• هەواڵی بەپەلە

ترەمپ چۆن شەڕی ئۆكراینا دەوەستێنێت؟

هەورامان  نیوز

 
دوای بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ و گەیشتنەوەی بە كۆشكی سپی، چاودێران ئاماژە بۆ گۆڕانكاریی گەورە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەكەن، بەتایبەتی كە ترەمپ لە میانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەڵێنی وەستاندنی شەڕەكانی ئۆكراینا و غەزە و لبنانی دا، ئەگەرچی دیار نییە ئەو چۆن دەتوانی ئەو كارە بكات، چەند شارەزایەك بەشێك لە پلانەكانی ئاشكرا دەكەن.
 
تا ئێستە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا پیرۆزبایی سەركەوتنی لە ترەمپ نەكردووە، لەوكاتەی بەرپرسانی رووسیا دووپاتیان كردەوە كە چاوەڕوانن ترەمپ چۆن بەڵێنی وەستانی شەڕی ئۆكراینا دەباتە سەر، د. مەحموود ئەفەندی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، رووسیا پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا نەپچڕاندووە، كەچی ئەوان و ئەمەریكا پێوەندییان لەگەڵ رووسیا وەستاندووە، ئێستە رووسیا پێشوازی لە هەر پلانێكی ئاشتی دەكات كە رەچاوی ئاسایشی نەتەوەییەكەی بكات.
 
روونی كردەوە، ئامرازەكانی ئەمەریكا بۆ راگرتنی شەڕی ئۆكراینا بریتییە لە وەستانی كاتیی شەڕەكە و سڕكردنی بێ چارەسەركردنێكی ریشەیی كێشەكە، بەپێی زانیارییە دزەكراوەكانی رۆژئاوا پلانی سەرۆكی ئۆكراینا بۆ ئاشتی لەگەڵ رووسیا بریتییە لە وەستانی هەردوو دەوڵەت لە سنوورەكانیان و دروستكردنی ناوچەیەكی دابڕاو بە رووبەری 1200 كیلۆمەتر سێجا، ئۆكراینا بەڵێنی نەچوونە ناوهاوپەیمانی ناتۆ بۆ ماوەی 20 ساڵ بدات، بەڵام رووسیا ئەوە قبووڵناكات، چونكە بریتییە لە سڕكردنی شەڕەكە نەك كۆتاهاتنی.
 
وەك ئەو شارەزایە دەڵێت، پوتین دەیەوێ چەكی ئۆكراینا دابماڵرێت و ببێتە دەوڵەتێكی بێ چەك و بێ لایەن، ئەوەش بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی رووسیا، رەنگە ترەمپ خواستی كۆتاهێنانی بە شەڕی ئۆكراینا هەبێت، بەڵام ئامرازەكانی بەدەست نییە، چونكە لە حاڵەتی رازیبوونی ترەمپ بە مەرجەمانی پوتین، واتە شكستهێنانی ئەمەریكا لە ئامانجە ستراتیجییەكانی بەرانبەر بە رووسیا. 
 
ئەو شارەزایە لە كاروباری رووسیا زیاتر ئاماژە دەكات، زەحمەتە ئەمەریكا ئەو رێگەیە بگرێتە بەر، چونكە دەبێتە دداننانی بە هێزی رووسیا و هاوتا بۆ خۆی، واتە كۆتاهاتنی دەسەڵاتی ئەمەریكا لە ئەوروپا، كە رەنگە ببێتە هۆی لادانی ترەمپ لە دەسەڵات یان كوشتنی، چونكە دەبێتە رووبەڕووبوونەوەی خواستی دەوڵەتی قووڵی ئەمەریكای نەیار بۆ رووسیا، كۆتاهێنان بە شەڕی ئۆكراینا لە بەرژەوەندیی رووسیا واتە دۆڕانی ئەمەریكا و ناتۆ و كۆتاهاتنی باڵادەستیی ئەمەریكا لە ئەوروپا، رووسیاش جیا لەوەی ئۆكراینا ببێتە دەوڵەتێكی بێ چەك و بێ لایەن قبووڵی چارەسەری تر ناكات.  
 

س: wishe.net

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here

بەناوبانگترین