هەورامان نیوز
ئەگەرچی لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بەردەوام لە شكست و كەوتن و كێشەی ناوخۆیی نزیك بووە و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ژمارەی دەنگەكانی كەمی كردووە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دەربازبوونی یەكێتی لەو دۆخە، حیسابی كورسی و بەركەوتەی هەڵبژاردنی لە پێدانی پۆست لەگەڵ نەكردووە، بەتایبەتی لە دوو كابینەی هەشتەم و نۆیەم.
شارەزا و سیاسەتوانان پێیان وایە سەردەمی 50 بە 50 كۆتایی هاتووە و چیتر یەكێتی ناتوانێت بە نیوەی كورسییەكانی پارتی هەمان پۆست و پلە و ئیمتیازاتی هەبێت، لە كابینەی داهاتوو بەپێی بەركەوتە و كورسی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، ئەمە جگە لەوەی لایەنی تر لە هەرێمی كوردستان دروست بوونە، كە دەكرێت جێگەی بگرنەوە و لە كابینەكانی داهاتوو هاوپەیمانییان لەگەڵدا بكرێت.
لەو بارەوە رێبوار كەلاری، كادری پێشكەوتووی پارتی بە “وشە”ی راگەیاند، لە ماوەی رابردوو لە كاتی پێكهێنانی كابینەكانی حكوومەت، هاوكاریی زۆری هەندێك لایەن كراوە و حیسابی كورسییان بۆ نەكراوە، بەڵكو یارمەتی دراون بۆ ئەوەی بە شێوەی باشتر مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و خوێندنەوە بۆ دۆخی ناوخۆییان كراوە و كێشەكانیان لەبەرچاو گیراوە، لەوانەش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە زۆر هاوكاری كراوە و حیسابی ئەو چەند كورسییەی بۆ نەكراوە و وەك پارتی پۆست و پلەی وەرگرتووە و هاوكاریی زۆر كراوە، ئەمەش وای كردووە قەبارە و قورسایی خۆی لەبیر بكات.
باسی لەوەش كرد، ئەمە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو و كابینەی داهاتوو بەو شێوەیە نابێت، ئەو سەردەمە رۆیشت كە حیسابی پێگە و خەبات و مێژوو بۆ ئەو لایەنە بكرێت، ئەو لایەنە لە رابردوو ئەوەی بۆی كرابێت لە دژایەتیكردنی حكوومەت و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێم كردوویەتی، هیچ شتێك نەما نەیكات، بەتایبەتی لە پێنج ساڵی رابردوو لە سەردەمی كابینەی نۆیەم، هەموو شتێكی كرد تا حكوومەت لاواز بكات، لەكاتێكدا خۆی بەشداری حكوومەت بوو، هیچ بەرپرسیاریەتی هەڵنەگرت و دژی حكوومەت لە بەغدا و لە هەرێمیش جووڵایەوە، بۆیە چیتر سەردەمی 50 بە 50 نامێنێت و ئێستە لایەنی تریش دروست بوون كە چیتر ئەوە قبووڵ ناكەن.
لای خۆیەوە سۆران هادی، چاودێری سیاسی لە سلێمانی بە “وشە”ی گوت، هەڵبژاردنی ئەمجارە بە تەواوەتی جیاوازە لە هەڵبژاردنەكانی تر، چەندین لیستی نوێ دروست بوون كە پێیان وایە دەنگی زۆر بەدەست دێنن و دەبنە جێگەی متمانەی خەڵك، هەر بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە رەنگە كابینەی داهاتووی حكوومەتیش تا رادەیەكی زۆر لە كابینەكانی تر جیاواز بێت لە رووی بەشداریكردن و پێكهاتەوە، رەنگە حزب و لایەن هەبێت خواستی هەبێت بۆ ئەوەی لە حكوومەت بەشدار بێت، ئەمە هەنگاوێكی نوێ دەبێت لە حوكمڕانی، رەنگە وەك كابینەكانی تر نەبێت و پۆستەكانی دابەش بكرێن.
زیاتر گوتی، هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە چاوی زۆری لەسەرە، بۆیە ناكرێت هەندێك شت بكرێن كە قەوارەكەمان بكرێتە قوربانیی بەرژەوەندی تایبەت، ئەوانەی كار بۆ سەرخستن و پاراستنی قەوارەی هەرێم دەكەن و بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرن، ئەوانە لە پێشتر بن بۆ كابینەی داهاتوو تا خەڵكیش ئاسوودە بن و ئیتر لە ئاڵۆزی و تێكچوونی دۆخەكە و تێكدانی نێوماڵی كوردی دوور بین.
پێوەست بە بابەتەكە عەدنان ئەحمەد، چالاك بۆ “وشە” ئاماژە دەكات، تاقیكردنەوە و ئەزموونی رابردوو لەبارەی كابینەكان و پێكهێنانی حكوومەت هەیە، لایەنێك بەبێ ئەوەی پێگەی بەهێزی هەبووبێت حیسابی جیاوازتری بۆ كراوە، لایەنی براوە هەردەم هەوڵی داوە بەشێوەیەكی باش كارەكانی پێكهێنانی حكوومەت بەڕێوە ببات، بەڵام رەنگە چیتر ئەو تاقیكردنەوە و هەوڵانە باش نەبن، چونكە روونە لەو كابینەیە زۆرترین دژایەتیی حكوومەتیان كرد، باشترە ئەوانەی حكوومەت پێكدێنن حكوومەتی بن، ئەوانەشی دەبنە ئۆپۆزسیۆن كاری خۆیان بكەن.
س: wishe.net