هەورامان نیوز
لە دوا وێستگەی سەردانە چەند رۆژییەكەی بۆ ژمارەیەك وڵاتی كەنداو، ئەمڕۆ پێنجشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گەیشتە ئەبو زەبیی پایەتەختی ئیمارات و لە لایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆكی ئەو وڵاتە پێشوازی لێ كرا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە دوای دەستبەكاربوونی لە 20ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ تا ئێستە دوو سەردانی بۆ دەرەوەی ئەمەریكا كردووە، یەكەمیان بەشداریی لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان كرد، دووەم سەردانیشی بۆ هەریەك لە سعوودیە و قەتەر و ئیمارات بوو، كە ئەمڕۆ لە دوایین وێستگەی سەردانەكەی گەیشتە ئەبو زەبی.
ترەمپ لە سەردانەكەی بۆ سعوودیە و قەتەر چەندان رێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتنی بە بەهای نزیكەی دوو ترلیۆن دۆلار واژوو كرد، كە بوارەكانی وەبەرهێنان و پیشەسازی و سەربازی و تەكنۆلۆجیا و تەناهی و هیتریشی گرتەوە، چاوەڕوان دەكرێت لە ئیمارات بە هەمانشێوە چەند رێككەوتنێك واژوو بكەن، بەتایبەتی كە ئیمارات بە گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا لە قەڵەم دەدرێت.
س: wishe.net