هەورامان نیوز
پێشکەوتنە کتوپڕەکەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە شەڕی ناوخۆی سووریادا، ئاڵۆزی بۆ ئیسرائیل و ڕۆژئاوا دروست دەکات، سەرکەوتنی هەر لایەکیان بە سەر ئەویتردا مەترسی خۆی هەیە.
بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا هاوپەیمانی ئێرانە کە دوژمنی ئیسرائیلە. سەرهەڵدانەوەی ئەم شەڕە هەڵگری هەڕەشەی بەهێزکردنی ئەو پێوەندییە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ لاوازکردنی تۆڕی ئێران لە وڵاتانی هاوپەیمان و میلیشیاکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا قورستر بێت.
ئەو گرووپە یاخیبووەی ئێستە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی ئەسەد بۆتەوە تەحریر شامە، لە لایەن ئەمەریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان کراوە و ئیسرائیل بە مەترسیداری دەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی.
هارێل چۆرێڤ، توێژەرێکی باڵا لە زانکۆی تەلئەبیب دەڵێت ”باشترین بژاردە بۆ ئیسرائیل ئەوەیە ئەو دووانە یەکتری لاواز بکەن نەک یەکێکیان بەسەر ئەویتردا سەرکەوێت.”
ئەیال زیسر، کە لە زانکۆی تەلئەبیب بەدواداچوون بۆ سووریا دەکات، دەڵێت لەم ساڵانەی دواییدا ئیسرائیل “ئەو شەیتانەی دەیناسین” واتە ئەسەد لای پەسەندترە، لەو ناسەقامگیرییەی و کە گروپە یاخیبووە ئیسلامییەکان دروستی دەکەن.
لەڕاستیدا بە گوتەی کاربەدەستانی ئیسرائیل و عەرەبی ، پێش هێرشی یاخیبووان، ئیسرائیل هیوای لە سەر ئەوە هەڵچنیبوو کە ئەسەد لە ڕێگەی بودجە و پێوەندی نزیکتر لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو کە دۆستی ڕۆژئاوان، لە ئێران دوور بخرێتەوە. سوریایان گەڕاندەوە ناو کۆمکاری عەرەبی کە پێشتر دەرکرابوو بە هۆی پێوەندییەکانی بە ئێران و حزبوڵاوە. هێزەکانی ئەسەد گەرم و گوڕبوون لە پشتگیریکردنی حزبوڵا لە شەڕەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، ڕێگەیان بە گواستنەوەی چەک دا بەڵام سەربازیان نەنارد.
لەگەڵ ئەوەی ئێستە ڕژێمی ئەسەد ڕووبەڕووی گەورەترین ئاڵنگاری بووەتەوە، ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی ئەو دەستکەوتانەی هەن لە دەست بچن. هەروەها پێشڕەوی خێرای یاخیبووان ناسەقامگیرییەکی نوێی دروست کردووە و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رژێمی ناوچەیی دەکات. هەروەها بەرپرسانی ئەمەریکا ترسیان لەوە هەیە کە ئەمریکا کە نزیکەی 900 سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە، ڕەنگە قووڵتر بخرێنە ناو ململانێکانەوە.
زیاتر لە دەیەکە سووریا خاڵی کێبڕکێی زلهێزەکان و کۆمەڵێک ئەکتەری دەوڵەتییە. لەپاڵ سووریادا، ئێران و ڕووسیا لەگەڵ حزبوڵا دەبینین بە چەک و شەڕکەر پاڵپشتی ڕژێمەکەیان کردووە. تورکیا پاڵپشتی بەشێک لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی شەڕی خۆی لە دژی جوداخوازە کوردەکان. ئەمریکا هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سەرکردایەتی کورد لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات لە هەڵمەتێکدا دژی توندڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی.
لە ماوەی نزیکەی دە ساڵدا گەورەترین ئاڵنگاری بۆ دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ئەوەیە گرووپە یاخیبووەکان دەستیان بەسەر حەلەبدا گرتووە. ڕووسیا بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی دایەوە بۆ پشتیوانی لە ڕژێمی ئەسەد.
ئیسرائیل لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011دا پاشەکشەی لە هەڵوێستی خۆی کرد، بەڵام لەگەڵ قووڵبوونەوەی ئامادەبوونی ئێران لەو ململانێیەدا و هاتنە ناوەوەی حزبوڵا بۆ شەڕەکە، هەڵوێستی ئیسرائیلیش گۆڕا. تا ساڵی 2014 ئیسرائیل دەستی بەو شتە کردبوو کە ناوی لێنابوو “شەڕی نێوان شەڕەکان” لە سووریا، زیاتر سەرنجی لەسەر پەکخستنی ناردنی چەک و پێداویستییە نایاساییەکانی دیکە بوو بۆ حزبوڵای دوژمنی لە لوبنان.
لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە لبنان توند بوو، ئیسرائیل هێرشەکانی لە سووریا زیاتر کردووە، لەوانەش هێرشێکی بوێرانەی هێزی تایبەت بۆ لەناوبردنی کارگەیەکی مووشەکی ئێرانی کە چەک بۆ حزبوڵا بەرهەم دەهێنێت.
ڕۆژی یەکشەم دوای ئەوەی یاخیبووان هێرشیان کردە سەر حەلەب بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی ”ئێمە بەردەوام چاودێری ئەو ڕووداوانە دەکەین کە لە سووریا ڕوودەدەن.”
لە ساڵانی ڕابردوودا ئەسەد هەوڵی چاککردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی دابوو کە دژ بوو بە هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ ئێران و حزبوڵا. کۆمکاری عەرەبی لە ساڵی 2023 دەنگی دا بە ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ سووریا و گەڕاندنەوەی وەک ئەندام. بڕیارەکە مەرجدارکرابوو بە پێوەندیی سووریا لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ شەڕی ناوخۆ، شتێک کە تا ئێستە ئەسەد بە هیچ شێوەیەکی مانادار ئەنجامی نەداوە.
هەروەها ئاماژە هەیە کە ڕژێمی سووریا لە ساڵی ڕابردوودا ئامادە نەبوو هێزەکانی بخاتە پاڵپشتییەوە بۆ حزبوڵا لە شەڕی ئیسرائیل. ئەسەد نە یارمەتی سەربازی و نە هێزی بۆ نارد و هێزەکانی ئەسەد خۆیان لە تۆڵەسەندنەوە لە کوشتنی حەسەن نەسروڵا سەرۆکی حزبوڵڵاش بەدوور گرت. بەڵام سەرۆکی سووریا ڕێگەی دا بە ناردنی چەکی ئێران بۆ حزبوڵا لە ڕێگەی سنوورەکانی.
ئیسرائیل لە ڕابردوودا پارەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوپای ئازادی سووریای دابین دەکرد لەکاتێکدا خاکی نزیک لە سنوورەکانی دەگرت. هەروەها لە نەخۆشخانەکانیدا چارەسەری پزیشکی پێشکەش بە چەکدارە بریندارەکانی بەرەی نوسرە کرد کە گرووپێکی یاخیبووی ئیسلامییە و پێشەنگترە لە تەحریر شام .
بەڵام تەحریر شام وەک گرووپێكی یاخی تێکەڵەیەکە لە ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم، دەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژیای تاڵیبانی ئەفغانستان و حەماسی فەلەستینییە، ئەمش لەلایەن ئیسرائیلەوە وەک هەڕەشەیەکی مەترسیدار سەیر دەکرێت، بەتایبەتی ئەگەر دەسەڵات بگرێتە دەست دەبێتە دراوسێی.
هەروەها شەڕ لە سووریا مەترسییە لە سەر ئاگربەستی ئیسرائیل و لبنان کە لە ئێستەوە بەهۆی ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا ئاڵۆزتر بووە. سوپای ئیسرائیل لە چەند مانگی ڕابردوودا سەرکردایەتی و توانا سەربازییەکانی حزبوڵای بە شێوەیەکی بەرچاو لە ناوبردووە، بەڵام ئەو گرووپەی لە ڕەگەوە هەڵنەکێشاوە. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لە چەکدارکردنەوەی حزبوڵا کردارێکە دەچیتە خانەی پێشێلکردنی ئاگربەست.
نەتەنیاهۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیسرائیل کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە چەکدارکردنەوەی حزبوڵا لە ڕێگەی خاکی سوریاوە. نەتەنیاهۆ ڕۆژی یەکشەم گوتی ئێمە پابەندین بە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە زیندووەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل، هەروەها بە پاراستنی دەستکەوتەکانی شەڕەکە.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەم هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر دیمەشق دەست پێ کرد و ڕای گەیاند، نوێنەری حزبوڵای لە سوپای سووریا کردووەتە ئامانج.
س: wishe.net