هەورامان نیوز
سەرچاوەیەک کە ئاگاداری گفتوگۆکانه سهبارهت به پلانهكهى دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكى ئهمریكا بۆ ڕاگرتنى جهنگ له غهززه، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، 24 کاتژمێری داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت لە دیاریکردنی ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن.
ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بەوەدا کە بزووتنەوەی حەماس داوای رادەستکردنی تەرمی یەحیا سینوار و محەمەد سینوارى برای دەکات، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، دوو راوێژکاری باڵای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە 8ى 10ى 2025 گەیشتنە شاری شەرم شێخ، کە گفتوگۆکان لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بەردەوامە لەبارەی پلانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
لەو چوارچێوەیەدا، رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ئاشکرای کرد کە حەماس لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی ئێستادا داوای ئازادکردنی ئەو زیندانیانە دەکات کە سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، هاوکات رادەستکردنی تەرمی یەحیا سینوار و محەمەد سینوار، کە ئیسرائیل بە “ئەندازیارانی هێرشەکەی حەوتی ئۆكتۆبهر” ناویان دەبات. ئیسرائیل پێشتر رەتیکردبووەوە تەرمی یەحیا سینوار رادەست بکات دوای ئەوەی گواسترابووەوە شوێنێکی نهێنی.
بڕیارە ئەمڕۆ هەر یەک لە رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل کە سەرۆکایەتی تیمی گفتوگۆکاری ئیسرائیل دەکات، محەمەد ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، و ئیبراهیم کالین، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا، بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکەن.
بەپێی سەرچاوە میسرییەکان، حەماس داوای ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی دەکات کە سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، لەنێویاندا مروان بەرغوسی، سەرکردەی بزووتنەوەی فەتح، کە سزای پێنج زیندانی هەتاهەتایی و 40 ساڵی دیکە بەسەردا سەپێنراوە.
سەرچاوەیەکی فەلەستینی بە ماڵپەڕی “وای نێت”ی راگەیاند کە فەدوا بەرغوسی، هاوسەری مهروان بەرغوسی، شەوی رابردوو بە پەلە شاری رامهڵای جێهێشت و بەرەو قاهیرە بهڕێكهوت، ئاماژەی بەوەشدا کە رۆیشتنەکەی سەرنجی راکێشاوە بەهۆی گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی گفتوگۆکان.
لە هەمان چوارچێوەدا، سەرچاوەیەکی سیاسی ئیسرائیلی، گوتی: “گفتوگۆکان بەرەوپێش دەچن، بەڵام دەبێت وریابین چونکە حەماس لە هەر ساتێکدا دەتوانێت رێککەوتنەکان پەکبخات”.
ههروهها گوتی: “ئاراستەی گشتی ئەرێنییە، سەرەڕای کۆتاییهاتنی دانیشتنە فەرمییەکان، گفتوگۆ لاوەکییەکان هێشتا بەردەوامن، بەڵام هێشتا چەندین خاڵى ناكۆك هەن کە چارەسەر نەکراون، و حەماس دەتوانێت لە هەر کاتێکدا هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت”.
س: zagrosn.com




