هەورامان نیوز
بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، تا ئێستە ئاوی بەنداوە گەورەكان كەمە، بەڵام بەنداوە بچووكەكان ئاوی باشیان تێدایە و دوو بەنداویش سەرڕێژ بوونە.
ئەمڕۆ دووشەم 24ی ئادار، رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان، بە “وشە”ی راگەیاند، ئاستی ئاو لە بەنداوە گەورەكانی ھەرێمی كوردستان نزمە و زۆر نییە، بەڵام بەنداوە بچووكەكان ئاوێكی باشیان تێدایە، بۆیە ئەو بەنداوانەی بارانێكی باش لە ناوچەكانیان باریوە، سەرڕێژ بوون وەك بەنداوی سماقووڵی و ئاوەسپی .
خانی گوتی، ئەو بەنداوانەی بچووكن ئەگەر بارانێكی تر ببارێت، ئەوانیش سەرڕێژ دەبن ھاوشێوەی ھەردوو بەنداوی سماقووڵی و ئاوەسپی، بۆیە چاوەڕێ دەكەین ئەگەر باران ببارێت، ئەوانیش سەرڕێژ دەبن، لەبەرئەوەی ھێشتا كاتی باران ماوە .
“بەگشتی لە هەرێمی كوردستان 20 بەنداومان هەن و تەواو كراون، دوو بەنداوی تریش بەناوەكانی نازەنین و بانوی تاڵەبان كاركردن تێیدا وەستاوە”، بەڕێوەبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان وای گوت .
لە كوردستان 23 بەنداو هەن كە بۆ چەندان كاری بە سوود بەكار دێن، وەك بەرھەمھێنانی كارەبا و كشتوكاڵ و گەشتیاری و ئاژەڵداری.
وشە/ بڵند ئیبراھیم
س: wishe.net