هەورامان نیوز
قسەكانی نەتەنیاهۆ لەبارەی ئەردۆغان و كوردەوە، بەرپرسانی توركیای تووڕە كردووە و گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانیش رای گەیاند، نەتەنیاهۆ ویستی كوردی عێراق و ئێران وەك بەكرێگیراو لە دژی ئێران بەكار بهێنێت، بەڵام كورد نەچووە پاڵ ئەم تۆڕە تاوانكارە.
عومەر چەلیك گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان ڕای گەیاند، نەتەنیاهۆ باسی ئەخلاق دەكات، لە كاتێكدا سوپاكەی بەردەوامە لە كاری بێ ئەخلاقی. گوتیشی، هیچ كەسێك لەسەر ئەم زەوییە باوەڕی بەوە نییە سوپای ئیسرائیل كە كۆمەڵكوژی لە غەزە ئەنجام دەدات، سوپایەكی ئەخلاقییە.
چەلیك لە لێدوانێكدا سەركۆنەی قسەكانی بنیامین نەتەنیاهۆ كرد، بەهۆی ئەوەی ئەردۆغانی بە دیكتاتۆر ناو بردبوو، بە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی دژی كوردیش تۆمەتباری كرد.
چەلیك ئاماژەی بەوە دا، نەتەنیاهۆ لە لێدوانەكانیدا توركیای تۆمەتبار كردووە بە ئەنجامدانی جینۆساید دژی كورد، ئەمە پڕوپاگەندەی ڕەشە كە زۆرجار پەنای بۆ دەبات.
گوتیشی، ئەمە لایەنێكی بە ئازاری هەیە، ئەویش ئەوەیە كاتێك هێرشیان كردە سەر ئێران، هەوڵیان دا برا كوردەكانمان لە ئێران و عێراق وەك بەكرێگیراو بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار بهێنن، بەڵام برا كوردەكانمان لە عێراق و ئێران بە ژیرانە لە دیوی راستی مێژوو وەستان و نەچوونە پاڵ ئەم تۆڕە ئەنجامدەرەی كۆمەڵكوژی.
ڕاشی گەیاند، ئیسرائیل بەردەوام هەوڵ دەدات سیاسەتی بەكارهێنانی كورد لە دژی توركیا پێڕەو بكات، لەگەڵ هەندێك عەرەب و برا درووزەكانمان و برا عەلەوییەكانمان هەمان شت دەكات، هەروەها هەوڵ دەدات ئەم كارە لەگەڵ هەندێك لە برا شیعەكانمان بكات، ئیتر كەس باوەڕ بە درۆی ئەم تۆڕەی تاوانبارانی كۆمەڵكوژییەكان ناكات.
نەتەنیاهۆ لە تویتێكدا لە پلاتفۆرمی “ئێكس”، ئەردۆغانی بە “دیكتاتۆرێكی دژە جوو” ناوبرد و ڕای گەیاند، ئەو “دوا كەسە كە مافی هەبێت وانەی ئەخلاق بە ئیسرائیل بڵێت”.
هەروەها نەتەنیاهۆ لە وەڵامدا ئەردۆغانی تۆمەتبار كرد بە ئەنجامدانی جینۆساید دژی كورد و پشتیوانیكردنی حەماس و سەركوتكردنی نەیارە سیاسییەكانی خۆی.
س: wishe.net







