• هەواڵی بەپەلە

شكستی ئیسلامی سیاسیی و خواسته‌‌کانی کورد

ن/سۆزان سەعید

هەورامان نیوز

هه‌رچه‌ند به ‌هۆکاری جۆراوجۆر جارێ زووه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامه‌کانی، بڕیاری ده‌ستنیشانکراو و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ بده‌ین، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ی تا ئێسته‌ ده‌رکه‌وتوون، ده‌توانین له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند گریمانه‌یه‌ک هه‌ندێ ڕا و سه‌رنجی سه‌ره‌تایی ده‌رببڕین. 
گریمانه‌ی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه،‌ ئه‌نجامی هیچ هه‌ڵبژاردنێک له‌ دنیادا و ته‌نانه‌ت له‌ وڵاته‌ پێشکه‌وتووه‌کانیشدا به‌ دڵی هه‌موو لایه‌نه‌کان نابێت، ئێمه‌ خولی پێشووی هه‌ڵبژاردنی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانمان له‌ بیره‌ کاتێک جۆ بایدن له‌ ترەمپی نرده‌وه‌، چۆڵنه‌کردنی کۆشکی سپی و نه‌هاتنه‌ خواره‌وه‌ی تره‌مپ له‌سه‌ر کورسیی ده‌سه‌ڵات، بوو به‌ ئاریشه‌یه‌کی جیهانیی تا شوێنێک که‌ هونه‌رمه‌ند و ڕێبه‌رانی ئاینی و زۆر که‌سایه‌تیی له‌ پیشه‌ جۆراوجۆره‌کان، تێوه‌ گلان. 
تره‌مپیش به‌و هۆیه‌ وازی نه‌ده‌هێنا، چونکه‌ به‌ حیساب ئه‌نجامه‌که‌ به‌ دڵی نه‌بوو! له ‌دواجاردا یاسا به‌سه‌ر “دڵ”ی تره‌مپدا سه‌رکه‌وت و دیسان دیموکراسی به‌و پێناسه‌ و ئاسته‌ ڕێژه‌ییه‌ی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان هه‌ناسه‌ی وه‌به‌ر هاته‌وه‌. که‌واته‌ ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕین یان تانه‌دان یان “به‌دڵ نه‌بوون” له‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک له‌ دنیا، بابه‌تێکی ئاسایی و بگره‌ به‌پێی هه‌ندی تایبه‌تمه‌ندیش له‌ پێویستییەكانی دیموکراسییە.
گریمانه‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی له‌ هه‌ر وڵاتێکدا بڵاو ده‌بنه‌وه ‌/بێگومان له ‌ڕێگه‌ی کۆمیسیۆنێکی تایبه‌ت که‌ پێشتر هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر ئه‌رکەكانی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردن ڕێککه‌وتوون/، ده‌کرێت به‌ دروست و ته‌واوکراو‌ وه‌ربگرین، ئه‌گه‌ر له‌ داهاتوو و له‌ ئه‌نجامی تانه‌دانه‌کان یان “به‌دڵ نه‌بوون” هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی کۆمسیۆن یان ده‌زگای هاوشانی ئه‌نجامی تر ڕاگه‌یه‌نرا، ئه‌وکات باسه‌که‌ شیکاریی دیکه‌ ده‌خوازێت، به‌ڵام تا ئه‌وکات ئێمه‌ ئه‌م ئه‌نجامانه‌ ده‌کرێ له‌ پێگه‌ی “نزیکترین ئه‌گه‌ر” له‌ ڕاستی وه‌ربگرین. 
ئه‌م تێڕوانینه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت که‌ ئێمه‌ له‌ خراپترین حاڵه‌تدا و به‌ ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ دۆخه‌که‌، ئه‌مه یه‌کێک له‌ لایه‌نه‌کانی دیموکراسی و هزری سیاسییه‌ و وه‌کوو ده‌ڵێن دیموکراسی خراپترین شێوازی حوکمڕانی و جیهانبینیی سیاسییه‌، به‌ڵام باشترینیشه‌. ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو شێواز و مۆدێله‌کانی حوکمڕانی و جیهانبینیی سیاسیی بخه‌ینه‌ سه‌ر مێزێک، به ‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان بۆ به‌خته‌وه‌ریی له‌ پله‌ی که‌ماڵ و ئایدیاڵدا نین و هه‌موویان خراپن، به‌ڵام له‌ ناو ئه‌و هه‌موو خراپانه‌دا دیموکراسی باشترین خراپه‌! 
ئه‌مه‌م بۆیه‌ ڕوون کرده‌وه،‌ تا قووڵایی و ئاڵۆزیی دیموکراسیی و باشییه‌كانیمان له‌به‌رچاو بێت و به‌م شێوه‌یه‌ هه‌م جیهانی نێوان مرۆڤه‌کان و خۆمان به‌م شێوه‌یه‌ ببینین و هه‌میش کۆمه‌ڵگە و سیستمی حوکمڕانی به‌ره‌و ئاقارێکی باشتر سه‌ربخه‌ین و له‌ به‌خته‌وه‌ری، ئازادی و ژیان به‌هره‌مه‌ند بین. 
به‌پێی ئه‌م دوو گریمانه‌یه،‌ باسه‌که‌ی خۆم به‌شێوه‌یه‌کی خێرا له‌سه‌ر خواست و ئاره‌زووی سیاسیی هاووڵاتییانی‌ کوردستان دەخەمە ڕوو، ئه‌گه‌رچی به‌ دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ک وتم سه‌رپێی باسی ده‌که‌م و قووڵبوونه‌وه‌ و باسی تێر و ته‌سه‌لتر له‌م باره‌یه‌وه‌ که‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زایان ده‌وێت که‌ نه‌ لایه‌نداریی سیاسی و حزبیان هه‌بێت و نه‌ ده‌مارگرژیی ئایدۆلۆجی و لاوازیی هزریی.
 
به‌پێی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن، چه‌ند شتێك جێی سه‌رنجن‌، 
یه‌که‌م، ئه‌وه‌ی هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی وه‌ک گۆڕان به‌ته‌واوه‌تی تووشی شكست بوو، بەراورد بە ساڵان و خوله‌کانی پێشووتری هەڵبژاردن، هه‌م ناکۆکییه‌کانی زیاتر ده‌رکه‌وتن و هه‌میش له‌ ڕووی بنکه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ زیاتر ته‌نیا که‌وت و ده‌کرێت بڵێین خه‌ڵک ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌یان به‌ جۆرێک سزا دا، هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نایه‌ت دید و تێڕوانینی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ کێشه‌ی جه‌وهه‌ریی هه‌یه‌، هێنده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ململانێ و ناکۆکی سیاسی و خوێندنه‌وه‌ی ناسیاسی و هه‌لپه‌رستانه‌ و به‌ بنه‌ماڵه‌ییکردنی هێز و میراسی ده‌سته‌جه‌معی گه‌یشته‌ چڵه‌پۆپه‌ی خۆی. 
ڕوونە کاتێک ئۆپۆزسیۆنێک له‌ ڕادیکاڵیزمی گۆڕانخوازییه‌وه‌ دێته‌ ناو پرۆسه‌یه‌که‌وه‌ که‌ خۆی ڕه‌تی کردووه‌ته‌وه،‌ خه‌ڵک له‌ ڕوانگه‌ی جۆرێک هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن له‌ پشتگرییه‌کانی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌. دیاره‌ ده‌نگه‌کانی گۆڕان به‌م ئاسته‌ سامناکه‌ که‌م ده‌کات و خاڵی گرینگ له‌م دابه‌زینه‌یش /به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆر که‌س که‌ مه‌زه‌نده‌یان ده‌کرد که‌مکردنی ده‌نگی گۆڕان بۆ ئیسلامییه‌کان بێت/، ئه‌وه‌یه‌ ئیسلامییه‌کانیش دۆخێکی خراپ و شکستئامێزیان ڕووبه‌ڕوو بووه‌وه‌. 
سه‌رنجه‌که‌ی من زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م نوشوستانه‌یه‌ که‌ ده‌نگی تانه‌دانه‌کانیشیانی دلێرتر کردووه‌، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و گریمانانه‌ی سه‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ پێشانده‌ری هوشیاریی جه‌ماوه‌رە له‌ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی خۆیدا،‌ ئه‌مه‌یش وابه‌سته‌ی خواستی سیاسی و فه‌لسه‌فه‌ی بژارده‌کردنه‌. 
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکی دیکه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر ڕێژه‌ی ده‌نگهێنانی لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌کان، له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسیاره‌ ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه‌، بۆچی له‌ کۆمه‌ڵگەیه‌کی زۆرینه‌ مسوڵماندا، حزبە ئیسلامییه‌کان ئەو پێگه‌یەیان له‌ ئاسته‌ سیاسی و حوکمڕانییه‌که‌دا هه‌یه‌؟ 
ڕه‌نگه‌ ڕوونترین و خێراترین وه‌ڵام ئه‌وه‌ بێت، چونکه‌ هه‌م گۆڕانکاریی له‌ تێڕوانینی ئاینی خه‌ڵک به‌دی هاتووه‌ و هه‌میش خه‌ڵک باوه‌ڕ و ئیمانی له‌ ئیسلامی سیاسیی جیا کردووه‌ته‌وه.‌ واته‌ ئه‌و هوشیاریه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی، ده‌شێت پارێزه‌ری به‌ها نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانییه‌کان بێت، ئەمە ئەو شتەیە له‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كاندا به‌دی نه‌کراوه‌. بۆیە ئیراده‌ی ده‌نگده‌ران ئه‌م دۆزە نەتەوەییەی به‌دی نه‌کردووه‌ و ئەم هەڵسەنگاندنە بۆ كورد لە بەرانبەر دۆزە نەتەوەییەكەیدا، گەورەترین گەوهەری ئەم هەڵبژاردنەیە.
ئه‌مه‌ وه‌ڵامێکی ساده‌یه‌ بۆ ئەو پرسیاره‌ی من و ده‌شێت زۆرتر و زیاتر هه‌م له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌ و هه‌میش له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌ باسنه‌کراوه‌کانی پێوه‌ست به‌م هاوکێشه‌یه‌وه‌ بدوێین و شیکاریی بکه‌ین. 

س: wishe.net

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here

بەناوبانگترین