هەورامان نیوز
ئەمڕۆ دووشەم محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هاوەڵی سێ وەزیری حكوومەتەكەی، دەرەوە و پلاندانان و ناوخۆ، ئامادەی دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراق بوو، دانیشتنەكە كرایە نهێنی، وەك نووسینگەكەی ئاماژەی كرد باسی رێوشوێنەكانی عێراق بەرانبەر بە پەرەسەندنەكانی دۆخی سووریا كردووە، پەرلەمانتارێك باسی گرنگترین ئەو بابەتانە دەكات كە سوودانی تیشكی خستووەتە سەر.
موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، سوودانی لە دانیشتنی ئەمڕۆ تاوتوێی چوار بابەتی لەگەڵ پەرلەمان كرد، یەكەمیان دۆخی تەناهیی لە سووریا و كاریگەرییەكانی لەسەر عێراق و ئامادەسازیی وەزارەتەكانی بەرگریی و ناوخۆ عێراق و حەشدی شەعبی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان.
روونی كردەوە، تەوەری دووەم هەمواركردنی مادەی 12ی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بوو پێوەست بە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە تێكڕای 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، تەوەری سێیەمی قسەكانی گۆڕانكاریی ویزاری لە شەش وەزارەتی حكوومەتەكەی بوو، كە هۆكاری ئەنجامنەدانی تا ئێستە بەهۆی جیاوازیی بۆچوونی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بووە.
كازمی لەبارەی چوارەم تەوەری قسەكانی سوودانی ئاماژەی كرد، باسی بەرنامەی حكوومەتەكەی كرد، ئەوەی تا ئێستە جێبەجێ كراوە و ئەوەشی كە ماوە، ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە ئەگەری هەیە لەو ماوەی لە تەمەنی ئەم وەرزەی پەرلەمان، هەمواری مادەی 12ی یاسای بودجە پەسند بكرێت، بەڵام ئەوانیتر بۆ وەرزی داهاتووی پەرلەمان دوا دەخرێت، بەهۆی كەمیی ماوەكە و بوونی ناكۆكی لەسەریان.
س: wishe.net