هەورامان نیوز
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، هەرچەندە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم چانسێكی زۆری نەبوو و لەگەڵ دەستبەكاربوونی، كۆمەڵێك تەنگژە سەریان هەڵدا، بەڵام ئەوان نەیانتوانی پێش بە ئیرادە و پلانەكانی حكوومەت بگرن و توانی زۆرترین خزمەت پێشكەش بكات، ئێستەش خەڵك چاوی لەوەیە كابینەی نوێ خزمەت و كاری گەورە بكات و ئەوەی نەكرا یان مەودا نەبوو بكرێت لە داهاتوو بكرێت.
ئەوەی لە سەردەمی كابینەی نۆدا كرا، هەنگاوێك و سەرتایەك بوو بۆ ئەوەی لە كابینەی دەیەم بكرێت، سیاسەتوان و شارەزایان پێیان وایە بە دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ، دەبێتە هۆكاری چارەسەربوونی كێشەكان و چیتر هیچ ناوچەیەك ناتوانێت قۆرخكاری بكات و كێشە بۆ كارەكانی حكوومەت دروست بكرێت و بەرژەوەندیی حزبی پێش بەرژەوەندیی گشتی بخرێت.
لەوبارەوە سەعید هەركی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە “وشە”ی راگەیاند، لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا، سەرۆكی حكوومەت توانی باشترین خزمەت پێشكەش بە هاووڵاتییان بكات، ئێمە بەردەوام كێشەی ناوخۆییمان هەبوو و بەربەستی زۆر بۆ حكوومەت دروست دەكرا، بەرنامەی چاكسازی گرفتی زۆری بۆ دروست كرا، هەر لە سەرەتاوە رێ نەدرا بە چوونەپێشی چاكسازی، بەڵام سەرۆكی حكوومەت سارد نەبووەوە و توانی چاكسازیی گەورە بكات، چەندان بابەتی نایاسایی لە مووچە كۆتایی پێ بێنێت و بە هەزاران مووچەخۆری نایاسایی مووچەكانیان راگیرا، وەزارەتەكان چاكسازییان تێدا كرا، خانەنشینانی پلەباڵا چاكسازییان تێدا كرا و مووچەكانیان كەم كرایەوە و ملیاران دینار بۆ خەزێنە گەڕایەوە.
باسی لەوەش كرد، ئەو بەرنامەی كە سەرۆكی حكوومەت كاری لەسەر كرد، لە داهاتوو بەردەوامی پێ دەدات و ناوەستێت و كاری باشتر و گەورەتر دەكات، هەروەها هەنگاوێكی گرنگیش دەبێت بۆ ئەوەی حوكمی سەرانسەری بكرێت و لەو رێگەوە كۆتایی بەو كێشانە بهێنرێت كە هەندێك حزب لە سنوورێكی دیاریكراو دروستیان دەكرد و گرفتی گەورە بوون لەبەردەم كار و پلان و كارنامەی حكوومەت، ئەوەش بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵك بكرێت، بۆیە لە كابینەی داهاتوو كارەكان زیاتر و باشتر و فراوانتر دەكرێت، ئەوكات هاووڵاتییان دەتوانن بڕیار لەسەر ئەو چەند ساڵەی حوكمڕانی بدەن، ئەم كابینەیە لە ماوەیەكی كەم خزمەتێكی زۆری كرد، زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییان كردووە، دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرایەتییەكان بۆ هەموو كارێك، لە ساڵەكانی دهاتووش بەردەوام دەبێت، كابینەی نوێ كابینەی كاری گەورەتر دەبێت و ئاوەدانی دەست پێ دەكات.
لای خۆیەوە هیوا رەشید رۆشنبیر بە “وشە”ی گوت، ئەگەر ئەو قەیرانانە لەبەردەم كابینەی نۆیەم نەبوونایە زۆر كاری گەورەتری دەكرد، دوو ساڵی حكوومەت بەو دۆخەوە تێپەڕی و مەودای كاركردن كەم بوو، بەڵام بە كۆڵنەدان و بەردەوامیی سەرۆكی حكوومەت، توانی كاری زۆرباش بكات و تا ئاستێكی زۆر لە ئاست داواكاریی خەڵك بێت، لە رووی خزمەتكردن وەڵامی داواكارییەكان بداتەوە.
ئاماژەی كرد، حكوومەت بە ماوەیەكی كەم و بە داهاتێكی دیاریكراو، توانی كارێك بكات لە رابردوو نەكرابوو، بۆ داهاتووش خزمەتكردن بەردەوامی دەبێت و هەنگاوی گەورەتر و باشتر بۆ بەهێزكردنی كوردستان و پێگەی قەوارەی هەرێم و پێوەندییەكان، هەروەها كاركردن بۆ حكومی سەرانسەری، كە ئەمە رێكخستنەوە و كۆتاییهێنانە بە كێشەكان و لە لایەكی تریشەوە لە بەرژەوەندیی خەڵكە و قۆرخكاری نامێنێت.
هەرێم جەمال چاودێر و چالاك، بۆ “وشە” ئاماژە دەكات، كابینەی نۆ بەشێوەیەكی راست و دادپەروەرانە كارەكانی خۆی كردووە، پڕۆژەكانی بەسەر هەموو ناوچەكان بەبێ جیاوازی دابەش كردووە، هەوڵی داوە زۆرترین كار بۆ هاووڵاتییان بكات و خزمەتیان بكات، ئەوەی گرنگە ئەوەیە لە داهاوو حكوومەت بە هەمان شێوە بەردەوام بێت لە كاركردن و ئەو بەرنامە و پلانە و كارنامەی دادەنرێت بۆ خزمەتكردن بۆ چوار ساڵی داهاتوو درێژە پێدەری ئەو كارانەی ئەم كابینەیە بێت.
وشە/ تایبەت
س: wishe.net