هەورامان نیوز
نزیكەی سێ هەفتە پاش هەڵبژاردنەكان، بەشێكی زۆر لە لایەنە سیاسیەكانی هەرێم نوێنەری خۆیان دیاریكردوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان. كادرێكی پێشكەوتووی پارتیش دەڵێت: “لە هیچ لایەنێك قبوڵ ناكرێت دژایەتی حكومەتی هەڵبژێردراوی خۆی بكات، ئەگەریش وا بكەن مێژوو و دەنگدانی داهاتوو، هاووڵاتیان بە دڵنیاییەوە ڕەحمیان پێ ناكەن و بەر سزای گەل دەكەون.”
شیرین فوئاد مەعسوم، كادری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاند،” دەمەوێت ئەو پرسیارە ئیدی یەكلا ببێتەوە، ئەوەندەی پارتی هەل و دەرفەتی هەیە بەبێ یەكێتی حكومەت پێكبهێنێت نەك یەكێتی، هەموو حزبەكان پێكەوەش ناتوانن حكومەت دروست بكەن بەبێ پارتی، ئەمەش ڕوونە و پێویستی بە حاسیبە و بیركاری نییە، ئەوە ژمارەكانن قسە دەكەن و بەڕوونی دیارە.”
وتیشی، “نەك بەبێ یەكێتی، پارتی دیمكراتی كوردستان نایەوێت بەبێ هیچ حزب و لایەنێك حكومەتێك دروست بكا نیشتمانی نەبێت یان لایەنێك فەرامۆش بكرێت، پارتیمان دەیەوێت بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنەكان حكومەتێك دروست بكات لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی، یەك پەرلەمان یەك حكومەت یەك دەستوور و یەك هێزی پێشمەرگەی هەبێ، خەمی ئێمە خەمی داهاتووی گەل و خاكه، خەمی پۆست و پلە و یاری حزبایەتی نییە.”
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوار شەممە 13ی 11ی 2024، بەسەردانێكی فەرمی گەشتە هەرێمی كوردستان و دەستی بەگفتوگۆكردن لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان، یەكێك لە ئامانجەكانی لەگەڵ لایەنەكان بە پەلە پێكهێنانی” حكومەتێكی بنكە فراوانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم.”
بڕیارە لە دوای یەكلابوونەوەی ئەو تانانەی، كە لەلایەنەكان داویانە لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، لە ڕۆژی 20ی 11ی 2024 كۆمسیۆن یەكلایان دەكاتەوە، دوا بەدوای ئەوەش سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە ڕادەسپێرێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بە مەبەستی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
شیرین فوئاد مەعسوم، ڕاشیگەیاند، “تاكو تانەكان لە كۆمسیۆن تۆمار كراون تەواو نەبن و یەكلا نەكرێنەوە، ئەوە هیچ حزب و لایەنێك ناتوانێت دەست بە گفتوگۆ و دانووستان بكات، تانەكانیش 20ی مانگ دوا وادەیە و دوای ئەو كاتە شتەكان ڕوونتر دەبنەوە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامە و پاكێجی تایبەتی هەیە و خۆی ئامادە كردووە بۆ دانووستان و پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتووی نیشتمانی.”
وتیشی، “پارتیمان ڤیتۆی لەسەر هیچ كەس و لایەنێك نییە و دەرگای واڵایە بۆ هەموو حزبە سیاسیەكانی هەرێم، چونكە پارتی وەك حزبەكانی تر لە كەشوهەوای بانگەشەی هەڵبژاردن نەماوەتەوە.”
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە پارتی ڕەخنەی ئەوەی لە یەكێتی هەبوو، كە لە حكومەتدایە، كەچی دژایەتی كارەكانی حكومەت دەكات و بەربەست بۆ بڕیارەكانی لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین دروست دەكات.
شیرین فوئاد مەعسوم، كچی سەرۆك كۆماری پێشووتری عێراق لە پشكی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد،”كام ئۆپۆزسیۆن، ئەوەی خەڵك سزای دان و ژمارەی كورسییەكانیان نەما؟ یان ئەو ئۆپۆزسیۆنەی لەناو حكومەت بوون و جێگری سەرۆك وەزیرانیان بوو و ئامادەنەبوون پۆستەكانیان جێ بهێڵن.”
وتیشی، “پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتی جەنابی مەسروور بارزانی ئەوەی بەڵێنی دابوو لە كابینەی نۆ بە هاووڵاتیان جێبەجێی كرد، لە كابینەی دەیەمیش كه هەر مەسروور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەو بەڵێنانەی لە بانگەشە دابووی دەیەوێت بەكردار بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان جێبەجێی بكات، لە هیچ كەس و لایەنێكیش قبوڵ ناكات هاوڕێی ڕۆژ و دوژمنی شەو بێ، هەمووان دەبێ خەمی خاك و گەل و نیشتمان به هی خۆیان بزانن و پیاوی دەوڵەتداری بن.”
س: xelk.org