• هەواڵی بەپەلە

لە پشت خێمەی مانگرتووانەوە رابون كرماشانی

هەورامان نیوز

زۆر جار کە باس لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکرێت وێنەیەکی ساختە و چەواشە لە خەیاڵی هەندێ کەس دێتەوە یاد کەئەنەهوو ئەم هێزە تا ئێستە زۆر سوود و قازانجی بۆ کورد و کوردستان هەبووە، ئەو وێنە حەماسی و پاڵەوانزەدەیەی ئەم هێزە لە ڕابردوودا لە خۆی کێشاوێتی، جگە لە بڵقی سەر ئاو هیچیتر نییە. لەبەرئەوەی ئەم هێزە دوای نزیکی چوار دەیە شەڕی چەکداری، هێشتا هەر ئۆباڵێکە بەسەر دۆزی کوردەوە و هاوکێشەی دۆزی کوردی لە هەموو قۆناغە چارەنووسسازەکاندا بەرەو شوێنێک بردووە کە ئاڵۆزی و لێڵی زیاتر دەوری تەنیوە، ئەم حاڵەتەیش ڕێگەی بۆ داگیرکەرانی کوردستان و بە تایبەتی تورکیا خۆش کردووە تا بە وتەی موراد قەریەڵان، تورکیا دژایەتیی هەر کیانێکی کوردی بکات، ئەگەر لەسەر مانگیش بێت! 
 
لەبارەی چەواشەکاری و زیانەکانی پەكەكەوە زۆر باس کراوە و منیش لە زنجیرەیەک وتاردا و هەر لە ماڵپەڕی وشە، بەشی خۆم ڕۆشنگەریم کردووە، بەڵام دڵنیام هێشتا زۆر کەمە تا ئەو خۆڵە لە چاوی خەڵک بسڕینەوە کە چەندان ساڵە میدیای ئەم هێزە لە ڕێگەی فریودانی کوڕ و کچانی ئەم نیشتمانەوە و بە گوتاری حەماسی و ناواقیعی دروستی کردووە و بەرچاوی هەندێ کەسی لێڵ کردووە. 
 
زۆر لە لایەنگرانی پەكەكە دەپرسن بەڵگەتان چییە ئەم هێزە کارامە و کاریگەر نییە؟ ئێمەمانانیش بە ڕوونی و ڕاشکاوی دەڵێین دەسکەوتەکانیان لە باکوری کوردستان چ بووە تا ئێستە؟ ئایا گوندێکیان پێ ئازاد کراوە؟ ئەوانیش لە بەرانبەردا و بە توندی وەڵام دەدەنەوە ئەوە نابێت بە پرسیار و ئەمە داواکردنی بەڵگەیەکی دروست نییە. ئێمە بە سەبر و کاوەخۆوە دەپرسین ئەی چی گرینگە؟ ئەوەی کۆمەڵێک ئەندامت لە ئەورووپا هەبێت و تۆڕێکی قاچاغت لە کوردستانەوە تا کەناراوەکانی یۆنان هەبێت و پارەیەکی خەیاڵیی کۆ بکەیتەوە و چەندان میدیای پێ بەڕێوە ببەیت و تەنیا و تەنیا باسی ئاپۆ و مارکسیزم و لینینیزم بکرێت؟ وەڵامدەرەوەی ئەو پرسیارەیە کە ئێمە لەمەڕ خاک و خۆڵی وڵاتێک دەیپرسین و بە وتەی ئۆچەلان، وڵاتنی ئیبراهیم و نووح و نەمروودە؟
 
تا کەی ڕۆڵەکانی ئێمە لە زۆنگاوی شەڕێکدا نغرۆ بن کە ئایدۆلۆجیایەکی ماوەبەسەرچوو و فووتێکراو بە تریبۆنی میدیایی زۆروزەوەندەوە وەهماویبوونی بڕەوێنێتەوە و بە فەلسەفە و تێز و ڕێباز بناسرێت؟ ئەگەر هەموو ئەم جۆرە دیالۆگانە بە هیچ و نادیدە بگرین، ئەوا خۆ دەتوانین بپرسین ئەم هەموو خزمەتەی لە باشووری کوردستان لە هەر دوو زۆنی سەوز و زەرد بە پەكەكە کرا، بۆچی ڕۆژێک لە ڕٶژان چاوی وەفای لەلایەن ئەوانەوە بەسەردا نەکرایەوە و هەمیشە وەک پشیلە سپڵەییان نواندووە؟ بۆچی لە باشوور سەرانە لە خەڵک وەردەگری؟ بۆچی ساڵانی پێشوو لە ڕێگەی تیرۆر و کوشتنەوە ویستی هەولێر تێک بدات؟ 
 
باش لە بیرمە کاتێک خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرا و هێزەکانی یەکێتی پشتیان لە كوردایەتیی كرد، پەكەكە بە جۆرە ماشێنێکی سەربازیی و بە شانتاژێکی میدیایی زۆر، ڕای گەیاند، دەبێت ئەمشەو کەرکووک ڕزگار کەین. بەڵام تەنیا بەو ماشێنە و بە ئاڵای مارکسیستیی پەكەكەوە چەند ڤیدیۆ و وێنەیەکیان گرت و دواتر خوا زانی ئاسمان هەڵیلووشین یان زەوی قوتیدان! ئەمە ئەو یارییەیە کە ئەم هێزە هەم وەک سیستم و حزب لەم هەموو ساڵەدل کردوویەتی، هەمیش وەک تاک دەیکەن. 
 
ئەوەی ئەندامانی پەکەکەی لە نزیکەوە بینیبێ یان نا، هەر لە دووریشەوە و لە تۆڕەكانی کۆمەڵایەتیدا گفتوگۆی سادەی لەگەڵ كردبن، بە ئاسانی تێدەگات ئەمانە نە باوەڕیان بە ڕای ئازاد هەیە، نە مرۆڤ و هاووڵاتیبوون، بەڵکوو فیدایی و خۆتەقێنێکیان دەوێت ئامانجە تاکەکەسییەکانی خۆیانی پێ مسۆگەر بکەن و ئەوجا لەناو حزب سینگی خۆیانی پێ دەرپەڕێنن و دواجاریش ڕای بگەیەنن کە هەموومان سەربازی ئاپۆین! 
 
ئەمانە دەڵێم وەک چەند وێنەیەك لە کردەوەی ئەو هێزە و ئەندامەکانیان، تا تێبگەین و باشتر بۆمان ڕوون بێتەوە کە تەنیا شتێک ئەم هێزە بۆی گرینگ نییە، کیانێکە بە ناوی کوردستان و تەنیا حاڵەتێکیش جێی پەسند و دڵخۆشەکەرێتی، شەڕ و ئاشووب و ئاژاوەیە! 
ئەم سیاسەتە بۆ شار بە شار و گوند و بە گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش شۆڕ کراوەتەوە، بەڵگەی حەقیقی و راستەقینەیان جوێن و ناوزڕاندن و ستراتیجیشیان فریودانی مرۆڤەکانە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان و سەرۆکەکەیان! 
 
هەموو ئەمانە بە ئێمە دەڵێن نەک دوور لە چاوەڕان نییە، بەڵکوو سەلمێنراوە ئەم هێزە لە هاندانی هەندێ مامۆستا و فەرمانبەری دەستنڕٶیشتوو و نائاگا بۆ ئەم خێمەهەڵدان و ئەو گوتارە تێکدەرانەیە، ڕۆڵی کارای گێڕا، هەڵبەت بابەتەکە تەنیا ئەوە نییە ئەم هێزە لە قەندیلەوە بێتە خوار و ئەوە بکات، نەخێر، کادر و ئەندام و چالاکانیان لەناو بەشێکی زۆر لە میدیا و داودەزگاکانی زۆنی سەوز دزەیان کردووە و بۆ ئاژاوەنانەوە و گێرەشێوێنی پێوەندی و ڕێکخستنی توندوتۆڵیان هەیە! ڕقی ئەوان نە بەرانبەر حاکمە و نە بۆ پشتگیریکردنە لە مەحکووم! بەڵکوو ڕقی ئەوان لە گوتارێکی کوردستانی و کوردستانێکی سەقامگیرە کە تێیدا خۆیان و مارکس و لینین ڕۆڵ نەگێڕن! بەڵام وەک دەبینین هەموو ئەو خەونانە دەمێکە پووچەڵ بوونەتەوە و شەپۆلی گۆڕانکارییە نوێکان نەک تەنیا ئەم وەهمانەی بە با دا، بەڵکوو زۆر وڵاتی وەک ئێران و ڕووسیایشی شۆک کرد! 
 
پێم وایە پەكەكە لە هەموو شتێک کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی هەولێر تێک بدات، بابەتەکە پێوەندی بە مافی مووچەخۆرەوە نییە، بەڵکوو پێوەندی بەو کاریگەری و ڕۆڵگێڕانەوە هەیە کە هەولێر و سەرۆک بارزانی لە ناوچەکەدا هەیانە و بە تایبەتیش ئەو ڕۆڵەی سەرۆک لە یەکخستنەوەی کورد لە ڕۆژئاوا و ئیدارەدانی جەمسەرەکانی هێز لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی کورد، تا ئێستە گێڕاویەتی، ئەمە شتێکە مەزڵووم عەبدیش دانی پێدا نا و دووپاتیشی لەسەر دەكاتەوە، هەڵبەت هیوادارم پەكەكە جەنەراڵ عەبدی تەکفیر نەکەن و لە دائیرەی ئاینی پیرۆزی ئاپۆ وەدەری نەنێن! 
 
لە ژێر تیشکی ئەم ڕاستییانەدا باشترە، باڤڵ تاڵەبانی خۆی کۆ بکاتەوە و بەر لەوەی تورکیا لەگەڵ ئۆجەلان بکەوێتە ڕێکەوتن، دۆخە پەكەكەییەکانی خۆی یەکلا بکاتەوە، ئەینا پاش ڕیکەوتنەکە هەمووان دەبنە دوژمنی و ئەمجارە دەبێت لە باتی دێگەڵە لە دووکان دروشمەکانی دژی خۆی و باوکی ببیستێتەوە.
 

س: wishe.net

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here

بەناوبانگترین