• هەواڵی بەپەلە

میدۆکراسی و سایکس پیکۆ و تۆم باراک

د. ئیبراهیم حاجی زەڵمی

چەمکی میدۆکراسی (Mediocracy) یان “دەسەڵاتی مامناوەندەکان/ کەم ئاستەکان”، کە زۆر جار لە ڕێگەی کارەکانی فەیلەسوفی کەنەدی ئالان دونۆ تیشکی دەخرێتە سەر، ئاماژەیە بۆ سیستمێک کە تێیدا کەسانی خاوەن توانای ئاسایی و کەم ئاستی مەعریفی “مامناوەند” دەبنە باڵادەست. لەم سیستمەدا، لێهاتوویی ڕاستەقینە و داهێنان دەبنە جێگەی مەترسی بۆ پێگەو دەسەڵات، چونکە سیستمی مامناوەندی تەنها داوای پابەندبوون و ملکەچی بە ڕێسا باوەکان و “نەبوونی سەرکێشی” و گیانی ڕەخنە دەکات.
پەیوەندیی نێوان میدۆکراسی و ئەم ناوچەی ئێمە پەیوەندییەکی ڕیشەیی و مێژووییە، بەتایبەتی ئەو دەوڵەتانەی دوای ڕێککەوتنامەی سایکس-پیکۆ (١٩١٦) و کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی دروستکران. ئەم دەوڵەتانە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمایەکی “ناشایستە” دامەزران کە زەمینەی بۆ باڵادەستیی مامناوەندەکان خۆش کرد.
دەتوانین ئەم پەیوەندییە لە سێ ڕەهەندی سەرەکییەوە ببینین:
١. دامەزراندنی دەوڵەت لەسەر بنەمای ” فەرمانبەری وئەرکگەرا” نەک “شوناس”
ئەو دەوڵەتانەی دوای ١٩١٧ دروستکران، زۆرینەیان “دەوڵەتی ئەرکگەرا” (Functional States) بوون کە لەلایەن بەریتانیا و فەرەنساوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان داڕێژرابوون.
میدۆکراسی لێرەدا کاتێک بە زاقی دەرکەوت کە زلهێزەکان پێویستیان بە کەسایەتیی “بلیمەت و سیاسی و ئیداری” ڕاستەقینە نەبوو کە خاوەن دیدگای ستراتیژی بێت، بەڵکو پێویستیان بە کەسانی “مامناوەند و گوێڕایەڵ” بوو کە تەنها ئەجێنداکانی ئەوان جێبەجێ بکەن. ئەمە یەکەم چەکەرەی میدۆکراسی بوو لە ناوەندی بڕیاری سیاسیی ئەم دەوڵەتە نوێیانەدا.
٢. دەسەڵاتی پاشایەتی و “ئەرستۆکراسیی ساختە”
لە وڵاتانی وەک عێراق، ئوردن، و لیبیاو کوەیت و ناوچەکە (لەو سەردەمەدا)، سیستمی پاشایەتی دامەزرا. ئەم سیستمە لەبری ئەوەی پشت بە “دەسەبژێری مەعریفی و تەکنۆکرات” ببەستێت، پشتی بەم گروپانە بەست:
بنەماڵە ودەرەبەگ و سەرۆک خێڵەکان: ئەم چینە زۆر جار لە ڕووی مەعریفییەوە “مامناوەند” بوون، بەڵام چونکە وەلائیان بۆ بڕیاربەدەستان هەبوو، کرانە بڕیاردەری سیاسی و ئابووری.
وە خودی پاشایەتییەکان لە چوارچێوەی دیبلۆماسییەتی پاشکۆیەتی و لەژێر ڕەحمەتی ئینتیدابدا، ناچار بوون لە بازنەی میدۆکراسیدا بمێننەوە، چونکە هەر “داهێنانێکی سیاسی” یان “سەربەخۆییەکی ڕاستەقینە” دەبووە مەترسی بۆ سەر ئەو نەخشەیەی کە سایکس-پیکۆ کێشابووی.
٣. گۆڕینی “هێزی مەنتیق” لە داڕشتنی دەوڵەت، بۆ “مەنتیقی هێز”
ئەو دەوڵەتانەی دوای ١٩١٧ دروست بوون، لەسەر بنەمای جوگرافیایەکی دەستکرد بوون بە دەوڵەت!! نەک لۆژیکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی. کاتێک دەوڵەتێک لەسەر بنەمایەکی نالۆژیکی دروست دەبێت، ناتوانێت “هێزی مەنتیق” بەکاربهێنێت بۆ یەکخستنی گەلەکەی، بەڵکو دەبێت (مەنتیقی هێز) بە پاڵپشتی گەورەو ئیستیعمارەکەی بجوڵێت! واتە پەنا بۆ “مەنتیقی هێز” و بەکارهێنانی کەسانی مامناوەند لە دەزگا ئەمنییەکاندا، دەبات بۆ سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی جیاواز. میدۆکراسی لێرەدا دەبێتە ئامرازێک بۆ پاراستنی ئەو سنوورە دەستکردانەی کە بەریتانیا و فەرەنسا کێشابوویان. هەر ئەمەش بووە هۆکاری دەرکەوتن و دروستبوونی “دەوڵەتانی مشەخۆر” (The Rentier Legacy) زۆربەی ئەم دەوڵەتانە (بەتایبەت ئەوانەی نەوتیان تێدا دۆزرایەوە) بوونە دەوڵەتی مشەخۆر.
ئەمە بەدەر لەوەی لە ڕووی ئابووریشەوە لەو دەوڵەتانەی پاشایەتی و دواتریش کۆمارییەکانی ناوچەکە، ئابووری نەبووە، ئابووریی کێبڕکێ و داهێنان. پارەی نەوت بووە هۆی ئەوەی میدۆکراسی زیاتر بچەسپێ و بە دەستی “بنەماڵە” و “هەلپەرستەکان”ەوە تا ئیمڕۆ هەر بتلێتەوە.
ئەمەش وایکرد کەسی “مامناوەند” لە کەسی “داهێنەر ” دەوڵەمەندتر وپێگەی زیاتر بێت.
لێرەوە تێدەگەین کە ڕێکەوتنی سایکس-پیکۆ تەنها دابەشکردنی جوگرافی و کێشانی سنووری سیاسی نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، مەعریفی و دەسەڵاتداریی ناوچەکەدا دروستکرد و تۆوی سیستمێکی بەڕێوەبردنی لەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە چاند، هەتا ئیمڕۆش سەرمایەداری ڕۆژئاوا درەوی بەرهەمی ناوچەکە دەکات و خەڵکەکەشی ملکەچی سیستمە میدۆکراسییەکەن. هەربۆیە لە میدۆکراسی (سەروەریی خەڵکانی ئاستنزم یان مامناوەند)، دەیان لێکەوتی خراب بۆ خەڵک و ناوچەکە بەرهەمی بوە .
کاتێک باس لە کەسایەتییەکی وەک تۆم باراک (Tom Barrack) دەکرێت لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە لە سێ گۆشەنیگاوە سەیری بکەین:
یەکەم وەک نوێنەری ئەمریکا لە ناوچەکە و هەروەها وەک بازرگانێکی سیاسی و سێیەم وەک سییاسیەک تێڕوانینێکی تایبەتی بۆ ناوچەکە، بەتایبەتی ئەو دەستەواژانەی ئەم دواییانەی کە زیاتر مەبەستمانە تۆخی بکەینەوە کە تیایدا سەرانی ناوچەکەی وەک سەرۆکی عەشیرەت و هۆز باس لێوەکرد!.
ڕاستە تۆم باراک زیاتر وەک “باڵیۆزی سێبەر” یان نێوەندگیری نافەرمی لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا ناسراوە. ئەرکە سەرەکییەکانی بریتی بوون لە:
نێوەندگیری دارایی و سیاسی، کە دیارە تۆم باراک پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ سەرکردەکانی کەنداو و ناوچەکە هەبوو، ئەرکی ئەوە بوو کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەجێندا سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە گرێ بدات.
پاشان داڕشتنی سیاسەتی “سەودا” و مامەڵەی بازرگانی، کە باراک باوەڕی بە دیپلۆماسییەتی کلاسیکی نییە، بەڵکو هەوڵی داوە کێشەکان لە ڕێگەی ڕێککەوتنی بازرگانی و کەسییەوە چارەسەر بکات.
بۆچی وتی ئەمانە “قەبیلە و بنەماڵەن” نەک “نەتەوە” یان سیاسی؟
ئەم دەربڕینەی باراک (یاخود ئەو قوتابخانە فیکرییەی ئەو نوێنەرایەتی دەکات) لە سێ ڕەهەندی سۆسیۆ-پۆلیتیکییەوە سەرچاوە دەگرێت:
١. گەڕانەوە بۆ پێش چەمکی “دەوڵەت-نەتەوە” (Nation-State):
لە دیدی باراک و هاوشێوەکانیدا، سنوورە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستکردن و نەبوونەتە هۆی دروستبوونی شوناسێکی نەتەوەیی یەکگرتوو. ئەو پێی وایە ئینتیمای مرۆڤەکان لەم ناوچەیەدا هێشتا بۆ “خێڵ”، “مەزهەب” یان “یان “بنەماڵەو گرووپی بچووکترە” نەک بۆ چەمکی دەوڵەت، واتە ئەوانەی تا ئیمڕۆ لەودەوڵەتانەدا کاردەکەن بۆ پایتەختەکەی کارناکەن!!.
٢. ڕەواجدان بە “میدۆکراسی سیاسی”:
کاتێک وەک “بنەماڵەو هۆز” سەیری سەرانی ناوچەکە دەکات، بێگومان ئاگاداری بۆچوونەکانی (ئالان دۆنۆ) یە، هەربۆیە کە دەیانناسێت دەزانێت وەها مامەڵەکردن لەگەڵیان ئاسانتر دەبێت. لە سیستەمی هۆز و بنەماڵەدا، تۆ تەنها پێویستت بە ڕێککەوتنە لەگەڵ “سەرۆک هۆز” یان “کەسایەتییە کاریزماکان”، نەک دامەزراوە دیموکراسییەکان. ئەمە ڕێک ئەو شوێنەیە کە میدۆکراسی (Mediocracy) تێیدا گەشە دەکات؛ چونکە لێهاتوویی و دامەزراوەیی دەکرێتە قوربانی بۆ ڕازیبوونی سەرۆکە دەرکەوتوەکان.
٣. پاساو بۆ دەستێوەردان و بەڕێوەبردن:
ئەم جۆرە گوتارە (کە دەڵێت ئەمانە نەتەوە نین) پاساو دەداتە هێزە دەرەکییەکان کە وەک “ناوبژیوان” یان “سەرپەرشتیار” مامەڵە بکەن. ئەگەر ناوچەکە وەک نەتەوەیەکی پێگەیشتوو سەیر نەکرێت، ئەوا دەکرێت بەردەوام لەژێر چەتری “پاراستنی هاوسەنگیی هۆزو بنەماڵەکان”دا کۆنتڕۆڵ بکرێت.
چونکە تێڕوانینی “بنیاتنانی هێز” لەسەر بنەمای دڵسۆزی(Loyalty)، لە سیستەمی هۆز و بنەماڵەدا، لە پێش لێهاتووییەوەیە. باراک دەیزانی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەیشتن بە دەسەڵات زۆرجار لە ڕێگەی خزمخزمێنە و بازنە تەسکەکانەوەیە، بۆیە وەک واقیعێکی هەبوو بینراوی تاڵ یان وەک میکانیزمێکی کارکردن ئاماژەی پێکردووە.
کورتەی مەبەستەکەی هەرچی بێت، من بە هێرشێکی ناڕاستەوخۆ بۆ سەر ژێرخانی سیاسی ناوچەکەی دەبینم بە تێکڕا. 

کەمتر ببینە

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here

بەناوبانگترین