هەورامان نیوز
دەسەڵات لە بەغدا ڕێگریەکی ڕوون دەکات لە ناردنی پشک و بەشی شایستە داراییەکانی کوردستان لە بودجە و موچە، بەتایبەتی لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی دارای عێراقەوە بووەتە مشت و مڕێکی دووبارە، ئەمەش نیەت خراپیەکی ئاشکرای دەسەڵاتە لەبەغدا ، کۆدەنگی و توڕەی خەڵکی کوردستان لەم پرسە لەهەموو پرسەکان گەرم و گوڕ ترە، چونکە نەناردنی موچە و قوتی خەڵک کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانیان دروست کردووە.
هەر لەم چوار چێوەیەدا بوو “سەرۆک مەسعود بارزانی” لە ووتارێکدا خاڵی لەسەر پیتەکان دانا دەنگی هەڵبڕی ووتی: خەڵکی کوردستان شۆڕش و تێکۆشانی بۆ موچە و پاروە نان نەکرد، بەڵکو بۆ سەربەرزی و پاراستنی کەرامەتی تاکی کورد شۆڕشی کرد، ئەو خەبات و تێکۆشان و قوربانیەی کورد بوو عێراقی نوێی دیموکراتی، فیدڕاڵی لێ بەرهەم هات .
بەڵام، بەداخەوە خەڵکی کوردستان دەستی دەستی پێدەکرێت ئەمەش جێگای قبوڵ نیە و ئەم بابەتەش هاوبەشی دەخاتە ژێر پرسیارو مەترسیەوە.
هاوبەشی ڕاستەقینە سەنگی محەکە
خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی گومانێکی زۆری هەبێت لەهاوبەشی ڕاستەقینە لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا، ئێستا کورد نەک هاوبەش نیە، بەڵکو مافە سەرەتاییەکانی پێڕەوا نابینرێت ئەمە لەکاتێکدایە کورد لەبنیاتنانەوەی عێراقی نوێدا ڕۆڵی زۆری هەبووە، قوربانی زۆری لەو پێناوەدا داوە، بەداخەوە لەدوای ساڵی 2003 و دروست بوونەوەی عێراقی نوێ دەسەڵاتدارانی یەک لەدوای یەکی بەغدا، عێراق بەتاکڕەوی بەڕێوە دەبەن کە دوورە لەمەبدەئی هاوبەشی و کارکردن بنەمای دەستوور و فیدڕاڵی پێگیری پێوە ناکرێت.
گرفتەکە تەنها پرسێکی ئیداری نیە لەنێوان بەغدا و هەولێر، بەڵکو ڕایەکی قوڵی گشتی لەکوردستان دروست بووە کەدەسەڵاتدارانی بەغدا نایانەوێت کورد نینۆکی هەبێت خۆی پێ بخورێنێ، کورد ئەو هەستە دەکات دەسەڵات لە بەغدا ڕێگری دەکات لەگەشەسەندنی هەرێمی کوردستان.
خەڵکی کوردستان گەیشتونەتە ئاستێک سەبرو ئارامی سیاسیان نەماوە، ئەگەر بەغداد لەسەر هەمان هەڵوێستی دوژمنکارانەی نان بڕین و دەستی دەستی کردن بەردەوام بێت، خەڵکی کوردستان هەڵوێستێکی وای دەبێت کە ئەم عێراقەی ئێستا نەک وەک خۆی نامێنێ بەڵکو هەموو ئەگەرەکان کراوەن.
بەرپرسیاریەتی لەگەردن و ئەستۆی نوێنەرانی کوردە لەبەغدا
لەم بارودۆخە ناهەموارەدا خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی لەوانە بپرسێ کەنوێنەرایەتی دەکەن لەبەغدا لەسەرۆک کۆمار کە”پارێزەری دەستوورە” جێگرانی سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی نوێنەران – پەڕلەمان، وەزیرو پەڕلەمانتاران، ئایا کێ ئێوەی ناردۆتە بەغدا ؟
ئێوە نوێنەری خەڵکی کوردستانن یان بەرژەوەندیییەکانی خۆتانن و بەس ؟
گەلی کوردستان داوای هەڵوێستێکی سیاسی یەکگرتووانەتان لێدەکات بەرگری لەبەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، ئەگەر پێتان ناکرێ فەرموو بەتەواوی لەو بەغدا “وێران”بووە بکشێنەوەو پرۆسەی سیاسی بەجێبهێڵن کەدادپەروەری و هاوبەشی و هاوسەنگی تیادا نەماوە.
تۆپەکە لەگۆڕەپانی ئێوەدایە
سەرۆک مەسعود بارزانی وەک وەک ڕابەرو مەرجەعی گەلی کوردستان کۆتا هۆشداریدا، مانەوەی کورد لەبەغدا بەبێ کەرامەت و ڕێز گرتن لەئیرادەی گەلی کوردستان سوکایەتیە بەبەخوێنی شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەستدرێژیە بۆ سەر خەبات و قوربانی سەد ساڵی گەلی کوردستان.
ئەمڕۆ تۆپەکە لەگۆڕەپانی نوێنەرانی کوردە لەبەغدا یان لەهاوشانی میلەت و خەڵکی خۆتان بوەستن و بەرگری لەمافەکانیان بکەن و لەگەڵ ئازارو مەینەتییەکانیان بژین، یان ئاوا بەبێ هەڵوێستی بمێننەوە کەخیانەتە لەو ئەمانەتەی لەسەرشانتان بوو یان بەرنەفرەتی مێژوو بکەون.
س: zagrosn.com