• هەواڵی بەپەلە

نرخی گەشتی عومرە بووەتە دوو هێند و خەڵك نیگەرانن

هەورامان نیوز

نرخی گەشتی عومرە لە مانگی رەمەزان گران بووە و هەر گەشتێكی عومرە بە بەراورد بە پێش مانگی رەمەزان 300 بۆ 500 دۆلاری چووەتە سەر، ئەوەش نیگەرانیی هاووڵاتییانی لێ كەوتووەتەوە، بەو هۆیەوەش وەك رابردوو خواستی لەسەر نەماوە و هۆكارەكەش گرانییە.
لە مانگی رەمەزاندا، موسڵمانان خواستیان لەسەر ئەنجامدانی گەشتی عومرە زۆر دەبێت و زیاتر سەفەری ماڵی خودا دەكەن، بەڵام ئەمساڵ نرخی عومرە بە شێوەیەكی بەرچاو گران بووە و چیتر موسڵمانان، كە چاویان لەوە بووە لەم مانگی رەمەزانەدا گەشتی عومرە ئەنجام بدەن، پەشیمان بوونەتەوە و توانای ئەوەیان نییە ئەو گەشتە ئەنجام بدەن، خاوەن كۆمپانیاكانیش خۆیان باس لەوە دەكەن گرانیی نرخ خواستی كەم كردووەتەوە.
سیروان عەلی خاوەنی نووسینگەیەكی حەج و عومرەیە لە سلێمانی بە “وشە”ی راگەیاند، لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵ نرخی گەشتی عومرە بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە، بە جۆرێك زۆرێك لە خەڵك كە خۆیان ئامادە كردبوو ئەم مانگی رەمەزانە عومرە ئەنجام بدەن، پەشیمان بوونەتەوە و لە توانایاندا نەبووە ئەو پارە زۆرە بدەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكانێك كە كێشەی مایەكیان نییە، گەشتەكە ئەنجام دەدەن و خواستیان بۆی هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، پێش مانگی رەمەزان نرخی گەشتی عومرە بە رێگەی وشكانی بە سێ ژەم خواردنەوە 550 دۆلار بووە، ئێستە نرخی گەشتی وشكانی بۆ 15ی ئەم مانگە 950 دۆلارە بە دوو ژەم خواردن، سەرەڕای ئەوەی رێگاكە دوورە و چەندین رۆژت پێ دەچێت و ماندوو دەبی، خەڵكیش بەڕۆژوون، واتە نرخەكەی زۆر گران بووە و نزیكی دوو هێندە بووەتەوە.
روونی كردەوە، گەشتی ئاسمانیش بۆ عومرە لە گەشتی وشكانی زیاتر گران بووە، تا رۆژەكەی نزیك بێتەوە لە 10 شەوی كۆتایی مانگی رەمەزان نرخەكەی گرانتر دەبێت، گەشتی ئاسمانی پێش مانگی رەمەزان 650 بۆ 700 دۆلار بووە، ئێستە بۆ 7ی ئەم مانگە 950 دۆلارە، دوای 7ی مانگ راستەوخۆ نرخەكەی گران دەبێت و دەبێتە 1450 دۆلار، بۆ رۆژەكانی داهاتووش رەنگە گرانتر بێت لەو نرخەی ئێستە هەیە.
خاوەنی ئەو كۆمپانیایە باسی لەوەش كرد، بە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو خەڵك ئێستە پەنا بۆ ئۆتۆمبێلی خۆیان دەبەن و بە ئۆتۆمبێل دەچنە سعوودیە و ماندووبوونی و خەرجیشی كەمترە، دوو بۆ سێ رۆژ بە ویست و حەزی خۆت تەواوی دەكەیت و دەگەڕێیتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گرانبوونی ئەو نرخە وای كردووە خەڵكێكی زۆر نەتوانن عومرە بكەن، لەكاتێكدا چاویان لەوە بووە ئەم رەمەزانە گەشتی عومرە بكەن، 100 دۆلار كاریگەریی لەسەر خەڵك هەیە، ئێستە نرخەكە 400 دۆلار و 500 دۆلار زیاد بووە و ئەوەش بۆ خەڵك زۆر زۆرە.
لە لایەكی ترەوە ئەوانەی گەشتی عومرە دەكەن نیگەرانن لەوەی كە زۆرجار لە لایەن خاوەن كۆمپانیاكانەوە لە ناو سعوودیە و لە شارەكانی مەدینە و مەككە فەرامۆش دەكرێن و مامەڵەیان باش نییە بەو جۆرەی بۆ كۆكردنەوەی خەڵك بانگەشەی بۆ دەكەن، ئەو كارانەش بە بیانووی قەرەباڵغی و نەبوونی رێگە ئەنجام نادەن.
لای خۆیەوە بڕیار سەلام هاووڵاتییەكە بە “وشە”ی گوت، مانگی یەكی ئەمساڵ بە رێگەی وشكانی عومرەم ئەنجام داوە بە 550 دۆلار بە تەواوی خزمەتگوزارییەكان و سێ ژەم نانخواردن، بەڵام بۆ ئەم مانگی رەمەزانە رێگەی وشكانی بۆ نزیكەی هەزار دۆلار گران بووە، رێگەی ئاسمانیش بە بەراورد بە پێش رەمەزان هێندە گران بووە كەسانێك لە توانایاندا نییە ئەنجامی بدەن.
ئاری عەباس، هاووڵاتییەكی ترە بۆ “وشە” ئاماژە دەكات، لە پێش رەمەزانەوە وا دامان نابوو گەشتی عومرە بخەینە مانگی رەمەزان و ئەوكات بچین بۆ عومرە، بەڵام لەگەڵ هاتنی رەمەزان هەموو شتەكان پێچەوانە بوونەوە و نرخەكەی زۆر گران بووە و بەراورد بە پێش مانگی رەمەزان چەن سەد دۆلارێگ گران بووە، بەهۆی هەرزانییەوە بڕیار بوو بە رێگەی وشكانی بچین، كە 500 دۆلار بوو، كە ئێستە ترخەكەی لە هەزار دۆلار نزیك بووەتەوە.
وشە/ هۆشیار عەلی

س: wishe.net

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here

بەناوبانگترین