هەورامان نیوز
لە ماوەی رۆژانی داهاتوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لایەنی براوەی هەڵبژاردن، واتە پارتی دیموكراتی كوردستانە رادەسپێرێت بۆ ئەوەی گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت دەست پێ بكات، سیاستەوان و شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە كە كابینەی نوێ جیاوازە، بەو پێیەی چەند لایەن و لیستێكی نوێ بەشداریی هەڵبژاردنیان كردووە و خاوەن كورسیی پەرلەمانی كوردستانن، دووپاتی دەكەنەوە، دەبێت ئەوانەی بەشداریی كابینەكە دەكەن بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن.
لە ماوەی كابینەكانی رابردوو، ئەو لایەنانەی كە بەشداریی حكوومەتیان كردووە هیچكامیان ئامادەی هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی نەبوون و تەنیا بۆ ئەوە بەشداریی حكوومەتیان كرد كە وەزارەت و پۆست و پلە وەربگرن، لەكاتێكدا بەشداریكردن لە حكوومەت هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتییە، هاوشانییە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو بەربەست و كێشانەی دێنە بەردەم حكوومەت و قەوارەی هەرێمی كوردستان، پێویستە بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن تا پێكهێنەرانی حكوومەت پێكەوە رووبەڕووی هەر دۆخێك ببنەوە.
ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند، شتێكی زۆر بێ مانایە ئەو حزبانەی كوردستان كە كاری لەسەر دەكەن، وەك ئەوەی گوایە ئەوان دڵسۆز و خەمخۆری خەڵك بن، لە ناو حكوومەتن، بەڵام دژی حكوومەتیشین، ئەمە لە هیچ شوێنێكی دنیا بوونی نییە، تەنیا ئەو حزبانەی كە خۆشیان نازانن بەرنامە و پلان و سیاسەتییان چییە، یان بەشداریی حكوومەت مەكەن، یان كە كردتان بەو جۆرە بیكەن كە بە مانا راستییەكەی بەشداریی لە حكوومەت لە هەموو شتێك لە تەنگژەكان، كاری باش، خزمەتكردن، لە دەستكەوت، لە كاری گەورە و فراوان و بەهێزكردنی كوردستان.
باسی لەوەش كرد، ئەو حزب و لایەنانە دەبێت فێری ئەوە بن كە كاتێك دەچنە ناو حكوومەتەوە بەرنامەی خۆیان هەبێت، لە رێگەی حكوومەتەوە بەرنامەكەیان جێبەجێ بكەن، كار بۆ بەهێزكردنی حكوومەت بكەن، بۆیە بەشداریكردن تەنیا بۆ دوو پۆست و دوو وەزیر و بەڕێوەبەر نییە، یان لە نزیكی هەڵبژاردن بڵین دەكشێینەوە، واتە لە خواردنی كێكەكە بەشداریی بكەن، بەڵام هیچ بەرپرسیاریەتییەك هەڵنەگرن.
لای خۆیەوە رێبوار كەلاری، چاودێری سیاسی گوت، ئەوانەی بەشداریی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، پێویستە لەسەریان بە شێوەیەكی زۆر باش مامەڵە بكەن و بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن و حكوومەت بە هی خۆیان بزانن و خۆیان بە خاوەنی حكوومەت بزانن، هەرێمی كوردستان پێویستی بە كاركردنی پێكەوەیی هەیە، حكوومەتیش هی خەڵكە، ئەگەر لایەنێك بچێتە ناو حكوومەت، كەواتە دەبێت لە پێناو خەڵك حكوومەت بە هۆی خۆی بزانێت، لە رێگەی حكوومەتەوە كار بكات بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكیان داوە جێبەجێی بكەن و كار بكەن و خزمەت بكەن، لەگەڵیشیاندا حكوومەت بپارێزن و رێگە نەدەن دژایەتی بكرێت.
روونی كردەوە، پێكهێنەرانی كابینەكانی رابردوو، لەگەڵ ئەوەی پۆست و پلەی باشیان هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا دژی حكوومەت هەنگاویان ناوە، حكوومەتیان بەس بۆ پلە و پۆست بەكار هێناوە، هیچ مامەڵەیەكی بەرپرسیارانەیان نەكردووە، وەك ئۆپۆزسیۆنێك مامەڵەیان كردووە، نەشیان زانیووە ئەو رۆڵە بگێڕێن كە ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە دەیگێڕێت، ئەگەر كارێكی باشیش كرابێت دەڵین ئێمە كردوومانە، بەڵام بۆ هەر دۆخێك كە رووبەڕووی بووبێتەوە هێرشیان كردووەتە سەر حكوومەت و لایەنی براوە كە بەردەوام پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، پارتیش هیچكات لە بەرپرسیاریەتی هەڵنەهاتووە وەك ئەوەی ئەوان دەیكەن.
دڵشاد نامیق، رۆشنبیر و مامۆستا دووپات دەكاتەوە، پێویستە ئەوانەی بەشداریی حكوومەت دەكەن زۆر بە باشی مامەڵە بكەن، نەك حكوومەت بكەنە ئامرازێك بۆ پۆست و پلە، بەڵكو حكوومەت بكەن بە هۆكارێك بۆ ئەوەی كاری باش و خزمەت بكەن، چونكە حكوومەت هی خەڵكەو لە رێگەی حكوومەتەوە خزمەتی خەڵك دەكرێت.
دووپاتی كردەوە، حكوومەت بۆ ئەوەیە بەبێ جیاوازی كار بكات و خزمەت بكات، ئەوانەشی لە داهاتوو دەچنە ناو حكوومەتەوە بەو نەفەسەوە كار بكەن و ئامانجیان خزمەتكردن بێت، دەبێت حكوومەت كار بۆ پاراستنی بكرێت، لە دەستكەوتەكان بە هی خۆتی بزانیت، هەر وەك لە هەر قەیران و دژایەتییەكیش بە هەمان شێوە.
وشە/ تایبەت
س: wishe.net