هەورامان نیوز
ئەمشەو بارانێكی بەلێزمە سنووری هەڵەبجەی گرتەوە و لە بەشێكی زۆر لە شوێنەكانی شارەكە بووە هۆی لافاو و بەهۆیەوە ئاو چووەتە ناو چەند ماڵێك و گوتەبێژی شارەوانی هەڵەبجەیش زیانەكانی بارنەكە ئاشكرا دەكات.
ئەمشەو سێی نۆڤێمبەری 2024، فەرحان عیزەت گوتەبێژی شارەوانی هەڵەبجە بە “وشە”ی راگەیاند، لە ئەنجامی ئەو بارانە بەخوڕەی كە هەڵەبجەی گرتووەتەوە، 15 خانوو لە شارەكە ئاو رۆیشتووەتە ناویان و زیانی مادی بەر خانوو و ماڵەكان كەوتوون.
گوتەبێژەكەی شارەوانی زیاتر روونی كردووەتەوە كە بارانەكەی ئەمشەو جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێكی گیانی بەدوای خۆیدا نەهێناوە.
ئەم قسانەی گوتەبێژی شارەوانی هەڵەبجە دوای ئەوە دێت كە ئەمشەو بارانێكی بەخوڕ هەڵەبجەی گرتەوە و بووە هۆی دروستبوونی لافاو و كۆبوونەوەی ئاو لەبەشێكی زۆری شارەكە و بەپێی ڤیدیۆ بڵاوكراوەكانی سۆشیال میدیایش زیانە مادیەكان جگە لەم ماڵانەی كە گوتەبێژی شارەوانی هەڵەبجە بۆ “وشە” ئاشكرای كردووە، زیانی تری مادی بەدوای خۆیدا هێناوە بە تایبەت ئەو زیانانەی كە بەر ئۆتۆمبێل و هۆكارەكانی گواستنەوەی هاووڵاتییان كەوتووە، بەڵام تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە هیچ ئامارێكی فەرمی لەلایەن بەرگری شارستانییەوە رانەگەیەنراوە.
وشە/هەڵەبجە – عەزیز رەسوول
س: wishe.net