هەورامان نیوز
ئەمڕۆ سێشەم دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق بڕیاری هەڵوەشانەوەی فەرمانە وەلائییەكەی هەفتەی رابردوو دەری كرد سەبارەت بە راگرتنی سێ یاساكەی دا، جیا لە رەتكردنەوەی تانەی لە میكانیزمی دەنگدان لەسەر سێ یاساكە درابوو، بەوەی لە پەرلەمان بە یەك پاكێج و بێ ژماردنی دەنگەكان هەرسێ یاسای لێبوردنی گشتی و هەمواری باری كەسێتی و گەڕاندەوەی زەویوزارە زەوتكراوەكان تێپەڕ كراون.
د.شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە لە پۆستێك لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، سوپاس بۆ خودای گەورە دادگای فیدرالی سكاڵای لە دژی هەرسێ پڕۆژە یاساكە رەت كردەوە، ئیتر هیچ بەربەستێك لەبەردەم گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و زەوییەكان بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان نەما، پیرۆزە لە خەلكی كەركووك و دووبز و پردێ و لەیلان و تازەو سەرگەڕان و داقووق و خورماتوو و خانەقین و مەندەلی.
دادوەر جاسم عومێری سەرۆكی دادگای فیدراڵی لە دانیشتنی دادگاكە ئەمڕۆ سێشەم گوتی، دەستوور رێساكان دادەڕێژێت و لەسەر بنەمایان سیستمی فەرمانڕەوایەتی دێتە هەڵسەنگاندن و سنوور و كۆتەكان دیاری دەكات، بڕیار لەسەر ئازادی و مافە گشتی و تایبەتەكان دەدات و گەرەنتیی پاراستنیان رێك دەخات، پەرلەمان لە ژمارەیەك ئەندام پێك دێت كە نوێنەرایەتیی تەواوی گەلی عێراق دەكەن، ئەوان بە دەنگدانی گشتیی و راستەوخۆ و ئاشتییانە دێنە هەڵبژاردن و لەوەشدا رەچاوی نوێنەرایەتیی هەموان دەكرێت.
روونی كردەوە، دەستوور دەسەڵاتەكانی پەرلەمانی دیاری كردووە، لەوانە دانانی یاساكان و بڕیاردان لەبارەیانەوە لە دانیشتنەكانی، مادەی 37 لە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان باسی ئەوە دەكات پەرلەمان تاوتوێی بڕگەكانی كارنامەی دانیشتنەكانی دەكات بەپێی ئەو پلەبەندییەی لە خشتەی كارەكانیدا هاتووە، نابێت تاوتوێی بڕگەیەكی نوێ بكات تەنیا دوای كۆتاهێنانی بڕگەكەی پێش ئەوە نەبێت.
ئەو دادوەرە دووپاتی كردەوە كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی بڕیار درا بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانە وەلائییەكەی تایبەت بە وەستانی كاركردنی بە سێ یاسای لێبوردنی گشتی و هەمواری باری كەسێتی و گەڕاندنەوەی زەویزارە زەوتكراوەكان، جیا لە رەتكردنەوەی تانەكەی لە شێوازی پەسندكردنی سێ یاساكە درابوو.
شایەنی باسە پەرلەمانی عێراق دوای چەندان دانیشتن نەیتوانی سێ یاسای لێبوردنی گشتی و هەمواری باری كەسێتی و گەڕاندنەوەی زەویوزارە زەوتكراوەكان پەسەند بكات، بۆیە رێككەوتن كرا كە ئەوان بە یەك پاكێج لە دانیشتنی 21ی كانوونی دووەمی رابردوو پەسند بكرێن، دوای ئەوە ژمارەیەك پەرلەمانتار لە دادگای فیدراڵی تانەیان لە شێواز و میكانیزمی پەسندكردنی سێ یاساكە دا.
هەفتەی رابردوو دادگای فیدراڵی فەرمانێكی وەلائی بۆ وەستانی جێبەجێكردنی یاساكان تا كاتی بڕیاردان لەسەر تانەكە دەركرد، بەڵام ئەنجوومەنی بالای داوەری دژی وەستایەوە و بڕیاری بەردەوامبوونی جێبەجێكردنی یاساكان دەركرد، ئەمڕۆش دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی دا بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانە وەلائییەكەی و تانەكەشی رەت كردەوە.
س: wishe.net