هەورامان نیوز
وڵاتانی برێکس ئامانجیان لێدانی دۆلارە و هێنانەخوارەوەیەتی لە تەختی پاشایەت، کە بە هێمای باڵادەستیی و هەژموونی خۆرئاوا دادەندرێت. رەنگە قسەکردن لەمەڕ دراوێکی تازە بە ناوی برێکس زوو بێت، بەڵام بازرگانیکردن بە دراوە نیشتمانییەکان خەریکە دەبێتە واقیع. مامەڵەی نەوتی ئەم دوایییەی نێوان هیندستان و ئیماراتی عەرەبی، کە بە روپێ دیاریکراوە، تەنیا هێرشکردنەسەر رێکخستنی پەترۆدۆلار نییە، کە لە ساڵی 1973وە زاڵ بووە، ئەگەر هەنگاونان بەرەو سیستمێکی جیهانیی نوێ نەبێت.
دۆلاری ئەمریکی بە پاشای دراو ناوزەد کراوە و ساڵانێکە دراوی فەرمیی بازرگانیی نێودەوڵەتییە، لە ساڵی 1944 بۆتە دراوی یەدەگ لە زۆر وڵاتی جیهاندا، بڕیارەکە لە لایەن وەفدێکی 44 وڵاتی هاوپەیمانەوە بە ناوی رێککەوتنی (بریتۆن ودز) دراوە. وڵاتانی وەک روسیا و چین بانگەوازی وەستاندنی باڵادەستیی دۆلار دەکەن. ئەم پرۆسەیە پێی دەوترێت داماڵینی دۆلار (de dollarization) و ئاماژەیە بۆ کەمکردنەوەی باڵادەستیی دۆلار لە بازاڕی جیهاندا. بۆیە برێکس پرۆسەیەکە بۆ ئەوەی دراوێکی دیکە لە جیاتی دۆلاری ئەمریکی بەکار بهێنرێت بۆ بازرگانیکردن بە نەوت و کاڵاکانی ترەوە.
دروستکردنی یەک دراو لە نێوان وڵاتانی برێکسدا بە لەبەرچاوگرتنی داینامیکی سیاسیی و ئابووریی ئاڵۆزی نێوانیان، لەگەڵ کێشەکانی خستنەڕووی سیستمێکی ئاڵۆز و متمانەپێکراو بۆ رێکخستنی دراوی نوێ، قورس دەبێت
جیهانێکی فرەجەمسەری
لایەنگرانی داماڵینی دۆلار دەڵێن: ئەم پرۆسەیە وابەستەیی وڵاتانی دیکە بە دۆلاری ئەمریکیی و ئابووریی ئەمریکاوە کەم دەکاتەوە، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەمریکا لەسەر ئابووریی خۆیان. جگە لەوەش وڵاتان دەتوانن بەرکەوتنیان بە هەڵاوسانی دراو و گۆڕانی رێژەی سوود کەم بکەنەوە، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی سەقامگیریی ئابووریی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی قەیرانی دارایی.
نیودەلهی و پەیجین و مۆسکۆ ئەو وڵاتانەن کە ئێستا لە هەوڵی دامەزراندنی جیهانێکی فرەجەمسەریدان، زۆرینەی وڵاتانیش پشتگیرییان لێدەکەن. کارنامەی برێکس دەبێت لەسەر بنەمای هێنانەکایەی پەیوەندییە دراوییە نوێیەکان بێت، کە لەسەر ستراتیجێک دامەزرابێت کە بەرگریی لە دۆلاری ئەمریکی، یان یۆرۆ نەکات، بەڵکو دراوێکی نوێ پێکبهێنن کە لێهاتوو بێت لە سوودگەیاندن بە ئامانجە هاوبەشەکانیان.
لێرەدا دەکرێت بپرسین ئایا برێکس دەتوانێت باڵادەستیی دۆلار بهەژێنێت؟
باسی لادانی دۆلار لە ئارادایە، سەرۆکی بەرازیل لویس ئیگناسیۆ لولا دا سیلڤا لە پەیجین وتی: هەموو شەوێک لە خۆی دەپرسێت بۆچی هەموو وڵاتان دەبێت بازرگانیی خۆیان لەسەر بنەمای دۆلار بنیاتبنێن، دۆلاری ئەمریکی چۆن بەشێکە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان کینیا و جیبۆتی؟ لە 14ی حوزەیراندا لەبەردەم پەرلەمانی جیبۆتی، ویلیام روتۆی سەرۆکی کینیا پرسیاریکرد: بۆچی بەڕازیل پێویستی بە دۆلارە بۆ ئەوەی بازرگانیی لەگەڵ چین، یان ئەرجەنتین بکات؟ دەتوانین بە دراوی خۆمان بازرگانیی بکەین.
هەموو گەلانی وڵاتانی ئەندامی برێکس بە شێوازی جیاواز رەخنەیان لە باڵادەستیی دۆلار گرتووە. بەرپرسانی روسیا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سزاکان، پاڵپشتی لە داماڵینی دۆلار دەکەن. هەروەها حکومەتی چین بە روونی نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی باڵادەستیی دۆلارەوە خستۆتەڕوو و بەسەرچاوەی سەرەکیی ناسەقامگیریی و نادڵنیایی ئابووریی جیهانی ناوبردووە. پەیجین راستەوخۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی ناوەندیی ئەمریکای بە هۆکاری گێژاو لە بازاڕی دارایی نێودەوڵەتیی و دابەزینی بەرچاوی بەهای دراوەکانی دیکەدا دەزانێت. چین هاوکات لەگەڵ وڵاتانی دیکەی برێکس رەخنەی لە بەکارهێنانی سزاکان وەک چەکێکی جیۆپۆلەتیکیی گرتووە.
شارەزایان لە ئەمریکا بە قووڵی دابەشبوون، هەندێکیان پێیانوایە دۆلار بە باڵادەستیی دەمێنێتەوە، چونکە زۆربەی وڵاتان هیچ جێگرەوەیەکیان نییە، بەڵام هەندێکی تر پێیان وایە ئەگەری بوونی دراوێکی تر لە دەستی کۆمەڵەی برێکسدا دەتوانێت کۆتایی بە باڵادەستیی دۆلار بهێنێت.
ئایا دەکرێت دراوێکی نوێ بۆ تەحەدای باڵادەستیی دۆلار دابندرێت؟
وڵاتانی برێکس زیاتر لە 10 ساڵە هەوڵی کەمکردنەوەی پشتبەستنیان بە دۆلار دەدەن، سەرەڕای بەربەستەکانی بەردەم داماڵینی دۆلار، نابێت ئیرادەی گروپی برێکس بۆ مامەڵەکردن بە دراوێکی نوێ بە هەند وەرنەگیرێت، چونکە گروپەکە لە رابوردوودا بە سەرپێچیکردنی چاوەڕوانییەکان ناسراوە.
بێگومان باسکردن لە دراوێکی نوێ بۆ برێکس، نیشاندەرێکی گرنگە بۆ خواستی زۆر لە گەلان بۆ هەمەچەشنکردنی داراییان دوور لە دۆلار، سیستمێکی نوێی ئابووریی جیهانی بە دراوێکی نوێ بۆ برێکس یان داماڵینی دۆلار، لە شەو و رۆژێکدا سەرهەڵنادات، بەڵام دەتوانێت لە پابەندبوونی برێکس بە هەماهەنگیی سیاسەتەکانیان و بە داهێنان سەرهەڵبدات.
سەرەڕای هەژموونی دۆلار، هەندێک لە پسپۆڕان پێیانوایە، کە داهێنانی دراوێکی نوێ بۆ برێکس بۆ مامەڵە بازرگانییەکانیان واقیعییە. هەریەک لە گەلانی وڵاتانی برێکس قورسایی خۆیان هەیە لە ناوچەکەیاندا لە رووی ئابوورییە، لە کاتێکدا کە وڵاتانی جیهان رووبەڕووی گۆڕانی دیمەنێکی جیۆپۆلەتیکی دەبنەوە و تەحەدای باڵادەستیی نەریتی خۆرئاوا دەکەن، بەڵام هزری داماڵینی دۆلار، کەمکردنەوەی باڵادەستیی دۆلاری ئەمریکی لە بازرگانیی و دارایی جیهاندا- دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە زیاتربووە، بۆ سزادانی روسیا حکومەتەکانی خۆرئاوا ساڵی رابوردوو 300 ملیار دۆلاری یەدەگی دراوی بیانیی روسیایان سڕکرد، کە نزیکەی نیوەی کۆی گشتییە و بانکەکانی روسیایان لە سیستمی پارەدانی نێودەوڵەتیی (سویفت) دەرکرد، کە سیستمی ناردنی جیهانییە و ئاسانکاریی بۆ پارەدانی نێودەوڵەتیی دەکات.
بەڵام ئەوەی باسەکانی دراو نیشانی دەدەن، ئەوەیە کە وڵاتانی برێکس بە دوای دۆزینەوە و پەرەپێدانی هزری نوێوەن سەبارەت بە چۆنێتی هەژاندنی کاروباری نێودەوڵەتیی و هەماهەنگیی کاریگەرانەی سیاسەتەکان لە دەوری هزری داماڵینی دۆلار.
ئاستەنگەکان
هەنگاونان بەرەو داماڵینی دۆلار، خەریکە هێز بەدەست دەهێنێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاستەنگە ئابووریی و سیاسییە جۆراوجۆرانەی کە لە پێشەوەن، نە ئاسانە و نە خێراش چارەسەر دەبن، بۆ نموونە زیاتر لە %80ی بازرگانیی نێودەوڵەتیی بە دۆلاری ئەمریکی ئەنجام دەدرێت، هاوکات دۆلار %58ی یەدەگی دراوی بیانیی جیهان پێکدەهێنێت.
دروستکردنی یەک دراو لە نێوان وڵاتانی برێکسدا بە لەبەرچاوگرتنی داینامیکی سیاسیی و ئابووریی ئاڵۆز لەناو وڵاتانی برێکسدا، لەگەڵ کێشەکانی خستنەڕووی سیستمێکی ئاڵۆز و متمانەپێکراو بۆ رێکخستنی دراوی نوێ، قورس دەبێت، بۆیە پێویستە کۆدەنگییەک لە نێوان برێکسدا هەبێت، کە لە رووی ئابووریی و سیاسییەوە خواستراو بێت، هەر دراوێکی نوێ، ئەگەر بتوانن پێی رازی بن، پێویستی بە دەستپێکێکی بچووک دەبێت، کە هاوتەریب لەگەڵ دراوە ناوخۆییەکان کار بکات، ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت تا هەم متمانەپێکراو، هەمیش جیهانیی بێت. هەروەها پێویستی بە پێشینەیەکی بەهێزی بەڕێوەبردنی دراوی هاوبەش هەیە بۆ ئەوەی کەسانی دیکە قەناعەت پێبکات کە دراوی نوێ جێی متمانەیە.
ئامانجی کۆتایی
سەرەڕای ئەمەش دراوێکی نوێ، بۆ نموونە دراوێک بە ناوی (برێکس) پێویستی بە پشتگیریکردنی جۆرێک لە کاڵای وەک زێڕ دەبێت، یان کانزا دەگمەنەکانی دیکە، رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا داماڵینی دۆلار تەواو روونەدات، بەڵام تایەکانی خستنەگەڕی پرۆسەیاکی وا پێشتر خراونەتە جووڵە.
پێموایە ئامانج لە کۆتاییدا ئەوەیە کە سەنگی بە کۆمەڵی ئەم گروپە بە جۆرێک نیشان بدرێت، کە بەرژەوەندییەکانیان لەلایەن دەوڵەتانی دیکەوە بە تایبەت لە خۆرئاوادا لەبەرچاو بگیرێت، گروپێک کە بتوانێت نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی جیهانی گەشەسەندوو بکات و رەنگە وەک ئامرازێک بێت بۆ کۆکردنەوەی پشتگیریی زیاتر لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە وڵاتانی برێکس بەنیازن سیستمی زاڵی دۆلار بگۆڕن، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی داماڵینی دۆلار لە سەرانسەری جیهاندا. دواتر چی روودەدات نازانرێت، بەڵام ئەوەی کە دۆلار دەستەڵاتی لەدەست دەدات خەمڵێنراو و دڵنیاییە، ئەمەش راستەوخۆ لێدانە لە باڵادەستیی ئەمریکا کە دۆلار هۆکارەکەیەتی.
س: www.knwe.org