• هەواڵی بەپەلە

شەڕی غەزە بۆچی وەستا؟

هەورامان نیوز

 
دوای 15 مانگ لە شەڕێكی سەخت كە بە هێرشێكی فرەوانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە حەوتی تشرینی یەكەمی 2023 دەستی پێ كرد، شەوی رابردوو هاتە راگەیاندن كە رێككەوتنێكی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس كراوە و لە چەند قۆناغێك پێكدێت و هەریەك لە قەتەر و میسر و ئەمەریكا گەرەنتیی ئاگربەستەكە دەكەن، حەماس رازی بووە، بەڵام هێشتا حكوومەتی بچووككراوەی ئیسرائیل ماوە.
 
جاك لو باڵوێزی ماوە كۆتاهاتووی ئەمەریكا لە ئیسرائیل كە سەر بە پارتی دیموكراتە، دەڵێت، رێككەوتنەكە لە ئەنجامی هاریكاریی نێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ بوو، هاریكاریی نێوان هەردوو حزبی كۆماری و دیموكرات لە دوای هەڵبژاردنی ترەمپ بەر لە دوو مانگ، بۆیە هەمووان تێبینیی ئەوەیان كرد كە ئاگربەستەكە ئەنجامی هاریكاریی هەردوو ئیدارەكە بوو، گوتاری هەردوو ئیدارەكە جیاواز بوو، بەڵام یەك ئامانجیان هەبوو كە هاتە دی.
 
ئەو باڵوێزەی ئەمەریكا رووناكی خستە سەر بابەتێكی هەستیار كە پێوەستە بە ئەمەریكا و ئێران لە رێگەی حەماسەوە بەدرێژایی شەڕی غەزە دوای خست، ئەویش ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی سعوودیە و ئیسرائیلە و گوتی، ئاساییكردنەوە لەگەڵ سعوودیە بێ وەستانی شەڕی غەزە و هێوربوونەوەی دۆخەكە روونادات، دەستەیەكی شوێنگرەوەی حەماس لە غەزە فەرمانڕەوایەتی بكات، لەگەڵ مسۆگەریی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و ئۆتۆنۆمی بۆ فەلەستینییەكان، ئێران و حەماس زیاترین كەسن كە نایانەوێ باسی چارەسەری دوو دەوڵەت لە ناوچەكە بكرێت.
 
مستەفا بەرغووسی سەرۆكی پڕۆژەی نیشتمانیی فەلەستینی لە باسی رۆڵی ترەمپ لە ئاگربەستەكەی غەزە دەڵێت، ترەمپ گوتی كە ئەگەر رێككەوتن نەكرێت و بارمتەكان ئازاد نەكرێن، ناوچەكە دەكاتە جەهەنەم، لەوكاتەی بەهۆی شەڕەوە دۆخی غەزە پێش ئەو قسانە كارەسات بوو، بۆیە رەنگە قسەكانی ترەمپ تا رادەیەك كاریگەرییان هەبووبێت بەو پەلەپەلەییە و پێش هاتنی ترەمپ رێككەوتنەكە كرا، راستییەكەی ئەوەیە غەزە لەناو جەهەنەم دەژیا، گەمارۆ لەسەر دوو ملیۆن كەسی برسی و بێ ئاو و كارەبا هەبوو، دۆخێكی بژێوی كارەساتبار و ژێرخانێكی نیوچە وێران.
 
روونی كردەوە، جیا لەوە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گوشاری ناوخۆیی و دەرەكی لەسەر هەبوو و چیتر ناتوانێت بەرگەیان بگرێت، ئەو توانی یاری بە ئیدارەكانی پێشووی ئەمەریكا بكات، بەتایبەتی ئیدارەی بایدن، بەڵام ئێستە دۆخەكە جیاوازە و ترەمپ لە پەیامەكەی روون بوو كە شەڕ بوەستێنن، بۆیە نەتنیاهۆ تەنیا بژارەی پابەندبوونی لەپێش بوو.
 
بەرغووسی دووپاتی كردەوە، گوشارە ناوخۆییەكانی ناو حەماس و دۆخی كارەساتباری غەزە وای كرد سازش بكات و بە رێككەوتن رازی بێت، بەڵام ئاگربەستەكە بەهۆی درككردنی نەتنیاهۆ بوو بەوەی ناتوانێت چیتر خۆی بدزێتەوە و گوشارێكی ناوخۆیی و دەرەكی زۆر بەهێزی لەسەر هەبوو، چاودێران بۆ دۆخەكە پێیان وایە هۆكارێكی وەستانی شەڕ لە غەزە لەو كاتە و بەر لە هاتنی ترەمپ، سووربوونی بایدنە بەوەی ئەو كارە ببێتە دەستكەوتی ئەو، بەتایبەتی كە نەیتوانی لە ماوەی چەند مانگی رابردوو گفتوگۆكان بەو ئاراستەیە ببات.
 
ترەمپ دوای بردنەوەی لە هەڵبژلردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بەر لە دوو مانگ رای گەیاند كە ئەگەر بارەمتەكان تا كاتی هاتنی بۆ دەسەڵات ئازاد نەكرێن، دەرگەی جەهەنەم لە ناوچەكە لەسەر پشت دەبێت، بۆیەش قەتەر بەرژدی ئەو وریاكردنەوەی وەرگرت و گوشاری لە حەماس كرد بۆ قبووڵكردنی پێشنیازەكانی ئەمەریكا، لەو گوشارانەش وەدەرنانی سەركردەكانی حەماس لە قەتەر و وریاكردنەوەی تەواوی وڵاتانی ناوچەكە كە نابێت وەریان بگرن، بۆیە لە ماوەیەكی كەمی بەر لە هاتنی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی لە قەتەر گفتوگۆكان چڕ بوونەوە و بە ئاكام گەیشتن. 
 
شارەزایان پێیان وایە ئیسرائیل زۆرینەی ئامانجەكانی خۆی و ئەمەریكا و رۆژئاوای لە ناوچەكە جێبەجێ كرد، دۆخەكەی لە ناوچەكە بۆ گۆڕانكاریی گەورە ئامادە كرد، لەوانە لە لبنان و سووریا، كاتی ئەوە هاتووە ترەمپ پلانەكان تەواو بكات و ناوچەكە بەرەو ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتی سعوودیە ببات، جیا لە جێبەجێبوونی رێككەوتننامەی ئیبراهیمی، كە یەكێكە لە پلانەكانی ترەمپ، بۆیە دەركەوت پلان و دیدی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لەوەی تەواوی وڵاتانی تر جیاوازە و ئەوان چێشتەكە لەسەر ئاگرێكی كز دەكوڵێنن و ناوچەكە بەرەو ئامانجەكانیان ئاراستە دەكەن. 
 
ترەمپ لە میانی قسەكانی بۆ ئامادەكردنی دۆخەكە بەرلە هاتنی بۆ كۆشكی سپی گوتی، لەگەڵ جێبەجێبوونی رێككەوتنەكە ستیف ویتكوف نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانمان كار بۆ ئەوە دەكەن جارێكی تر غەزە نەبێتەوە حەشارگەیەكی ئارام بۆ تیرۆریستان، وەك ئاماژەیەك بۆ حەماس، شارەزایان پێیان وایە ترەمپ كار بۆ سوودبینین لە ئاگربەستەكە دەكات بۆ فرەوانكردنی پڕۆژەی ئاشتی عەرەبیی ئیسرائیلی كە لە یەكەم ماوەی دەسەڵاتی دەستی پێ كرد و بووە هۆی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی ئیسرائیل و هەندێك دەوڵەتی عەرەبی، ترەمپ دووپاتی كردەوە، رێككەوتنەكە لە غەزە وەك هێزێكی پاڵنەر بۆ فرەوانكردنی رێككەوتننامەی ئەبراهام بەكار دێنێت.   
 

س: wishe.net

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here

بەناوبانگترین