هەورامان نیوز
حەیدەرمەنتك
شـــــەهیـــــــــــد ئەحمەدخان لە دیدی هاوڕێكــــانییەوە، كتێبێكــــی قەبــــارە مــــامناوەنــــــــدە و پێكهــــاتووە لە 159 لاپەرە، بەرگێــــكی جـــوان و دیزاینێكی شایستەی بۆكراوە، چاپی دووەمە و لە هەولێر چاپكراوە.
كتێبەکـــــــە، گێڕانەوەی مێژووی تێكۆشانی شەهید (ئەحمەد خان)ە.
بێگومــــان لـــــــەم چــــەند ســـاڵەی رابردوو ژمارەیەكی زۆر كتێبی یادداشت و بیرەوەریی لەلایەن فەرماندە و لێپرسراوانەوە چاپ و بڵاوكراوەتەوە، هەندێكیان لە خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەكی سەرەتاوە رووندەبێتەوە كاكی نووسەر خۆی كردۆتە پاڵەوان و رۆڵ و پێگەی هاوڕێكانی وەك پێویست باسنەكردووە.
هەندێكی تر لەو برا شۆڕشگێڕانەی ئەوێ رۆژێ كە پێشمەرگە بوون و كارا بوون لە مەیدانی شۆڕشدا، بەهۆی نەخوێندەواریی یان كەمی خوێندەوارییانەوە، پێشتر یادداشت و بیرەوەریی رۆژانەیان نەنووسیوەتەوە، بەڵام ئێستا پەنای بۆ دەبەن و دەستیان كردووە بە نووسینەوەی بیرەوەرییەكانی سەردەمی خەباتیان.
ئەوەندەی تێبینیم كردووە، ئەو نووسینانە لەزۆر شوێن و كات و مێژوودا، یەكناگرنەوە لەگەڵ هەندێ سەرچاوەی دیكە كە نووسەرەكانیان هەم ئاستی خوێندن و باكگراوندی رۆشنبیرییان بەرزە و هەمیش رۆژانەی ژیانیان یادداشت كردووە.
لێرەو لەوێش كتێبی دانسقە و پڕ زانیاری هەیە كە نووسراونەتەوە و گوزارشتێكی راستەقینە لە رۆژانی سەختی خەبات دەكەن و شایانی خوێندنەوەن.
لە راستیدا، كتێبی بیرەوەریی ئەگەر نووسەرەكەی خۆی كاراكتەر و بەشداربووبێت لە رووداوەكاندا، جوانتر و باشتر مەبەست دەپێكێت لەو كتێبانەی كە خەڵكی تر بۆی دەینووسنەوە یان دەماودەم دەیگێڕنەوە و پاشان گێڕانەوەكان تۆماردەكەن.
بەڵام ئەم كتێبە (شەهید ئەحمەد خان لە دیدی هاوڕێكانییەوە) كە ئیسماعیل تەنیا ئامادەی كردووە، جیاوازە، من هەر بەبینینی ناوەكەی زیاتر تامەزرۆی خوێندنەوەی بووم، چونكە ئیسماعیل تەنیا نووسەرێكی باشە و بەتایبەتیش لە نووسینی مێژوودا سەلیقەی هەیە و راستگۆیانە و بەرپرسیارانە دەدوێت.
لێزانیی ئامادەكار لە داڕشتنەوە و بوونی زمانێكی سادە و پاراو، راستگۆیی لە گێڕانەوەكاندا وا لە خوێنەر دەكات بەردەوام بێت لە خوێندنەوەی كتێبەكە.
دەربارەی خودی شەهید ئەحمەد خانیش، لە مێژوو و ئەدەبیاتی شۆڕشی نوێدا و لە زۆربەی یادداشت و بیرەوەرییەكانی فەرماندە پێشمەرگەییەكاندا، دەمێكە ئەو ناوەم بیستووە.
ئەحمەدخان، فەرماندە و پێشمەرگەیەكی دیار و هەڵكەوتووی بزووتنەوەی رزگاریی كورد بووە، ناوێكە بەمانای ئازایەتی و خۆڕاگری و ئەزموون دێت، گێڕانەوەكانیش كە لە كتێبەكەدا هاتوون، كۆكن لەسەر زانیارییەكانی سەبارەت بە شەهید ئەحمەد.
ماوەتەوە بڵێم، جێی خۆیەتی دەستخۆشی لە كاك (هەژار)ی كوڕی شەهید بكرێت كە لە بە ئاكام گەیشتنی ئەم كتێبەدا، رۆڵی بنەڕەتی و سەرەکیی هەبووە.
هەروەها دەستخۆشیی زیاتریش بۆ نووسەری بەتوانا ئیسماعیل تەنیا، كە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەم ئەركە قورس و مێژووییەی خستۆتە سەرشانی خۆی و خستییە بەر دیدەی خوێنەران.
ئەحمەد خان كێیە؟
ناوی تەواوی حەمەد خدر میرزا هەینی-یە و لە دایكبووی ساڵی 1947ی گوندی (میر سەید)ی ناوچەی خۆشناوەتییە، بەشداریی شۆڕشی ئەیلولی كردووە و ساڵی 1976یش بۆتە پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ و فەرماندەی مەفرەزە بووە.
رۆژی 12/5/1980 شەهیدكراوە و دوا پلەی فەرماندەی هەرێم بووە.
س: www.knwe.org