هەورامان نیوز
شارەزایان باس لەوە دەكەن كە سەرۆكی حكوومەت كاری گەورە و گرنگی كردووە، لە بەهێزكردنی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دنیای دەرەوە، بۆ ئەوەی هەرێم سوود لە ئەزموونی وڵاتانی خاوەن ئابووری بەهێز وەربگرێت و كار بۆ راكێشانی كۆمپانیا و شارەزایی و سەرمایەیان بكات ئابووریی كوردستان زیاتر ببوژێتەوە.
نەژاد مەحموود نووسەرێكی سلێمانی بە “وشە”ی گوت، هەرێمی كوردستان بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی و بوونی زەوییەكی فراوان و بەپیت، لەپاڵ سەقامگیریی تەناهی و ئارامییەكەی وای كردووە جێگەی گرنگیدانی وڵاتانی دنیا بێت، بەتایبەتی بۆ ئەو كۆمپانیا گەورە و وەبەرهێنەرانەی ئارەزووی ئەوە دەكەن بێنە هەرێم و كاری وەبەرهێنان بكەن، بەدڵنیاییەوە یەكێك لەو پرسە گرنگانەی سەرۆكی حكوومەت لە پەراوێزی كۆڕبەندەكان كاری لەسەر دەكات، لایەنی ئابووری دەبێت، چۆن وا بكات وەبەرهێنەرانی دنیا بێنێتە هەرێم بۆ ئەوەی كاری پێكەوەیی بكەن و هەنگاوی گەورەی ئابووری بنرێت بۆ بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووریی هەرێم.
روونی كردەوە، ئەوانەی چەپڵەیان بۆ عێراق و دەسەڵاتی عێراق لێ دەدا، نە لە مێژوو شارەزان و نە لە سیاسەت، ئێستە هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و پێوەندیی لەگەڵ دەبەسترێت، ئەمەش زۆر گرنگە كە كوردستان خاوەنی پێگەیەكی بەهێزە و ئەو پێوەندییانەش كاریگەرییان لەسەر ئایندەی كوردستان دەبێت، سەرۆكی حكوومەت دەیەوێت لەسەر ئاستی دەرەوە زۆرترین پاڵپشتی بۆ كوردستان دروست بكات.
لای خۆیەوە رێبوار كەلاری رۆشنبیرێكی سلێمانی بە “وشە”ی راگەیاند، هەرچەندە دژایەتی هەبێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لاواز بكرێت، بەڵام لە كۆتاییدا هەرێمی كوردستان بە بەهێزی دەبینرێت، هەمووان لە رابردوو ئەوەیان بۆ دەركەوتووە، هەر دژایەتییەكی هەرێمی كوردستان لەكۆتاییدا ئەوان لەناو دەچن و دەڕۆن، هەرێم زیاتر و زیاتر پێش دەكەوێت، سەرۆك بارزانی و بەردەوامی كاركردنی، شانبەشانی ئەویش سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێم رۆڵی گەورەیان لە بەهێزكردنی هەرێم گێڕاوە، هەمووان باش دەزانن ئەو هەرێمەی ئێستە لەگەڵ هی 10 ساڵ پێش ئێستە لە رووی پێگە و بەهێزی و كرانەوە بەڕووی دەرەوە جیاوازی زۆرە.
باسی لەوەش كرد، لەوەتەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكار بووە، ئاستی پیوەندییەكانی دەرەوە و مامەڵەی وڵاتان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و بەهێزبوونی پێوەندییەكان گەیشتوونەتە ئاستێكی فراوان و وڵاتانی دەرەوە پێوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروست دەكەن، ئەگەرچی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوام دژایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
پێوەست بە جموجۆڵەكانی سەرۆكی حكوومەت محەمەد كەریم شارەزای ئابووری بە “وشە”ی راگەیاند، لە رابردوو هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی زۆر باش پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەهێز كردووە و كە لە رووی ئابوورییەوە بەهێزن، ئەوەش وا دەكات پێوەندییە ئابوورییەكانی زیاتر گەشە بكەن و لێكەوتەی ئابووری و فراوانبوونی پێوەندی و ئاڵوگۆڕیی بازرگانی و بووژانەوەی كەرتی وەبەرهێنان بەخۆیەوە ببینێت.
دووپاتی كردەوە، وڵاتانی ئابووری بەهێز لە رووی ئابوورییەوە بەهێزن، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەكی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان، دواجاریش هاتنی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتانە و وەبەرهێنەرەكانیان، ناوچەی جوگرافیی هەرێمی كوردستانیش لەبارە بۆ كاركردنیان.
وشە/ هۆشیار عەلی
س: wishe.net