• هەواڵی بەپەلە
Homeڕاپۆرتتەیمور موستەفایی:لە دامەزرانی حیزبەوە هەورامیەکان لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتدا بەشدار بوون، هەزاران...

تەیمور موستەفایی:لە دامەزرانی حیزبەوە هەورامیەکان لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتدا بەشدار بوون، هەزاران کادر و پێشمەرگە لە خەباتی حیزبی دیموکرات لە پێناو ڕزگاری نەتەوەیی و دیموکراسیدا چالاکانە بەشدار بوون.

هەورامان نیوز

🔴وتوێژێکی تایبەتی هەورامان نیوز لەگەڵ کاک تەیمو موستەفایی ئەندامی دەستەی ڕێبەری حیزبی دیموکرات

هەورامان نیوز:ئایا حزبی دیموکرات تاچەند لەئامانجەکانی نزیک بوەتەوە؟

 تەیمور موستەفایی: 79 ساڵ پێش، حیزبی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەساسی کۆمەڵەی ژک دامەزرا و بەرنامەی خۆی لە 8 خاڵدا ڕاگەیاند، کە سێ خاڵی سەرەکی ئەو بەرنامەیە خەباتکردن بوو لە پێناو “ڕزگاری نەتەوەیی، دیموکراسی ، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و…….”هتد یەکەم دەستکەوتی حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوو. ئەو کۆمارە بە دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە لە ژێرناوی “سوپای میللی”دا و هەروەها بەرەسمی‌کردنی زمانی کوردی کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی شوناسی نەتەوەییە، دانانی سرودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ناوچەکانی کۆماری کوردستاندا و بەڕێوەبردنی زۆر کار و کردەوەی پێشکەوتوو و شۆڕشگێڕانەی دیکە، توانی شوناسێکی تایبەت بەمرۆڤی کورد بدات و ئەو پڕوپاگەندانەی دوژمنان، کە دەیانگووت کورد توانای خۆ بەڕێوەبردنی نییە پوچەڵ بکاتەوە و باوەڕ بەخۆبوون بگێڕێتەوە بۆ ڕیزی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان. بە داخەوە دوای 11 مانگ، کۆمار کەوتە بەرهێرشی ڕێژیمی پاشایەتی و کۆتایی بەتەمەنی هات. لەو پیلانگێڕییەدا، بەکرێگیراوانی نێوخۆیی و هێزە بیانییەکانیش یارمەتیدەری ئەرتەشی شای ئێرانیان کرد. مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی79ساڵی ڕابردوودا، پڕە لە کار و تیکۆشان، فیداکاری و خۆبەخت کردن لەپێناو گەشەپێدانی هەستی نەتەوایەتی و شوناسخوازیی کورد. ئەم تێکۆشان و فیداکارییە و حزور لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و ئاشناکردنیان بەمافەکانیان ،حیزبی واخۆشەویست کردووە کە خەڵکی کوردستان بە پیر بانگەوازەکانیەوە بچن. هەرچەند ئەو تێکۆشانە بەداخەوە تا ئێستا بە ئامانجە سەرەکیەکەی کە ڕزگاری نەتەوەیی و دەستەبەربوونی مافەکانی گەلەکەمانە نەگەیشتووە، بەڵام بەخۆشیەوە، بیری نەتەوەیی هەموو ناوچەکانی کوردستاندا لە” ماکووە تائیلام” بەشێوەیەک ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە کە مرۆڤ لە سەرکەوتن دڵنیا دەکاتەوە. شۆڕشی ژینا و دەوری ڕۆڵە نەبەزەکانی خەڵکی کوردستان لەو شۆڕشەدا کە توانی کۆشکی زۆرداری ئاخوندەکان بلەرزێنێ، بە دروشمی “قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە “کە ڕێگای قاسملووی نەمر تێکۆشان بۆ “ڕزگاری نەتەوەیی، دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی” هەمان ویستە کە لە یەکەم بەرنامەی ئەم حیزبەدا گونجێندرابوو، نیشانەیەکە بۆ ڕاست و دروستی ئەم سیاسەت و ویست و خواستانە و پێداگرییە بۆ تێکۆشان تا وەدیهێنانیان. ئەمەش نیشانەی سەرکەوتنی ئەو سیاسەتەیە

. هەورامان نیوز: هەڵبژاردنی پزیشکیان تاچەند سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر دۆزی کورد لەڕۆژهەڵات و پارتە کوردیەکان دەگۆڕێت؟

 هەڵبژاردن لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا شانۆسازییەک زیاتر نییە، لەو شانۆسازیەدا ئەکتەرە سەرەکیەکانی ئیدارەدانی هەڵبژاردن مۆرە دەستنیشان کراوەکانی نیزامن. لەو بەناو هەڵبژاردنانەدا هیچکام لە پێوەرەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد”یەکسانی، کێبەرکێ،دادپەروەری ، چاودێری و…هتد” بوونی نییە. هێنانی خەڵک بۆ سەر سەندوقەکانی دەنگدان لەو بەناو هەڵبژاردنەدا تەنیا بۆ چاو بەست کردنی بیروڕای گشتی جیهانییە ودەیانهەوێ بە دونیا بڵێن کە ئەوان ڕەوایی لە خەڵک وەردەگرن. دەنا لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەروەک خاتەمی دوای دوو دەورە سەرۆک کۆماری ڕایگەیاند “سەرۆک کۆمار لە ئێراندا تەداروکچیەک زیاتر نییە” و ئەوەی سیاسەتەکانی نیزام دیاری دەکات ڕێبەری نیزام “عەلی خامنەییە”. . لەم هەڵبژاردنەشدا کە بەتازەیی بەڕێوە چوو ،عەلی خامنەیی ڕێبەری نیزامی کۆماری ئیسلامی ،لە پەیامێک دا کە بە بۆنەی سەرکەوتنی مسعود پزشکیان بڵاوی کردەوە داوا دەکات کە: “مەسعود پزشکیان ڕێگای ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری پێش پزشکیان کە لەپیلانێکدا کوژرا بە”سەرچاوەی مرۆڤی لاوە بەئیمان و شۆڕەشگێڕەکانەوە “درێژەبدات و ئەمەش پێداگرییە لە درێژەدان بەسیاسەتەکانی ڕابردوویان. مەسعود پزشکیانیش ڕۆژی دواتر دەڕواتە خزمەتی خامنەیی و دەڵێ: :”لە پێشدا دەبێ سپاسی ڕێبەر بکەم ،چوون ئەگەر پشتیوانی بەڕێزی نەبا گومان ناکەم ناوی من لە سەندوق دەرهاتبا” کە ئەمەش ئاماژەیەکە بەو ڕاستیە کەناوبراو بەڕاسپاردەی خامنەیی بەربژێربوونی پەسەند کراوە ، هەربۆیە پزشکیان لە پرۆسەی تەبلیغاتی سەرۆک کۆماریدا بەردەوام ڕایدەگەیاند ئەو هاتووە تا ئامانجەکانی ڕێبەر جێبەجێ بکات. ڕێبەریش ڕاسپاردەی بە سەرۆک کۆماری تازە درێژەدانی ڕێبازی ” ئیبراهیم ڕەئیسی” سەرۆک کۆماری پێشوویە، ئەمەش ئەو واتایە دەگەیەنێ کە چاوە ڕوانی ئاڵووگۆڕێکی ئەوتۆ لە سیاسەتەکانی ڕێژیم لە پزشکیان و تیمەکەی نەکرێت. بۆیە لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتانەدا و تا ئەم ڕێژیمە و بەتایبەت عەلی خامنەیی دەسەڵاتداری ئێران بن چاوەڕوانی هیچ گۆڕانێک بە نیسبەت کورد و مافەکانیەوە ناکرێ ، ڕەنگەبۆ چاو بەستنی خەڵک لە سەتحی وەزیر و ئۆستاندارێک لە کابینەکەیدا لەوکوردانە کە مۆرەی تواوەی خۆیانن بەشداری پێبکەن کەئەمەش ناچێتە خانەی مافەکانی گەلەکەمانەوە. ڕێژیم لە داهاتووشدا هەروەک ڕابردوو کوردستان وەک ناوچەیەکی ئەمنیەتی چاو لێدەکات و گرتن و لەسێدارەدانەکان هەروا درێژە دەدات هەر وەک لەوماوەیەدا پزشکیان بە سەرۆک کۆماری ئێران دیاریکراوە 34 کەس لە سێدارە دراون کە زۆربەیان کوردن، بەدەیان نەفەریش لە شارەکانی کوردستاندا دەستبەسەر و زیندانی کراون.

هەورامان نیوز: تاچەند حیزبی دیموکرات خزمەتی ناوچەی هەورامان دەکات وەکو ڕەسەنترین شێوەزاری کوردی و هەورامیەکان تا کام شوێن لەناو حیزبی دیموکرات دەچنە سەرەوە؟

 تەیمور موستەفایی: حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو کاناڵە میدیاییانەی کە بۆ بڵاوکردنەوەی بیری کوردایەتی وناساندنی مافە نەتەوەیەکانی گەلەکەمان دایمەزراندوون هیچکات غافڵ نەبووە لەخزمەتکردن بەزاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی کە زاراوەی هەورامیش یەکێک لەو زاراوانەیە و بۆ پەیوەندی گرتن بە خەڵکی ئەم ناوچەیە و ناساندنی کلتوری پێشکەوتووانە و دەوڵەمەندی ناوچەی هەورامان بەرنامەی تایبەتی تلویزیونی هەم لە تیشک تی ڤی و هەم لە کوردکاناڵ هەبووە. کە دوایین بەرنامەیان بەرنامەیەکە بەناوی ئاوازگە کە لەم بەرنامانە کەسانی شارەزا بە فەرهەنگ و کلتوری ناوچەکانی هەورامان بەشدارییان پێکراوە و شوێندانەری باشی لە سەر بینەرانی هەورامی زمان هەبووە. لە بواری سیاسیشدا لە دامەزرانی حیزبەوە هەورامیەکان لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتدا بەشدار بوون، هەزاران کادر و پێشمەرگە لە خەباتی حیزبی دیموکرات لە پێناو ڕزگاری نەتەوەیی و دیموکراسیدا چالاکانە بەشدار بوون. سەدان ڕۆڵەی تێکۆشەری ناوچەی هەورامان لەم خەباتە سەربەرزانەیەدا شەهید بوون. کادرە کانی ناوچەی هەورامان لە پلەی سیاسی و پێشمەرگایەتی ئەم حیزبەدا دەورێکی بەرچاویان گێڕاوە، لەم چل ساڵەی دواییدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کادرەکانی هەورامان بەپلەی ڕێبەری حیزب گەیشتوون، تا ڕادەیەک لە چەند دەورەشدا لە حەوت ئەندامی دەفتەری سیاسی ئەم حیزبە دوو تا سێ کەس لە ئەندامانی دەفتەری سیاسی خەڵکی ناوچەی هەورامان بوون کە ڕۆڵی زۆر کاریگەریشیان هەبو

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here

بەناوبانگترین