هەورامان نیوز
بەهۆی گرانبوونی زێڕەوە پرۆسەی هاوسەرگیری لە كوردستان كەم بووەتەوە، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فتوا لە هەرێمی كوردستان رای گەیاند، مارەیی لە قورئاندا دانراوە وەك دیاری، بەڵام شێوە و رێژەكەی دیاری نەكراوە.
د. حەسەن موفتی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فتوا لە هەرێمی كوردستان گوتی، لە شەرعدا دیاری نەكراوە مارەیی چی بێت و چەند بێت، بەڵام دەبێت شتێك بێت كە لەو كاتەدا قیمەت و قازانجێكی هەبێت، لەمڕۆدا زێڕ قازانجی هەیە، بەڵام شتی تریش هەیە كە دەكرێ سوودی مادی هەبێت.
د. حەسەن موفتی گوتی، ئەگەر خەڵك هان بدرێت مارەی كەم بكرێتەوە كارێكی گرنگە، چونكەی لە شەرعدا رێژەكە دیاری نەكراوە و دەكرێت دەستكاری رێژەكە بكرێت، ئەگەر رێژەكە زۆر بێت لەم دۆخەدا رێژەی پرۆسەی هاوسەرگیری كەم دەكاتەوە، ئەوە لە بەرژەوەندی نە پیاو و نە ژنە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فتوا لە هەرێمی كوردستان لە درێژەی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەوە دا، لە سەردەمی پێغەمبەردا لەسەر پەروەردە مارەی دەكرا، لەسەر خوێندەواری و خەڵك فێركردنی خوێندەواری و كاری خێر ژن مارە دەكرا، بۆیە مەرج نییە تەنیا پارە و زێڕ بێت، ئەگەر ژن و پیاو رێكبكەون و یەكتریان پێ باش بێت و نیازی دروستكردنی ماڵێكیان هەبێت، دەكرێ مارەیان بۆ گرنگ نەبێت، بەڵام ئەمە ئەوكاتە كە دوو كەسەكە متمانەیان بەیەك هەبێت.
لەمبارەیەوە د. محەمەد پێنجوێنی سەرۆكی لیژنەی فتوای سلێمانی، لەبارەی مارەیی كچانەوە ڕای گەیاند: مارەیی لە قورئانی پیرۆزدا دانراوە بە دیاری، ئەو كوڕە دەیبەخشیت بەئافرەتەكە، لە بەرانبەر ئەو پرۆسەیەی دەیەوێت دروستی بكات بۆ ئەوەی بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی دەیەوێت لەگەڵ ئەم ئافرەتە هاوسەرگیریی بكات لەسەر بنەمایەكی دروست.
ئاماژەی بەوەش كردووە، لە ساڵانی حەفتاكاندا زانایانی عێراق مارەییان كرد بە دوو بەشەوە، بەشێكیان بەحازر دانا و بەشەكەی تریان بە قەرز، ئەمەش بۆ ئاسانكاریی هاوسەران بوو.
سەرۆكی لیژنەی فەتوای سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ڕووی شەرعەوە بڕی مایەی بۆ كچان دیاری نەكراوە و دەتوانرێت زیو یان زێڕ ،یان برنج یان خواردن یاخۆ هەر شتێكی تر بكرێتە مارەیی بۆ كچان.
مارەیی لە یاسادا
مارەیی لە یاسادا ئەو شتەیە كە پیاو پێشكەشی ئافرەتی دەكات وەك بەڵگەیەك لەسەر ویستی بەستنی هاوسەرگیری لەگەڵیدا، حوكمەكانی مارەیی لە ماددەكانی 19 و 20 و 21 و 22ی یاسای باری كەسێتی ڕێكخراون.
بەپێی ئەم حوكمانە، ئەو مارەیی ناونراوەی نێوگرێبەستی هاوسەرگیری دەبێتە مافی ئافرەت، ئەگەر هیچ مارەییەك دیاری نەكرابێت لە گرێبەستەكەدا، ئەو كاتە ژنەكە مافی مارەیی هاوتای دەبێت بە مارەیی ژنە هاوتاكانی ئەو، كە باری كۆمەڵایەتیان لەو نزیكە، مارەیی لەوانەیە پێشەكی بێت، واتە مارەییەكە پێش شووكردن دەدرێت، لەوانەیە مارەییەكە دواخراو بێت، واتە دوای شووكردن دەدرێت، لەوانەشە بەشێكی مارەییەكە پێشەكی بێت و بەشەكەی تری دواخراو بێت، ئەم حاڵەتەش لە كۆمەڵگەی ئێمە باوە، ئافرەت دوای ئەوەی پیاوەكەی دەچێتە لای، مافی تەواوی مارەییەكەی دەبێت لە حاڵەتی كۆچی دوایی پیاوەكەی یاخود تەڵاقدانی، لە كاتی نەچوونە لای ئافرەتەكە ئەوا مافی نیوەی مارەیی ناونراوی نێو گرێبەستی هاوسەرگیری دەبێت لە كاتی تەڵاقدانی دا.
س: wishe.net