هەورامان نیوز
هێزەكانی توركیا ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانیان لە سەرانسەری وڵاتدا دژی پاشماوە و تۆڕە نهێنییەكانی بزووتنەوەی فەتحوڵا گولەن دەست پێ كرد، لەو چوارچێوەیەشدا دەیان كەس بە تۆمەتی كاركردن و ئەندامبوون لەو ڕێكخراوەدا گیران.
لە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دادی توركیا ئاشكرایان كرد، پلانێكی گشتگیر لە هەر 81 پارێزگاكەی توركیا، دژی 968 تۆمەتباری “ئەندامی ڕێكخراوی فەتۆ” كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ڕاگەیەنراوەكە، ئەندامانی ئەم ڕێكخراوە لە ماوەی ڕابردوودا لە دەرەوەی وڵاتەوە خۆیان ڕێكخستووەتەوە، توانیویانە بڕێكی یەكجار زۆر پارە بۆ سەرپەرشتیكردنی چالاكییەكانیان كۆ بكەنەوە.
هەر لە ڕوونكردنەوەی وەزارەتەكانی ناوخۆ و داددا هاتووە، هێزەكانی توركیا لە كاتی هەڵكوتانەسەر حەشارگە و بنكەكانی ئەو تۆڕە، دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر پارەی كاش، زێڕ و ئامێری ئەلیكترۆنیی پێشكەوتوودا گرتووە، كە هی ڕێكخراوەكە بوون و بەكار خراون بە مەبەستی دەستپێكردنەوەی چالاكییە نهێنییەكانیان لە شارەكانی توركیادا.
حكوومەتی توركیا لە دوای ڕووداوەكانی ساڵی 2016 و بە تۆمەتی ڕاستەوخۆی داڕشتن و ئەنجامدانی كودەتای سەربازیی سەرنەكەوتوو، چالاكییەكانی ڕێكخراوی فەتۆی بە تەواوی قەدەغە كرد و ناوەكەی خستە ناو لیستی فەرمیی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی وڵاتەكەیەوە.
س: wishe.net







