هەورامان نیوز
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی رای گەیاند: پارتی سەركەوتنێكی نایابی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقی مسۆگەر كرد. گوتیشی دەبێت یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەكە دادپەروەرانە بێت.
یاسای هەڵبژاردن بەدڵی كورد نییە و لەم هەڵبژاردنەدا بەتەواوی بۆ هەموو لایەك دەركەوت كە نادادییەكی زۆری تێدایە و دژی كورد و كوردستانیانە، بۆیە پارتی وەك هێزی یەكەمی كوردستان دەمێكە ئاماژە بە گۆڕینی ئەو یاسایە دەكات.
بەپێی ئەم سیستمە سوودانی 170 هەزار دەنگی هێناوە و 18 كورسیی بەدەست هێناوە، بەڵام یەكێتیی نیشتمانی 500 هەزار دەنگی هێناوە و 18 كورسیی هێناوە، ئەمەش نادادییەكی تری سیستمەكەیە.
هاوكات پارتی زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگی هێناوە و 29 كورسی دەبات، بەڵام سوودانی بە كەمتر لە نیوەی پارتی 18 كورسی دەبات، ئەمە ناڕەزاییەكی زۆری پارتی و هێزە كوردستانییەكانیشی دروست كردووە.
هۆشیار زێباری لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە كرد، پێویستە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەكە بۆ دەنگدەرانی زیاتر دادپەروەرانەتر بێت.
سانت لیگۆ شێوازێكی هەژماركردنی بیركارییە كە بەكار دێت بۆ دابەشكردنی دەنگی دەنگدەران لەو وڵاتانەی كە بە سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی كار دەكەن، كە پێوەستە بە دابەشكردنی دەنگی لیست و كاندیدەكان، بنەمای سەرەكیی داهێنانی سیستمی سانت لیگۆ لە خزمەتی پارتە بچووكەكاندایە، شێوازی بە دەستهێنانی كورسی لە سیستمی سانت لیگۆدا، بریتییە لەوەی هەر لایەنێكی بەشدار لە هەڵبژاردن، ئەو دەنگەی هێناویەتی دابەش دەكرێت بەسەر رێژەیەكدا بۆ دیاریكردنی ژمارەی كورسییەكان.
س: wishe.net




