هەورامان نیوز
رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە یەکەم وتاری ھەینیدا دوای زیاتر لە چوار ساڵ داوای یەکگرتووی وڵاتانی ئیسلامی کرد دژی نەیارەکانیان.
عەلی خامنەیی لە وتارەکەیدا رایگەیاند، ئەگەر وڵاتانی ئیسلامی پشتیوان بن خودا لەگەڵیان دەبێت و سەرکەوتوو دەبن، بەپێچەوانەوە وڵاتانی دوژمن ھەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی دەدەن و دەست لەو ھەوڵانەیان ھەڵناگرن.
وتیشی، گەلی موسڵمان دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر پیلانەکاندا و دوژمنی گەلی ئێرانیش ھەمان دوژمنی گەلی فەلەستین و لوبنان و عیراق و میسر و سوریایە، واتە دوژمنمان یەکە بەڵام بەشێوەی جیاواز.
خامنەیی باسی لەوەشکرد، گەلی فەلەستین مافی ھەیە کە بەرگری لە خۆیان بکەن، ھیچ کەسێکیش مافی ئەوەی نییە بڵێت بۆچی بەرگری دەکەن.
لە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵدا، ئەوە یەکەمین جارە خامنەیی وتاری ھەینی پێشکەش بکات، دوایین جار کە وتاری پێشکەش کرد لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠دا بوو، چەند رۆژێک پێشتر قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی بەغداد کوژرا.