هەورامان نیوز
حه‌مه‌نه‌زیف قادری ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ریی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، له دیمانه‌یه‌كدا كه ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵیدا كردوویه‌تی، باس له‌وه ده‌كات كه ئاسایشی سلێمانی جگه له بێهزاد خوسره‌وی ئه‌ندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، په‌نابه‌رێكی سیاسیی تری به ناوی شاهۆ ئه‌حمه‌دزاده‌ی راده‌ستی ئیتڵاعاتی ئێران كردووه‌ته‌وه.
ئه‌و بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا باس له ورده‌كارییه‌كانی راده‌ستكردنی ئه‌و دوو هاووڵاتییه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌لایه‌ن ئاسایشی یه‌كێتی کرد و گوتی، ”ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئێمه له مێژه له سلێمانی نیشته‌جێیه و دایك و خوشكیشی له‌گه‌ڵی ژیاون، ئه‌وانیش له سلێمانی ئاگادار كراون ده‌بێت سلێمانی به‌جێبهێڵن.”
حه‌مه‌نه‌زیف قادری به وردی به‌ڵگه‌نامه‌كانی مانه‌وی خوسره‌ی له هه‌رێمی كوردستان دەخاتە روو و ده‌ڵێت، ئه‌و ئه‌ندامەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانە و به‌ڵگه‌ی نشینگه‌ی له سلێمانی هه‌یه، كارته‌كه‌ی تا مانگی 12ی ئه‌مساڵ به‌سه‌ر ناچێت و له كۆمسیۆنی په‌نابه‌ران ناوی تۆمار كراوه و هیچ گرفتی ئیداری و سیاسی و ته‌ناهیی نه‌بووه، به‌ڵام ئاسایش بانگیان كردووه و خستوویانه‌ته ژێر لێپرسینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه.
ئه‌و له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا باسی شاهۆ ئه‌حمه‌دزاده ده‌كات و روونی دەکاتەوە کە ئه‌ویش سه‌ربه لایه‌نێكی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵات بووه بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌و لایه‌نه سیاسییه ئاشكرا بكات، ته‌نیا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه شاهۆ خه‌ڵكی مه‌ریوانه و له‌گه‌ڵ بێهزاد به یه‌كه‌وه راده‌ستی ڕاده‌ستی ئیتڵاعاتی سنه كراون.
به‌رپرسه‌كه‌ی حدكا ئاماژه‌ی داوه كه سه‌ردانی ئاسایشی سلێمانییان كردووه و له سه‌ره‌تادا نكوڵی كراوه له‌و بابه‌ته، به‌ڵام دواتر بۆیان ده‌ركه‌وتووه ئاسایشی یه‌كێتی راده‌ستی كردوونه‌ته‌وه، له كاتێكدا ده‌بوو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی لێ ئاگادار بكرایه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر هەر هه‌ڵه‌یه‌كی كردبێت یان بە هەر هۆکارێک گیرابێت.
مه‌ترسیی گیانی له‌سه‌ر سێ هه‌زار تێكۆشه‌ری سیاسی كوردی ئێران له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه
حه‌مه‌نه‌زیف قادری كرده‌وه‌كه سه‌ركۆنه ده‌كات و ده‌ڵێت، ئه‌مه مه‌ترسیی گیانی له‌سه‌ر سێ هه‌زار تێكۆشه‌ری سیاسی كوردی ئێران له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و ئه‌گه‌ر دووباره ببێته‌وه، ئه‌وا زیانێكی گه‌وره به پێگه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ده‌گات، به‌تایبه‌ت ئاسایش وه‌ك لایه‌نێكی ته‌ناهی كه ئه‌ركداره له پاراستنی گیانی ئه‌و هاونیشتمانیانه‌ی كوردی ڕۆژهه‌ڵات.
جێی باسه پێرێ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاو كرایه‌وه كه تێیدا بێهزاد قسه ده‌كات و ده‌ڵێت، ئازاده و هیچ كێشه‌یه‌كی نییه، به‌ڵام له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكادا حه‌مه‌نه‌زیف قادری ده‌ڵێت، ئه‌و ڤیدیۆیه چه‌واشه‌كارییه‌كی ته‌واوه و بێهزاد ئازاد نه‌كراوه و به زۆره‌ملێ ئه‌و قسانه‌ی پێ گوتراوه.
پێویسته بگوترێ هه‌ر دوای ئه‌و رووداوه، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا به روونی، بێبه‌ریی دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌م كرده‌وه‌یه راگه‌یاند و گوتی، بێهزاد به فه‌رمانی بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتی راده‌ستی ئیتڵاعاتی ئێران كراوه‌ته‌وه.
س: wishe.net