هەورامان نیوز
لە دوای سەركەوتنی گەورەی لە كوشتنی زۆرینەی سەركردە سیاسی و سەربازی و مەیدانییەكانی بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵای لبنانی، ئێستە ئیسرائیل دەیەوێ شەڕ بوەستێنێت، بەڵام بەو شێوە و مەرجانەی خۆی دیاریان دەكات، بە گەڕاندنەوەی بارمتەكانی لای حەماس و دوورخستنەوەی لە كەرتی غەزە و لاوازكردنی حزبوڵای لبنانی و دوورخستنەوەی لە سنوورەكانی تا دوای رووباری لیتانی و چەند مەرجێكی تریش، بەڵام بۆچی بۆردمانەكانی بۆ لبنان چڕ كردووەتەوە؟
وەك چاودێران دەڵێن، بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل توانی شكستەكەی 7ی ئۆكتۆبەری 2023 بكاتە سەركەوتن، چونكە توانی ئیسماعیل هەنییە و یەحیا سنوار و زۆرینەی سەركردە مەیدانییەكانی حەماس، كە دەستیان لە هێرشەكەدا هەبوو بكوژێت و وانەیەك بداتە كەرتی غەزە بۆ دووبارەنەكردنەوەی هێرشەكان، لە لبنانیش بە هەمان شێوە حەسەن نەسروڵا و شوێنگرەكانی و تەواوی بەرپرسە باڵا سەربازییەكانی حزبەكەی كوشت و خەریكە هەمان وانە دەدات لبنانییەكان بۆ ئەوەی بیر لە شەڕێكی تر لەگەڵ ئیسرائیل نەكەنەوە.
بەپێی شارەزایان ئیسرائیل زۆرینەی ئامانجە سەرەكییەكانی حزبوڵای لە لبنان بۆردمان كردووە و ئەوانەی ماون ئەوەندە گرنگ نین، بۆیە ئەو بۆردمانەكانی بۆ ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی شەڕێكی دەروونی و رووخاندنی ورەی لایەنگرانی حزبوڵا و لبنانییەكانە، ئامادەسازی و سەرەتایەكە بۆ سەپاندنی مەرجەكانی بەسەر لبنان و گوشارە بۆ رازیبوون بە مەرجەكانی.
بەر لە ماوەیەك پێگەی واڵای ئیسرائیلی لە بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی و سەرچاوەیەكی گواستەوە كە دێڤید برنیع، سەرۆكی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی لە ماوەی دواییدا بە ولیەم بێرنز، سەرۆكی ئاژانسی هەوڵگریی ئەمەریكای راگەیاندووە كە هەر رێككەوتنێك بۆ ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵای لبنانی، پێویستە وابەستە بكرێت بە گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەكانی لای حەماسن، كە پێشتر تەنیا داوای لە حزبوڵا دەكرد پێویستە شەڕ بوەستێنێت و رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارە ئیسرائیلییەكان بدات، واتە حزبوڵا شەڕ و بۆردمان لە لبنانەوە بۆ سەر ئیسرائیل بوەستێنێت و تا رووباری لیتانی لە سنوورەكانی بكشێتەوە و پێوەندیی بە كەرتی غەزە و شەڕی حەماسەوە نەبێت.
بەپێی بەڵگەنامەیەكی دزەپێكراوی ماڵپەڕی “نەهار نێت”یش، ئامووس هۆكستین، نێردراوی ئەمەریكا لە میانی سەردانی دوایی بۆ لبنان چەند داوەیەكی رادەستی حكوومەتی لبنان بۆ وەستانی شەڕ و هێرشەكانی ئیسرائیل لەو وڵاتە كردووە، لەوانە مانەوەی سوپای ئیسرائیل تا قووڵایی چەند كیلۆمەترێك لەناو خاكی لبنان و رێگەدان لە بوونی هێزی نێودەوڵەتی لە ناوچەكە و رازیبوونی لبنان بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی كتوپڕی ئیسرائیلی لە ناو خاكەكەی بێ رەزامەندیی ئەوا، بەپێی بەڵگەنامەكە حكوومەتی لبنان بەو داوایانەی ئەمەریكا رازی بووە و لە میانی سەردانی هۆكستین بۆ تەلئەبیب رەزامەندیی لبنانی بە مەرجەكان و وەستانی شەڕ هەڵگرتووە.
ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی نۆ گوندی باشووری لبنان كرد كە ناوچەكە چۆڵ بكەن و بەرەو باكوری رووباری لیتانی بڕۆن، چونكە بۆردمانیان دەكات، پێشتریش داوای لە دانیشتووانی شاری بەعلبەگ و ناوچەی تر لە رۆژهەڵاتی لبنان كردبوو كە ئەوانەش چۆڵ بكەن، چونكە بەرژەوەندییەكانی حزبوڵا لەو ناوچانە دەكاتە ئامانج و بۆردمانیان دەكات.
بەپێی ئامارەكان تا ئێستە سوپای ئیسرائیل 1700 تەلاری لە باشووری لبنان وێران كردووە و زیانیشی بە 14 هەزاری تر گەیاندووە، زیانی 500 ملیۆن دۆلاری بە وێستگەكانی ئاو و كارەبا و پێوەندی و ژێرخانی ناوچەكە گەیاندووە، ژمارەی كوژراوان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 2790 و بریندارەكانیش 13 هەزار.
هەر ئەمڕۆ دوای چەند سەعاتێك لە ئاگەدارییەكەی، سوپای ئیسرائیل شاری بەعلبەگ و دەوروبەری بە چری بۆردمان كردووە، دوای ئەوەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە رۆیشتوون و ئاوارە بوون، لەناو زانیاریی میدیاكانی لبنان بەوەی سوپای ئیسرائیل خەریكە گەورەترین پێشڕەوی دەكاتە ناو باشوور، ئەوان چوونەتە ناو ناوچەی خیام.
شارەزایان ئەو ستراتیجیەتەی ئیسرائیل لە چوارچێوەی وێرانكردنی باشووری لبنان دادەنێن، بە هەموو شێوەكان، بۆ ئەوەی كەڵكی ژیان و ئاوەدانی تیادا نەمێنێت، هەروەها لە چوارچێوەی شەڕێكی دەروونی و گوشارە لەسەر خەڵكەكە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی لایەنگری حزبوڵان و ئەو حزبە تیایان باڵادەستە، چۆن دەبینن ناوچەكەیان بەبەرچاویان وێران دەبێت، وەك ئەكرەم سرێوی، شارەزای سەربازیی وا دەڵێت.
ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە، ئیسرائیل دەیەوێ لبنانییەكان هەست بەوە بكەن كە حزبوڵا لە وێرانكارییەی بەسەریان دێت بەرپرسیارە، جیا لەوەی دەیەوێ سوپاكەی بگاتە رووباری لیتانی و دامەزراندنی ناوچەیەكی دابڕاوی تەناهی و بەتاڵ لە حزبوڵا، هاوكات گوشارەكانی لەسەر لبنان زیاتر دەكات بۆ رازیبوون بە مەرجەكانی ئیسرائیل بۆ وەستانی شەڕ، كە مەرجی هاوشێوەی خۆڕادەستكردنن.
س: wishe.net