هەورامان نیوز
زۆرترین لە هەولێر و كەمترین لە كەركوك تۆمار كراوە
تەها عەبدوڵڵا
بەپێی ئامارێكی ئەنجومەنی شێرپەنجەی عیراق، كە لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاوكراوەتەوە «لەساڵی 2023دا لە عیراق و هەرێمی كوردستان 43 هەزار و 62 تووشبووی شێرپەنجە تۆماركراوە، كە زۆرترین تووشبوو لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عیراق لە پارێزگای هەولێرە و لە هەر 100 هەزار كەسێك 143 كەس تووشی شێرپەنجە بوون».
لەو بارەیەوە، دكتۆر رێوان حسێن پسپۆڕی نەخۆشیی شێرپەنجە لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ وتی: راستە رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە زیادیكردووە، ئەوەش چەندین هۆكاری هەیە، كە پیسبوونی ژینگە سەرەكیترینیانە و هۆكاری ئەوەش بوونی چەندین پاڵاوگەی نایاساییە لە شاری هەولێردا.
هەر سەبارەت بەو باسە، دكتۆر گەیلان قادر پزیشكی پسپۆر و ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: زیادبوونی رێژەی شێرپەنجە لە عیراقدا و بەتایبەتی لە شارێكی وەكو هەولێردا مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە و پێویستە وەزارەتی تەندروستی لە هەرێم و بەغدا بەدواداچوون بكەن و بزانن هۆكارەكەی چییە، تا ئاستێك بۆ ئەو مەترسییە دابنرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد كە بەدڵنیاییەوە وەك لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەران، چاودێریی بارودۆخەكە دەكەین و كاردەكەین بۆ دەستنیشانكردنی هۆكارەكان و لایەنی كەمتەرخەم.
س: www.knwe.org