• هەواڵی بەپەلە

فشارەکانی کۆماری ئسلامی لەسەرکۆمەڵە

وتووێزی دیجیتاڵ میدیای هەورامان نیوز لەگەڵ جەمیل سەرمەستی کادری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

هەورامان نیوز

جەمیل سەرمەستی

پرسیار :هۆکاری فشارەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئۆپۆزیسیونی کوردی ڕۆژهەڵات چییە؟

جەمیل سەرمەستی:هۆکارەکان زۆرن بەڵام بەرچاوترینیان دەگەڕێتەوە بۆ بیرکردنەوە و تێڕوانینی نەتەوەی سەردەستی ئێرانی لە سەر نەتەوەکانی دیکەی ئەو قەوارە سیاسییەی کە ناویان لێناوە ئێران و بە پارادایمێکی هزریی فاشیستی(چ لە بواری مەزهەبی و چ لە بواری نەتەوەییەکەیەوە) دەڕواننە نەتەوەکانی دیکە و بە تایبەتی نەتەوەی کورد، ئەوان ناسنامە و بوونی کورد بە دوژمنی خۆیان دەزانن، تەنانەت ئەو کوردانەی کە خۆش‌خزمەتیشیان بۆ دەکەن.ئەوەتا دەبینین کە ڕۆژانە لە ژێر ناو و پاساوی جیادا رۆڵەکانی ئێمە لەسێدارە دەدەن، ژینگەمان ئاگرتێبەردەدەن، سەروەت و سامانی کوردستان بە لێشاو تاڵان دەکەن و… بەڵام بێمەسەر پرسیارەکەی ئێوە، هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا هێزێکی دژبەری کۆماری ئیسلامین کە سەرەڕای هەموو زەخت و فشارەکان لەسەریان توانیویانە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر خەڵکی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێشەوە لەسەر خەڵکی نەتەوەکانی دیکە لەو جوغرافیایەدا هەبێت(نموونەی هەرەبەرچاوی مانگرتنی سەرتاسەریی کوردستان لە ٢١ی خەرمانانی ٩٧ی هەتاوی و شۆڕشی ژینا) و تەنیا هێزێکی چالاک و ڕیکخراوی نێوگۆرەپانی سیاسیین کە دەتوانن کە کاتی پێویستدا مەترسیی جیددی بن بۆ ڕژیمی ئێران و هێمایەکن بۆ هەستانەوە و هیوایەکن بۆ ئەو خەڵکە.بەڵام لە ڕاستیدا سیاسەتی درێژماوەی کۆماری ئیسلامی ئێران تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی و تەنانەت جوغرافیی و کۆمەڵایەتیی باشووری کوردستانە.

پرسیار:تا چەند حکوومەتی هەرێم چۆتە ژێرباری فشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران؟

جەمیل سەرمەستی:ئێمە لە پێوەندییەکان و بەرژەوەنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێدەگەین و ئاساییە وەکوو دوو وڵاتی دراوسێ لە بواری سیاسی و ئابوورییەوە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی کە دوژمنی ئێمەیە و لە ڕاستیدا دوژمنی هەموو کوردە و سەرچاوەی کێشە و قەیران و گرفتەکانی چوار بەشی کوردستانە و چاویشی بە خەڵکی کورد و بستێک خاکی کوردستان هەڵنایە مەگەر بۆ تاڵان و دزی و تێکدان نەبێت، بەڵام حکوومەتی هەرێم یان هەر حکوومەتێکی دیکە نابێت هێڵی سوور و بەرژەوەندییە درێژماوەکانیان لە بەرچاو نەگرن، کۆماری ئیسلامی تا سەر نابێت و ئەوەی دەمێنێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بۆیە بە بڕوای ئێمە نابێت هەموو هیڵکەکانیان بخەنە سەوەتەی داگیرکەرانەوە بە تایبەت کۆماری ئیسلامی.بە داخەوە تا ئێستا و بە پێی هەڵسوکەوتی حکوومەتی هەرێم نەک هەر فشارەکان بەڵکوو پێشنیار و داخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی لەم بەشەدا بەتەواوی جێبەجێ کراوە. و ئەوەش داهاتووی هەرێم تووشی مەترسییەکی گەورە دەکات لەبەر ئەوەی داگیرکەرانی کوردستان ستراتیژیی درێژماوە و هاوبەشیان بۆ کۆیلەکردن و شکانی هەموو کورد هەیە.

پرسیار: حکوومەتی عیراق بە فشاری ایران دەیهەوێت هەمان چارەنووسی موجاهێدین بەسەر کوردانی ڕۆژهەڵاتدا بێنێت؟

جەمیل سەرمەستی: ئەوەیکە ئەو دەیهەوێ ئێمە لە ناوبەرێ هیچ جێگای گومان نییە، بەڵام نەخێر ئەوەی بۆ ناچیتە سەر. موجاهێدین زۆر جیاوازن لە هێزە سیاسییە کوردییەکان، ئەوان پاش ئەو کارەساتە کە لە عیراق بەسەریاندا هات ئەوەندە کاریگەرییان نەبوو کە تەنانەت گوندێکی چکۆلەش لە نێوخۆی ئیران کاردانەوەیەکی لەهەمبەر ئەو جینایەتەدا هەبێت لە حالێکدا لەسەر کۆمەڵە و دێموکرات هەموو کوردستان ئامادەی هەرجۆرە کردەوە و شۆڕش و هەڵسوکەوتێکە.هەڵسوکەوتی ئەوان(موجاهێدین) لە گەل خەلکی عێراق و بەتایبەت کورد لە کاتی دەسەڵاتداریی سەدام زۆر نەشیاو و نابەجێ بوو بەڵام هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات(کۆمەڵە و دێموکرات سەرەڕای پێوەندییان لە گەل سەدام یەک خاڵی ڕەشیان لەسەر نییە کە دژی خەلکی باشووری کوردستان کردبێتیان.تەنانەت یارمەتیدەری شۆرشی ئەو بەشەی نیشتمانیش بوون کە بەداخەوە ئێستا هەر لەو بەشەی نیشتمانی خۆیاندا بە پێوانەی عەرەبێک، تورکێک یان فارسێکیش بۆیان ناپێون.

پرسیار :هەڵسوکەوتی خەڵکی ڕۆژهەڵات لەهەمبەر ڕاگواستنی زۆرەملێ کۆمەلە چییە؟

جەمیل سەرمەستی:خۆشەویستی و کاریگەریی و مێژوویەک قارەمانەتی و خوێن و خەباتی کۆمەڵە لە ڕۆژهەڵاتدا ئاساییە کە دڵی هەر کوردێکی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر بنیشیتە ژان و بەو هەڵسوکەوتەی ئەمڕۆ لە گەڵ خوشک و براکانیان لە لایەن هاوخوێنەکانی خۆیانەوە دەکرێ نیگەران بن و بە پەرۆشن و بە چرکەو سات لە پیوەندیدان لە گەڵمان و چاوەڕێ بڕیاری ڕێبەریی ئەو حیزبانەن.دیارە ئەوە بەشیک لە پیلانەکەی دوژمنە کە ئەم دوو بەشەی کوردستان بکاتە دژی یەکترکە ئیمەمانان دەبێ هەنگاوەکان و لێدوانەکانمان لە ئاستێکدا بێت کە پیلانی داگیرکەر پووچەڵ بکەینەوە. ٥.هەڵوێستی کوردەکانی باشوور چۆن دەبینن لە هەمبەر ئەو فشارانەی کۆماری ئیسلامی و حکوومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان؟ تاک و تەرا هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بینیوە لە خەڵکی باشوور بەڵام بە گشتی بەداخەوە هەڵوێستەکان لەوپەڕی لاوازیدان و ناگاتە یەک لەسەدی ئەو هەڵوێست و پشتگیرییەی کە بۆ غەززە گرتیان و ئەمەش کارەساتە. بەتایبەت کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆیی باشووری کوردستان(بێجگە چەند کەسێک بە تاک) هەر دیار نین و لەوپەڕی بێهەڵوێستیدان لەحاڵیکدا مەترسییە سەرەکییەکەی ئەم پیلانگەلە ڕووی لە خەلکی خۆشەویستی باشوورە.

پرسیار: خەیانەت و کوردفرۆسیی ؛لای کورد حاڵەتە یان بۆتە دیاردە؟

جەمیل سەرمەستی:کورد نەتەوەییەکی فەرهەنگی و مێژووییە کە خاوەنی یەکێک لە باشترین کولتوور و فەرهەنگە مرۆیی و دیارەکانی جیهانە،بارودۆخی ئێستای کورد یەکجار جیاوازە لە نەتەوەکانی دیکە. ئەو هەڵسوکەوت و ڕوانینەی بەشیک لە کورد دەگەڕیتەوە بۆ سایکۆلۆژیی خۆ بەکەمزانینی خۆی بە تاک و کۆ کە لەسەد ساڵی ڕابردوودا بە سەرهەڵدانی دەوڵەت نەتەوەکانی داگیرکەر و لە ئەنجامی سەرکوتی هەمەلایەنەی نەتەوەکەمان و پێنەگەیشتن لە بواری خۆناسین و باوەڕبەخۆبوونە و لەو ڕووەوە بەرژەوەندیی تەسک و کاتیی، تاک، بنەماڵە،عەشیرە و خێل، و لەدواییشدا حیزب کەوتۆتە پێش بەرژەوەندیی گشتی و داگیرکەرانیش ئاگرەکەی خۆشتر دەکەن.بارودۆخی ژیئۆپۆلتیک و سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیش کاریگەریی خۆیان هەیە.بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە ڕیبەر و سەرکردەیە کە هەر ڕیگایەک دیاری دەکات و دەیکاتە نەریت و دیاردە نەک کۆمەڵگەی کوردستان. کوردی ڕۆژهەڵات هەمووکات لەهەمبەر پارچەکانی دیکە بەرپرسیارەتیی هەبووە و ئەرکی لە خۆ گرتووە و لە هەموو ناخۆشی و خۆشییەکانیاندا بەشدار بووە، بەڵام مخابن هیچ پارچەیەک وەڵامی شیاوی خۆی بە ڕۆژهەڵات نەداوەتەوە بەڵکوو زۆر جاریش دەستیان لە گەڵ دوژمنان تێکەڵ کردووە بۆ لێدانی.

زڕگوێز

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here

بەناوبانگترین