هەورامان نیوز
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات كە وەزارەتی نەوتی عێراق ”لەژێر فشاردا“ زیادەڕۆیی لە دژایەتیی گرێبەستەكانی ئەم دواییەی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەكات.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە راگەیاندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ ئاژامسی هەواڵی زاگرۆس ناردووە، ئاماژەی بەوە كرد: پاش گرێبەستە نەوتی و غازیەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی ئەمریكا، تێبینیی ئەوە دەكەین كە وەزارەتی نەوتی عێراق بە شێوەیەكی نائاسایی دژایەتیی ئەو گرێبەستانە دەكات و زیادەڕۆیی لە دژایەتیكردنەكەیاندا هەست پێدەكرێت، لە كاتێكدا ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ كراوە، پێشتر لە هەرێمی كوردستان كاریان كردووە و هەر بە بڕیاری دادگاكانی عێراق، نەك جارێك، بەڵكوو سێ جار بڕیار دراوە لەسەر دروستیی گرێبەستەكانیان.
روونیشی كردەوە: ”ئەم زیادەڕۆییەی وەزارەتی نەوتی عێراق لە دژایەتیكردنی گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا ئەمریكییەكان، گومانی ئەوەی لا دروست كردین كە ئەو وەزارەتە لەژێر فشاری هەندێك لایەنی ناوخۆیی و دەرەكییدا بێت، ئەگینا هەموان دەزانن بەهۆی بڕیارەكانی ئەمریكاوە چیتر عێراق ناتوانێت غاز لە ئێران هاوردە بكات، بەم جۆرەش كێشەیەكی گەورەی كارەبا لەو وڵاتە سەرهەڵدەدات، ئیتر چ وڵاتێك لەم دۆخەدا پێی ناخۆشە لە نێوخۆدا سەرچاوەی وزە زیاد بێت تاوەكوو كێشەی كەمیی كارەبای پێ پڕ بكرێتەوە؟
هەروەك ئەوەشی خستۆتە ڕوو: ”عێراق تاكە وڵاتە لە هەموو دونیادا كە لەبەر خاتری غازی وڵاتێكی تر، غازەكەی خۆی دەسووتێنێت و دژی ئەوەشە هەرێمێكی ئەو وڵاتە غاز بەرهەم بهێنێت! بەڵام خۆشبەختانە گرێبەستەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە لایەن ئەمریكاوە بە فەرمی پشتیوانی دەكرێت، بۆیە ئەم زیادەڕۆییەی وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ سوودێكی نابێت، تەنیا كات و وزەی عێراقی پێ بەفیڕۆ دەدەن.
لە كۆتاییشدا جەختی كردۆتەوە: ”هەرێمی كوردستان لە ئاییندەیەكی نزیكدا و لە ئەنجامی هەوڵەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی وزە لە ناوچەكە، ئەم بوون بە سەرچاوەی وزەیەش، لە كۆتاییدا دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی بەهێزبوونی هەرێمەكەمان، بۆیە زۆر كەس و لایەن لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لە عێراق و ناوچەكەش لە ئێستاوە ترسیان لێ نیشتووە.
س: zagrosn.com