا لە نزیکەی دەیان کەمپدا نیشتەجێ بوون. ململانێی نێوان حکوومەت و چەکدارەکان تا ڕادەیەکی زۆر لە دەرەوەی سنوورەکان ڕووی دا.
سوپای سووریا بۆ ماوەی نزیکەی 30 ساڵ لبنانی داگیرکرد کە لە ساڵی 1976ەوە دەستی پێ کرد، لە کاتی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەدا و لە گەڵ عەرەفات شەڕی کرد و لە کۆتاییدا یارمەتی دا دەرچێت بۆ توونس.
وڵاتانی کەنداوی عەرەبی
پاشایەتییەکانی کەنداوی لە ڕووی تەکنیکییەوە میوانداری هیچ پەنابەرێکی فەلەستینی ناکەن، لەبری ئەوە وەک کۆچبەرێک سەیریان دەکەن کە بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەنداو زیاتر لە 600 هەزار فەلەستینی هەیە، لەنێویاندا هەندێکیان ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە ڕاوێژکاری پاشایەتییەکانی ناوچەکە.
لە ڕاپۆرتێکی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکی ساڵی 1983دا هاتووە، “تێگەیشتنێکی بێدەنگ هەیە کە پەناگەیەکیان بۆ دابین دەکات لە بەرانبەر دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکە”. بەڵام لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە سەرکردەکانی کەنداو کە نیگەران بوون لەوەی سەرکردە توندڕەوەکانی فەلەستین لە دەرەوەی وڵات داوای هەنگاوی زیاتر لە دژی ئیسرائیل دەکەن، دەستیان کرد بە دانانی سنوورێک بۆ کۆچی فەلەستینییەکان.
سی ئای ئەی گوتی “دۆزی فەلەستین جەماوەرییە و حکوومەتەکانی کەنداو ترسیان لەوە هەیە کە هەر ناڕەزایەتییەکی فەلەستینی لەناو وڵاتەکانیاندا بگوازرێتەوە بۆ خەڵکی ڕەسەن و ئەوانەی تاراوگەی کە ناڕازین لە بنەماڵە فەرمانڕەواکان”.
دیارترین پچڕانی پێوەندییەکانی کەنداو و فەلەستین لە ساڵی 1990دا بوو، کاتێک عەرەفات پشتیوانی خۆی بۆ لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر کوەیت ڕاگەیاند. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە دواجار کوێت زیاتر لە 300 هەزار فەلەستینی دەربکات.
ئیما براون
سەرچاوە\واڵ ستریت جورناڵ
وەرگێڕانی\وشە
س: wishe.net