هەورامان نیوز
زاخۆ دوایین مەشقی خۆی کرد و بۆ یاریی لوتکەی ئەم گەڕەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر شوڕته ئامادەیە.
شەممە ( 7ـی دیسێمبەری 2024 ) لە گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یارییەکی بە هێز و لوتکەدا، زاخۆ کاتژمێر 5:15 ئێوارە لە دەرەوەی یاریگای خۆی و تایبەت لە یاریگای شەعب لە بەغدا رووبەرووی شوڕتە دەبێتەوە.
مێژووی رووبەروو بوونەوەی نێوان هەر دوو یانە لە بەرژەوەی شوڕتەیە کە تائێستا 23 یاریی فەرمیان لە خولی عێراق بەرامبەر یەکتر کردووە، شوڕتە 14 یاریی بردۆتەوە و زاخۆ لە سێ یارییدا براوە بووه و لە شەش یاریشدا یەکسان بوونە، دوو یارییش لە جامی عێراق بەرامبەر یەکتر یارییان کردووە و شوڕتە لە هەر دوو یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە پێشەنگی ریزبەندی کە لە نۆ یارییدا 16 خاڵی هەیە، زاخۆ ئەمڕۆ ئامادەکارییەکانی کۆتایی پێهێنا و سەرجەم یاریزانەکانیشی ئامادەن بۆ یارییەکە، شوڕتە بە هۆی بەشداریکردن لە خولی بژاردەی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا تەنیا شەش یاریی کردووە و 14 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی حەفتەم دێت.
س: yariga.net