هەورامان نیوز
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، موراد قەرەیلان ڕایگەیاند هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ و ئەو چوارچێوەی چارەسەرەی کە دەستنیشانی کردووە، گرنگییەکی مەزنی هەیە، گوتی کە هەرێمەکە سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوە و بژاردەیەکی مەزن پێشکەش بە هەمووان دەکات، ئەمە بۆ گەلانی تورکیا و گەلانی هەرێمەکە چارەسەرێکی ڕاستە و بە قازانجی گەلان دەشکێتەوە. قەرەیلان دووپاتی کردەوە، تا ئێستە لە ئاستی دەوڵەت و دەسەڵاتدا ئاماژەی پرۆسەی نوێ بەدی ناکرێت، بەپێچەوانەوە ڕۆژانە باس لە هەڕەشە و ڕووخاندن و توندوتیژی دەکرێت، گوتی: “لەوە تێدەگەین کە بەرپرسانی دەوڵەت لە ئیمراڵی چەند دیدارێکیان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا دەسەڵات بە فەرمی خاوەنداری لەمە نەکردووە. پێویستە بزانرێت لەم قۆناغە مێژووییە گرنگەدا، هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی هەڵوێستی خوشک و برایەتی تورک_کورد ئاسایی نین، بەڵکو مێژوویین. ئەمە بۆ بەرژەوەندی و ئایندە تەواوی کۆمەڵگەی تورکیا گرنگییەکی مەزنی هەیە. پێویستە ئەم هەوڵە گرنگانە بەدرووستی وەربگیرێن. لەبری ئەوەی وەڵامێکی ئەرێنی بدەنەوە، جووڵە و قسەگەلێک دەکەن کە دەبنە مایەی نیگەرانیی قووڵ”.
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەک موراد قەرەیلان، بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ـی دایەوە.
لە مانگی کانوونی دووەمداین. ئەم مانگە لەڕووی تێکۆشانەوە، مانگی شەهیدانە. بەبۆنەی ئەم مانگەوە دەتانەوێت چ بڵێن؟
سەرەتا لە کەسێتی هاوڕێ ساکینە جانسز و لەیلا سورخوێن و ڕووبار دیجلەدا هەموو شەهیدانی مانگی کانوونی دووەم بیردەهێنمەوە. هەڵبەت وەک مانگەکانی تر، لە مانگی کانوونی دووەمیشدا شەهیدی گرنگ و هێژامان هەن. لە پرۆسەی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەرییدا لە ٤ ی کانوونی دووەم هاوڕێیانمان سێڤێ دەمیر و فاتمە ئویار و پاکیزە نایەر و ئیسلام ئاتاک بەشێوەیەکی دڕندانە شەهیدکران. لە ٦ ی کانوونی دووەم، لە ئەنجامی هێرشێکی دڕندانە هاوڕێیانمان خەلیل (نیهاد ئایاز) و موراد (ئەحمەد کلیچ) لەگەڵ فەرماندەی هێژا و هاوڕێی پێشەنگمان ڕووبار دیجلە (حوسەین پۆیراز) لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوون. هەروەها شەهیدبوونی هەرە گرنگ لەم مانگەدا، لە ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس ڕوویدا، لە دامەزرێنەرانی پارتەکەمان و پێشەنگی تەڤگەری ژنانی ئازاد، هاوڕێ ساکینە جانسز و هەڤاڵانمان فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە پاریس لە هێرشێکی تیرۆریستانەی میت بە خیانەت و دڕندانە، شەهیدکران. هێرشێکی وەها دڕندانە لەمیانی پرۆسەی چارەسەردا ڕوویدا. پاش چەند ساڵ ئەندامی بەڕێوەبەری کەجەکە ئەڤین گۆیی هاوڕێیانی عەبدولڕەحمان کزل و میر پەروەر شەهیدکران. ئەوە جێی سەرنجە ئەم هێرشە لە پاریس ڕوویدا، ئەگەر دەوڵەتی فەرەنسا ئەم کۆمەڵکوژییانە ڕوون نەکاتەوە، بە ئاشکرا دەبێتە هاوبەشی ئەم کۆمەڵکوژییانە.
لە ساڵی ٢٠٢٣ لە گابار و بەستا شەهیدمان هەبوو. لە ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ هاوڕێیانم ئەبریم و هۆگر و شەڕڤان و ڕێناس بە بەرخۆدانێکی قارەمانانە شەهیدبوون. لە ٢٣ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتەکەمان و ئەندامی کۆنسەی فەرماندەیی هەپەگە، هاوڕێ لەیلا سورخوێن (هامیەت یاڵچین کایا) و ڕۆژبین دێرسیم (ڕایفعە کوتلاک) و ٤ هاوڕێی دیکەی ژن پاش ٣ ڕۆژ بەرخۆدان لە بەستا شەهیدبوون. هەروەها لە ١٤ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ هاوڕێ سەبری باگۆک شەهیدبوو، هەر لە پرۆسەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕی ساڵی ڕابردوو، لە ١٢ ی کانوونی دووەم هاوڕێیانمان سەرخۆبوون سەرحەد و ڕزگار چاڤڕەش شەهیدبوون. هەڵبەت بێجگە لەمانەش، لەم مانگەدا چەندین شەهیدی گرنگ هەن.
هەموو شەهیدانی مانگی کانوونی دووەم بە ڕێز و سوپاسەوە بیردەهێنمەوە و بەڵێن دەدەین لە ڕێپێوانی ڕێبەر ئازاد و کوردستانی ئازاددا یادەوەرییان زیندوو ڕابگرین.
پاش سەردانەکەی عومەر ئۆجالان، شاندی دەم پارتیش دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا. ئێستە لە ڕۆژەڤی سیاسییدا، گفتوگۆی جیاواز لەم بارەیەوە دەکرێت. هەرچەند دەگوترێت، پرۆسەی نوێ دەستی پێ کردووە، بەڵام هەندێکیش لە ئاستی گفتوگۆکان دەڕوانن و پێیان وایە هیچ گۆڕانکارییەک نییە. لەم بارەیەوە چ دەڵێن؟
بەڵێ، پاش ماوەیەکی درێژ لە گۆشەگیری، پاش سەردانەکەی عومەر ئۆجالان، شاندی دەم پارتی سەردانی ڕێبەرمانیان کرد. ئەمە لەڕووی ئاگاداربوونمان لە تەندروستی ڕێبەرێتی و وەرگرتنی سڵاو و بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی سەبارەت بە پرۆسەکە لە ڕاگەیاندندا، بۆ پارتەکەمان و گەلەکەمان جێی خۆشحاڵی بوو. ئەمە ڕەوشێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە. بە تایبەتی دیداری بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگە، بەو پێیەی پێشتر لە ڕابردوودا چەندین جار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. هەروەها بە وردی چاودێری ئەم پرۆسەیە دەکەین.
ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام هەوڵی داوە چارەسەری سیاسی-دیموکراتیک بۆ پرسی کورد بدۆزێتەوە، هەوڵیداوە هەموو دەرفەتەکان بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنێت. تا ئێستا ئەم ئامانجە هەوڵی زۆری داوە. ڕێبەر ئاپۆ، لە دوایین جاردا لەسەر بانگەوازی سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی، جارێکی دیکە دەیەوێت هەنگاو بنێت بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد. ئێمە دەبینین کە رێبەرمان هەوڵێکی گرنگ لەم ڕووەوە دەدات.
ئێستا دەم پارتی زنجیرە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ چەند پارتێک ئەنجام دەدات. ئەمە کارێکی زۆر بەنرخ و گرنگە. ئێمە وەک تەڤگەرەکەمان بە فەرمی ڕامانگەیاندووە کە پشتیوانی ئەو پرۆسەیە دەکەین کە ڕێبەر ئاپۆ پێشی دەخات. تەڤگەرەکەمان و پارتەکەمان بۆ هەمیشە گرێدراوی ڕێبەر ئاپۆیە و باوەڕێکی پتەوی هەیە. لەم ڕووەوە هیچ کێشەیەک نییە.
دەسەڵات هەمان هەستیاری نیشان نادات…
کاتێک مرۆڤ لە گرنگی پرسەکە و تایبەتمەندییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی دەڕوانێت، دەردەکەوێت کە ناکرێت بە نزیکایەتی یەکلایەنە چارەسەر بکرێت. لەم بارەیەوە، تا ئێستە لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتەوە ئاماژەیەک نییە بۆ پرۆسەی نوێ. بەپێچەوانەوە ڕۆژانە هەڕەشەی لەناوبردن و توندوتیژیمان لێ دەکەن. ئەمە ناکۆکییە. ئێمە لەم پێشهاتانە تێدەگەین کە بەرپرسانی دەوڵەت هەندێک دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی ئەنجام دەدەن، بەڵام دەوڵەت هێشتا خاوەندارییەکی ڕوونی لێ نەکردووە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ خوشک و برایەتی تورک-کورد لەم پڕۆسە مێژووییەدا هەوڵی ئاسایی نین، بەڵکو هەوڵی مێژوویین. ئەمە بۆ ئایندە و بەرژەوەندیی هەموو کۆمەڵگەی تورکیا گرنگە. نابێت ئەم هەوڵە گرنگانە بێ وەڵام بمێننەوە. تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی نەدراوەتەوە. لەبری ئەوەی وەڵامێکی ئەرێنی بدەنەوە، جووڵە و قسەگەلێک دەکەن کە دەبنە مایەی نیگەرانیی و مەترسیی قووڵ.
لەم بابەتەدا، ئەو زمانەی ڕاگەیاندن بەکاری دەهێنێت کاریگەرە. لەم ڕووەوە، چۆن دەڕواننە زمان و ئسلوبی دەسەڵات و ڕاگەیاندنی سەر بە دەسەڵات؟
لە ڕاگەیاندنی ئازاددا، هەندێک نووسەر ئسلوبی ڕاگەیاندنی تورک بە “زمانی ژەهراوی” پێناسە دەکەن. زمانی ئەم ڕاگەیاندنانە، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە ئاکەپە، نەوەک هەر ژەهراوی، بەڵکو ئاژاوەسازە. هەڵوێست و مەیلێکی وەهایە، کە هەوڵەکان بۆ چارەسەر بێمانا دەکات و لەناوی دەبات و لەبری چارەسەر بەدوای شەڕدا دەگەڕێت. وەک زۆر جار وتراوە ئەم زمانە زمانی توندوتیژیی و دوژمنایەتیییە، خوشک و برایەتی لەگەڵ کورد و ئاشتی ناوخۆیی بەهێز ناکات. زاراوەی وەک “سەرکردەی تیرۆریست، بکوژی منداڵ” کە تا ئێستاش بۆ وەسفکردنی ڕێبەرمان بەکاریدەهێنن، تەنها زمانی ئاژاوەگێڕی نین؛ لە ڕاستییدا بێڕێزییە بەرامبەر ئیرادەی گەلەکەمان. پێناسەی وەها دژی مرۆڤێک کە گەلی کورد وەک ڕێبەری خۆی قبوڵی دەکات و باوەڕی پێیەتی، بێڕێزیی و سوکایەتیکردنە بە ئیرادەی گەلی کورد. مادام ڕێبەر ئاپۆ کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ڕێبەرێکە کە نوێنەرایەتی گەلێکی دێرین دەکات، بۆیە هەر نزیکایەتییەک بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ، نزیکایەتییە بەرامبەر تەواوی گەلەکەمان. بۆیە هەڵوێستی دوورخستنەوەی ڕێبەرێتی و تەڤگەر و گەلی کورد لە یەکتر، سیاسەتی شەڕی تایبەتە، زمانی شەڕی تایبەتە.
هەمووان دەزانن ئەمە ڕاست نییە و زۆرینەی کورد لەپشتی ڕێبەر ئاپۆن. چونکە ڕاستی دەزانن، بۆیە ڕوو لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن. لەلایەک ئەم تێکۆشانەی دەکرێت، ئەو بەرخۆدانەی پێش دەخرێت، ئەو پێشهاتانەی لەگەڵ جەنگی جیهانیی سێیەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوتن، ئەوانی ناچارکرد لە دەرگای ڕێبەر ئاپۆ بدەن. گوتیان ناچارن کە بچنە بەر پێی ڕێبەر ئاپۆ، کەچی لەولاوە هێشتا زمانی ڕق و سوکایەتی بەکاردەهێنن. ڕاگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆنیش ڕۆڵی هەیە و لەم ڕووەوە هەڵوێستی جیاواز نیشان دەدات.
بەردەوام دەڵێن تەڤگەری ئازادیی کوردستان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت، بۆیە ناچارە چەک دابنێت. ئەم قسانە تا چەندێک ڕاستن؟
ئەگەر وەک ئەوان دەڵێن تەڤگەری ئازادیی کوردستان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت، یان وەک خۆیان دەڵێن تەڤگەرەکەمان بێکاریگەر کراوە، ئەوا پێویستیان بە شتێکی لەم جۆرە نەدەبوو. لە ڕەوشێکی وەهادا نەدەچوونە بەر دەرگای ڕێبەر ئاپۆ. ئاشکرایە کە تێکۆشانی ئێمە خاوەن هێز و ئیرادەیە و ئەکتەرێکی سەرەکییە لەو پرسەدا کە داهاتووی تورکیا دیاری دەکات. گوایە مەبەست لەمە ڕێکخۆشکردنە بۆ چەند پێشکەوتنێک، بەڵام ئسلوب و زمان و نزیکایەتییەکەیان پێچەوانەی ئەمەیە. هیچ پرۆسەیەک بەم زمان و نزیکایەتییە پێش ناکەوێت. بۆیە دەبێت ئەم ئسلوبە بگۆڕدرێت. ئەگەر لەم ڕووەوە، هەڵوێست و نزیکایەتییەکەیان بەرامبەر گەلی کورد جدی بێت و خواستی خوشک و برایەتی و ئاشتی ناوخۆییان هەبێت، هەر بە قسە نابێت، لانی کەم با سەرەتا زمانی شەڕی خۆیان و هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن. لەکوێی دنیا بینراوە، ئاشتی بە شەڕ و هەڕەشە بێتەدی؟
ئەگەر لە ڕەوشی ئەمڕۆ بڕوانین، پێشبینی چ گۆڕانکارییەک دەکرێت؟
پێش هەموو شتێک، پێویستە بەرپرسانی تورک ئەمە بزانن: گەلی کورد کێشەی متمانەی لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەیە. سەرەتا ڕێوشوێنی دروستکردنی متمانە پێویستە. دەوڵەت دەبێ سەرەتا بە هەڵوێست و زمانی خۆی متمانە پەیدا بکات و دواتر هەنگاوی پراکتیکی بنێت. تا ئێستا گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ هەڵنەگیراوە، هێرش لە گۆڕەپانی سەربازی بەردەوامە، هێرشی ئاسمانی ڕۆژانە بەردەوامە، فشار و گرتن لە دژی گەلەکەمان بەردەوامە. بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی ڕاگەیاندنەکان، ٦٥ کەس دەستبەسەر کراون و سیاسەتی فشاری فاشیستی بەردەوامە. لە ڕۆژئاوا ڕەوشی شەڕ هەیە و پێداگرن لەسەر هەڵوێستی شەڕ، بە واتایەکی تر بچوکترین گۆڕانکاری لە سیاسەتی توندوتیژی و لەناوبردن نییە. بۆ نموونە؛ جێگری سەرۆکی گشتی مەهەپە چەندین جار پرسی ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش و بەساڵاچووی وروژاندووە. ئەمە شتێکە کە دەکرێت لە هەر وڵاتێک و بە شێوەیەکی ئاسایی ڕووبدات، بەڵام دەنگێک لە بەرەی ئاکەپەوە هیچ هەڵوێستێک نییە، گوێیان لێی داخستووە. ئایا نیاز و نزیکایەتی چارەسەر، بەم جۆرەیە؟ ڕوونە کە هیچ شتێکی لەو جۆرە لە بەرەی ئاکەپەوە نییە.
واتە ئیرادەی چارەسەر لای مەهەپە لە هی ئاکەپە بەهێزترە؟
لە ئێستەوە، لە چەپەوە بۆ ڕاست، زۆربەی سیاسەتی تورکیا، چارەسەری پرسی کورد لەو چارەسەرەدا دەبینن کە ڕێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کردووە. بەگوێرەی چاودێرییەکانی ئێمە، سەرەڕای نزیکایەتیی نابوێرانە و هەڵوێستی لاواز، لێدوانی پشتیوانی بۆ پرۆسەکە سەری هەڵداوە. بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا، ئەو لایەنەی بە ئاشکرا هەڵوێست نیشان نادات و دەست لە زمانی شەڕ و توندوتیژی هەڵناگرێت و بەردەوامە لە شەڕخوازی، تەیب ئەردۆغان و ئاکەپەن. ڕەوشی ئێستە وا دێتە بەرچاو. ئێستەش لەبری ڕاستی، پەنا بۆ تاکتیک و زمانی شەڕی تایبەت دەبات. بۆ ڕەوشی چارەسەر دەبێت ڕاستییەکان ببینن. دەست لە زمان و هەڵوێست و پراکتیکی پێشوویان هەڵبگرن.
مەبەستتان چییە؟
مەبەستم تێگەیاندنی کۆمەڵگەیە، لەم کاتەدا، نەوەک هەر لەنێو کۆمەڵگەی تورکیا، بەڵکو لە ئاستی نێونەتەوەییشدا، زمانی چەواشەکاری بەکاردێت. بە قسەی ناڕاست، هەوڵی پێچەوانەکردنەوەی پرۆسەکە دەدرێت. بۆ نمونە دەڵێن؛ “ئیتر پرسی کورد لەناو تورکیادا نەماوە، بەڵکو دەبێت پرسی کورد لە دەرەوە کە ئامانجی دابەشکردنی تورکیایە چارەسەر بکرێت”. ئەم زمانە هەوڵدانە بۆ ئافراندنی تێگەیشتنێک کە بەپێی سیاسەتەکانیان. دەڵێن؛ “پرسی کورد هەبوو، بەڵام ئێمە چارەسەرمان کرد”. چۆن چارەسەرتان کرد؟ لە ئێستادا نزیکەی ١٠ هەزار سیاسەتمەدار لە زینداندان. ڕۆژانە بۆردومان هەیە، فڕۆکە جەنگییەکان ڕۆژانە هێرش دەکەن و هەموو ڕۆژێک شەڕ ڕوودەدات. ئەمە چ جۆرە چارەسەرێکە؟ ئایا دەکرێت پرسێکی کۆمەڵایەتی بە قڕکردن و توندوتیژی و کوشتن چارەسەر بکرێت؟ ئەمە چارەسەر نییە، خۆ ئاشکرایە.
لە لایەکی تریشەوە دەڵێن تەڤگەرەکەمان لاواز بووە و هێزی سەربازیمان خەریکە تەواو دەبێت. تەنانەت تەیب ئەردۆغان و وەزیری دەرەوەی تورک داەیانگوت؛ “ڕێکخستن کاتی زۆری نەماوە، بەم زووانە کۆتایی دێت و نامێنێت” بەڵام ڕاستییەکان بەو شێوەیە نییە و تەواو پێچەوانەکەیەتی. ئێمە لە باشترین و سەرکەوتووترین قۆناغی مێژووی تێکۆشانمانداین.
لە سەرەتای قسەکانم شەهیدبوونەکانی گابار و بەستام بیر هێنایەوە. شەڕی بەستا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، لەوێ ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیمان شەهید بوو، هاوکات لەگەڵ ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیمان، ئەندامانی کۆنسەی فەرماندەییمان تا ئێستاش لە ناوچەکانی سنووری تورکیان، و هێزەکانی گەریلامان لە سەرانسەر سنوور جێگیربوون. لەم بارەیەوە، ناتوانن بڵێن کۆتاییمان بە تەڤگەرەکە هێناوە. هەروەها ساڵانە چەندین چالاکی و پێکدادان ڕوودەدەن. بۆیە لە باکوری کوردستان، واتە لەناو سنوورەکانی تورکیادا شەڕ هەیە. ساڵانە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدرێن و ژمارەی سەربازەکانیان لە دە هەزار سەرباز تێدەپەڕێت.
بابەتی هەرە سەیر ئەوەیە، ئەمە چوار ساڵە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، واتە لەسەر خاکی باشووری کوردستان، بە پشتیوانی ناتۆ و پەدەکە و دەوڵەتی عێراق، پرۆژەی داگیرکاری هەیە. ئامانجی ئەم پرۆژەیە ئەوە بوو، لەماوەی ٢ بۆ ٣ مانگدا، کۆتایی بە ئێمە بهێنن و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا نەهێڵن. بەڵام ئەوە چوار ساڵە نەیانتوانیوە بگەنە زاپ. بە هەموو هێزی خۆیان و بە بەکارهێنانی تەکنیک و چەکی قەدەغەکراو و چەتەکانی سوریا و هێزەکانی پەدەکە و دەوڵەتی عێراق، ویستیان لە زاپ و مەتینا ئەنجامێک بەرامبەر گەریلا بەدەست بهێنن. بەڵام کامە ئەنجام، چیان بەدەست هێنا؟
مانگی تشرینی دووەم، یاشار گولەر ڕایگەیاند قوفڵەکەیان داخستووە…
ئەمە شێواندنی ڕاستییەکانە. ڕەنگە ئەم کەسانە ئەو جۆرە ڕاپۆرتانە پێشکەش بە سەرووی خۆیان بکەن و دواتر بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانە لێدوان بۆ کۆمەڵگا بدەن. بەڵام ئەمانە ڕاست نین و هەموویان درۆن. پێویستە لەو کەسانە بپرسن کە دەڵێن قفڵەکە داخراوە، چۆن ئەمەیان کردووە؟ ئەوان دەیانویست بە پشتیوانی پەدەکە و دەوڵەتی عێراق لەنێوان ئامێدی و دێرەلووک لە گردی بەهار ڕێگەیەک بکەنەوە، بەڵام نەیانتوانی. بە بەرخۆدانی بێوێنەی گەریلا و سەرەرای هەموو هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکان، نەیانتوانی ئەنجامی دڵخوازی خۆیان بەدەست بهێنن.
نوێ دەکرێتەوە…