• هەواڵی بەپەلە

لە ناوچە كوردستانیيەكان هیوایەك دروست دەبێتەوە

هەورامان نیوز

دوای بڕیارەكەی دوێنێی دادگا و رەتكردنەوەی بڕیاری راگرتنی یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزارە زەوتكراوەكان، ئێستە جووتیاران دڵخۆشن و دەڵێن بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە، راستەوخۆ سوپای عێراق لەسەر زەوییەكانمان دەكشێنەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق، بڕیاری هەڵوەشانەوەی فەرمانە وەلائییەكەی هەفتەی رابردوو دەریكرد لەبارەی راگرتنی سێ یاساكەی، جیا لە رەتكردنەوەی تانەی لە میكانیزمی دەنگدان لەسەر سێ یاساكە درابوو، بەوەی لە پەرلەمان بە یەك پاكێج و بێ ژماردنی دەنگەكان، هەرسێ یاسای لێبوردنی گشتی و هەمواری باری كەسێتی و گەڕاندنەوەی زەویوزارە زەوتكراوەكان تێپەڕ كراون.
ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی شوبات، سەعید عەبدوڵا شوانی ئەندامی ئەنجوومەنی گوندەكانی سنووری كەركووك، بە “وشە”ـی راگەیاند، بڕیارەكەی دوێنێی هیوایەكی بۆ كورد گەڕاندەوە و پێویستە پارێزگاری كەركووك دەست بكات بە جێبەجێكردنی.
زیاتر گوتی، یەكەم هەنگاو ئێستە ئەوەیە بكرێت، سوپای عێراق لە سنووری سەرگەڕان و چەند ناوچەیەكی تر بكشێنرێتەوە، بۆ ئەوەی جووتیاران ئازادانە كارەكانیان بكەن.
باسی لەوەش كرد، كورد لەو بڕیارە سوودمەند دەبێت و شیعەش لە سنووری خۆی سوودمەند دەبێت، چونكە لە سەردەمی رژێم هەردوولا زەوییان داگیر كراوە.
شایانی باسە پەرلەمانی عێراق دوای چەندان دانیشتن، نەیتوانی سێ یاسای لێبوردنی گشتی و هەمواری باری كەسێتی و گەڕاندنەوەی زەویوزارە زەوتكراوەكان پەسند بكات، بۆیە رێككەوتن كرا كە ئەوان بە یەك پاكێج لە دانیشتنی 21ی كانوونی دووەمی رابردوو پەسند بكرێن، دوای ئەوە ژمارەیەك پەرلەمانتار لە دادگای فیدراڵی تانەیان لە شێواز و میكانیزمی پەسندكردنی سێ یاساكە دا.
هەفتەی رابردوو دادگای فیدراڵی، فەرمانێكی وەلائیی بۆ وەستانی جێبەجێكردنی یاساكان تا كاتی بڕیاردان لەسەر تانەكە دەركرد، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای داوەری دژی وەستایەوە و بڕیاری بەردەوامبوونی جێبەجێكردنی یاساكانی دەركرد، ئەمڕۆش دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی دا بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانە وەلائییەكەی و تانەكەشی رەت كردەوە. 

س: wishe.net

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here

بەناوبانگترین