هەورامان نیوز

میری ئێزیدییەكان: كۆمەڵكوژییەكانمان بیر ناچێتەوە و بینیمان چۆن كچەكانمان بە كەنیزەك گیران

میری ئێزیدییەكان: كۆمەڵكوژییەكانمان بیر ناچێتەوە و بینیمان چۆن كچەكانمان بە كەنیزەك گیران

هەورامان نیوز

میری ئێزیدییەكان باس لەوە دەكات، تا ئێستە 73 جار هەوڵی جینۆسایدی ئێزیدییەكان دراوە، بۆیە ئێزیدییەكان هەمیشە ئەو دیمەنە تراجیدییانەیان لە بەرچاوە كە بەسەریان هاتووە.
ئەمڕۆ شەموو سێی ئاب، میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزیدیان لە گوتاری 10مین ساڵیادی جینۆسایدی هاووڵاتییانی ئێزیدی گوتی، ئەمڕۆ یادی كۆمەڵكوژیی هاووڵاتییانی ئێزیدی لە شنگال دەكەینەوە كە هەزار هاووڵاتیی بێ تاوان لە كچان و ئافرەتان، منداڵ، لاوان و بەساڵاچووان، لەسەر دەستی مەترسیدارترین ڕێكخراوی خوێنڕێژ لە سەدەی 21دا كۆمەڵكوژ كران.
زیاتر گوتی، ئێمە كە باسی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییان دەكەین، لە 3ی ئابی 2014 كرا و باس لە زنجیرەیەك تراجیدیا دەكەین، بەسەر ئێزیدییەكاندا هێنرا و لە بیر و هزرماندا ناسڕێنەوە كە كۆی تراجیدییەكانی جینۆساید بەسەر ئێزیدییەكاندا هاتووە بە درێژایی مێژوو، دەگاتە 73 تراجیدیا و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت مێژوو خۆ دووبارە دەكاتەوە كە هاووڵاتییانی ئێزیدی بە پێكهاتەیەكی كۆمەڵكوژكراو بناسرێین.
باسی لەوەش كرد، ئەو ئێزیدییانەشی ماون، ئەوانەن كە لە پاشماوەی ئەو جینۆساید و كۆمەڵكوژییانەن لە ڕابردوو لە دژیان كراوە. لە كاتێكدا باسی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان دەكەین، ئاماژە بەو كارەساتە دەكەین كە هیچ ئێزیدییەك لە ماڵ و زێدی خۆی نەمایەوە، هەموویان دەربەدەر كران و بە هەزاران كەسیان لە چیای شنگال گەمارۆ دران، هەزاران ئێزیدیی تریش ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و ژمارەیەكیش پەنایان بۆ وڵاتانی تر برد، ئێمە كۆمەڵكوژییەكانمان بیر ناچێتەوە و بینیمان چۆن كچەكانمان بە كەنیزەك گیران و لە بازاڕی پارێزگای نەینەوا دەفرۆشران.
روونی كردەوە، لە سەرەتای كۆمەڵكوژییەكە زیاتر لە شەش هەزار هاووڵاتیی ئێزیدی كوژران، بە هەزاران هاووڵاتیی تر ڕفێنران و تا ئێستە 94 گۆڕی بە كۆمەڵی هاووڵاتییانی ئێزیدی دۆزراونەتەوە و دەیان مەزارگەی ئاینی تەقێنرانەوە. ئەمە جگە لەو زیانە مادییانەی ئێزیدییەكان دووچاری بوونەوە.
“سەرەڕای ئەوەی داعش شكستی پێ هێنراوە، كەچی هێشتا هەزاران ئافرەتی ڕفێنراوی ئێزیدی چارەنووسیان نەزانراوە، ئێستەش گۆڕە بە كۆمەڵەكان هەڵنەدراونەتەوە و قوربانییەكان لەسەر بنەمای ئاینی ئێزیدی بەخاك نەسپێراون. هەروەها هەزار هاووڵاتیی ئێزیدی هێشتا لە كەمپەكان بە گەرما و سەرمادا لە مەینەتیدان، لە كاتێكدا ئاوارەی ناوچەكانی تری عێراق گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان”، میر تەحسین وای گوت.

س: wishe.net

Exit mobile version