هەورامان نیوز
ئەم بابەتە هێندە باس کراوە سواوە و ئێمەمانانیش ئیتر شەرم ئەکەین دووبارەی بکەینەوە بەڵام ئاخ و ئۆفمان بۆ ئەو دۆخەی بەسەر شاری ڕۆشنبیری و کولتووردا هاتووە، وا دەکات هەمدیس بپەرژێینە سەری. بۆ کەس شاراوە نییە سلێمانی لە دێرزەمانەوە و بە دیاریکراوی لە سەردەمی ئیمارەتی بابانەوە تا ئێستە، لەسەر هەموو ڕووداوەکانی نەک تەنیا باشووری کوردستان، بەڵکوو کوردستان لە ڕووبەرە گەورە و بەرفراوانەکەیدا، کاریگەر بووە. نالی و سالم و کوردی سێکوچکەی بابانیان دروست کرد و لە ناویشیاندا بە تایبەتی نالی هەم بوو بە سیمبولێکی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و ناسکخەیاڵ بۆ هەموو کوردستان و هەمیش بناغەی زمانی فەرمیی ئەمڕۆی کوردی دانا.
پێویست بە ڕیزکردنی بڕگەی کارنامە و شکۆمەندییەکانی ئەو شارە ناکات، چونکە زۆرینە دەیزانین و ددان بەوەدا دەنێین شارێکی باڵا کەڵەگەتی بواری چاند و ڕۆشنبیرییە، بەڵام بەداخەوە ئەمە هەموو وێنەکە نییە، ئەم حیکایەتە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی شارەكە، سلێمانی لە سەردەمی نوێدا بەهۆی سیاسەتی حزبی بەرتەسک و بە بنەماڵەکردنی زۆرینەی جومگەکانی ئەو شارە، خەریکە دەکەوێتە ناو پرۆسەیەکەوە دەتوانین بە پرۆسەی “سڕینەوەی سلێمانی” ناوی ببەین، هەمان سلێمانی نالی و شێخ مەحموود، ئێستە سلێمان هەڵەشۆییەکان بەهۆی نەبوونی یاسا و بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی خۆجێییەوە، خەریکە تووشی ماڵکاولی دەبێت.
ئەوە تەنزێکی ڕەش و تاڵە کە کەسێک ناوی سلێمان بێت، بەڵام بە ڕۆژی ڕوون و بە فێڵ و تەڵەکەوە قۆڵی لایەک لە خەڵکی سنوورەكە ببڕێت. بێگومان ئەگەر بمانەوێت شێواندنی ڕۆح و سیمای شاری سلێمانی باس بکەین، ڕەنگە بە دیاریکراوی دوای وەفاتی مام جەلال ئەم پرۆسەیە زەق بووبێتەوە و بەداخەوە ڕۆژ دوای ڕۆژیش خراپتر دەبێت.
یەکێک لە دیاردە ترسناکەکان کە مەترسیی ڕژدی لەسەر شوناسی مێژوویی و ژینگەی شارەکە هەبووە و هەیە، تێکدانی ژینگە بۆ کاروباری بازرگانی و شوقە و بگرە ڤیلا کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بینیمان چۆن دڵی گۆیژەیان هەڵدڕی و بە پێچەوانەی ئەو هەموو هات و هاوار و نارەزایەتییەوە پرۆسەکە نەک هەر لەسەر گۆیژە، بەڵکوو لە شوێنی تریش بەردەوامە.
بابەتی مادەی هۆشبەر یەکێکی ترە لەو دۆسیانەی سەرمایەی مرۆیی و بە تایبەتی ژیان و شوناسی گەنجە جوانچاک و بە ئیرادەکانی ئەو شارەی خستووەتە مەترسییەوە و تا ئێستەیش نازانین پرۆسەی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر لە هەندێ شوێنی شاراوە و نیوەشاراوە و ئاشکرای ئەو شارە، چی بەسەر هات و کەسانی پێوەندار بەو بابەتە بۆ نایەنە بەردەم دادگا، تەنانەت ئەمانە نەک هەر دادگا، پێویستە بیانهێننە سەر شاشە و ددان بە راستیی ئەو کوردکوژییەی خەڵکی سلێمانیدا بهێنن.
سەرباری هەموو ئەم قەیرانە کوشندە و ماڵوێرانکەرانە، كێشەی پرووسكی ئەنفالەكان و تەیموور بە دنیایەک خەم و پەژارە و تراجیدیاوە، بووە بە گلەیی و خەمهۆنینەوە لە تۆڕەكانی کۆمەڵایەتیدا، خاوەندارێتی و نوێنەرایەتیی تەیموور لە دۆسیەكەدا، لەلایەن خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە دەستی بەسەردا گیراوە و هەر ڕۆژەو پۆستێکی فەیسبووکی تەیموور دەبینین کە باسی ئەوە دەکرێت نەک نوێنەرایەتییەکەیان لێ سەندووەتەوە، بگرە نەیانهێشتووە ئێسک و پرووسک دایک و کەسوکارەکەی وەربگرێتەوە و پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ بکرێت.
حاڵەتێکی دیکە کە بووە بە حاڵەتێکی قێزەون و ناتەندروست، ئەو بەڵایە بوو بەسەر کەسێک بە ناوی “پاشای برنج”دا هات، لە کاتی هەڵبژاردنەکەدا بەهۆی پشتگیریی لە یەکێتی، خەڵک پشتی تێکرد و لە کار و کەسابەتەکەی تێكشكا و گڵۆڵەی خەریکە بەهۆی ئەو یارییە ناتەندروستە سیاسییەوە دەکەوێتە لێژیی! لە حاڵێکدا دەسەڵاتی خۆجێیی ئەوێ دەبێت پشتگریی لە کەسانی خزمەتگوزاری شار و بە ئیرادەی ئابووری و کەسابەتەوە بکات، نەک ئاوا ماڵ و حاڵیان تێک بدات!
مەبەستم لەم باسانە و لە هێنانە بەر باسی ئەم دۆسیە و حاڵەتانە ئەوەیە، سلێمانی شارێکی خۆبژێو و باڵایە، شارێکی تێگەیشتووە و خەڵکێکی بە مەناعەتی هەیە، ئەوەی دەبێتە تەگەرەی ڕاستەقینە لە بەردەم ژیانی ئەو خەڵکەدا، ئەو لایەن سیاسییەیە کە دەسەڵاتی ئەوێی بەدەستە.
ئەو چەند کەسەی سەربە بنەماڵەیەک کە لە ڕێگەی چەند میدیا و هاوشانی ئەوە هێزی چەکدارەوە، یاریی بە دەروون و ژیانی خەڵک دەکەن، ناڵێم هیچ شارێک بێ بەڕێوبەرایەتیی سیاسی و ئیداری بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی لەو سنوورە بەو شێوەیە، بە دڵنیاییەوە گەر نەبێت خەڵکەکە خۆی باشتر ژیانی خۆی بەڕیوە دەبات.
ئێمە لە تۆڕەیلی کۆمەڵایەتی دەبینین لایەن و بنکە ئیدارییە لایەندارەکان، لەباتی ئەوەی ژیان و قووتی خەڵک بخەنە دۆخێکی جێگیرەوە، هانیان دەدەن مان بگرن، هانیان دەدەن دژی حکوومەتی هەریم بوەستن، بەڵام قۆڵبڕییە سەرەکییەکە هەر ئەمەیە كە بە بەرچاویانەوە داهات و چێژەكانی سلێمانی دەبەن و هانیان دەدەن دژی شوێنی تر.
دەسەڵاتی خۆجێیی هەموو کێشەکان دەخاتە گەردنی حکوومەتی هەرێم و بەم شێوەیە خۆی نەک تەنیا لە هەموو بەرپرسیارێتییەک دەدزێتەوە، بەڵکوو بە فریودانی خەڵک و ئاراستەکردنی نیگا و ناڕەزایەتییان بۆ شوێنێکی دیکە، خەریکی بازرگانی و کەسابەتی خۆیانن و سامانی گشتی و ڕەنجی خەڵک بۆ خۆی داڵقووت دەکات!
ئەمەیە حیکایەتی مایکفڕێدان و یاریکردن بە ڕا و قووت و ژیانی خەڵک! ئەمەیە قۆڵبڕیی قەبەی ئەم ناوچەیە!
س: wishe.net